مریەم بە وەرزش بەسەر فشاری کۆمەڵایەتی زاڵ دەبێت

مریەم ئیسماعیل، وەرزشکار کە بەرەنگاری فشاری کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، خۆی ئامادە دەکات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بەرزکردنەوەی کێش کە بە وەرزشی پیاوان ناسراوە.

 

یوسرا ئەحمەد

ڕەقە-هەرچەندە بەرزکردنەوەی کێش بە وەرزشی پیاوان ناسراوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان دەستکەوتی بەرچاویان لە بواری کێش بەرزکردنەوەدا بەدەستهێناوە، بەرزکردنەوەی کێش، کە لە ساڵی ١٨٩٦ەوە وەک وەرزشێکی ئۆڵۆمپی ناسراوە.

مریەم ئیسماعیل، بە وەرزش ئەو ڕۆڵە ڕەت دەکاتەوە کە کۆمەڵگە پێی بەخشیوە، ڕاکردن و بەرزکردنەوەی کێش دەکات، ڕوونی کردەوە کە بۆچی کێشی بەرزکردنەوەی هەڵبژاردووە.

مریەم ئیسماعیل، تەمەن ٢٥ ساڵ، کە لە شاری ڕەقەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەژی، وتی: تەمەنم حەوت ساڵان بوو کاتێک لەگەڵ برا گەورەکانم دەستم کرد بە چوون بۆ هۆڵی وەرزش بۆ خۆشی و کات بەسەربردن، بەڵام دواتر بوو بە حەزێک بۆ من، وەرزش وزەی ئەرێنیم دەداتێ و دەمەوێت ببمە مۆدێلێک بۆ ژنان.

 

فشاری زۆر لە لایەن کۆمەڵگەوە هەیە

ئاماژەی بەوەشکرد، لەژێر فشارێکی زۆردایە لەلایەن کۆمەڵگەوە، بەڵام ئەم فشارانە زیاتر هاندەری ئەون و وتی: "من زیاتر کارم کردووە بۆ ئەوەی بەهرەکانم ئاشکرا بکەم و بەسەر فشارەکانی کۆمەڵگەدا زاڵ ببم.

 

بە وەرزش ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنێت

مریەم ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد، خەونی ئەوەی هەبووە ببێتە کێش بەرزکەرەوەیەکی بەهێز و سەرکەوتوو و وتی: کاتێک داعش ڕەقەی داگیرکرد، ئاستەنگی زۆرم بینی، چەندین قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر خەڵکدا سەپێندرا هەروەها ناچاربووم لە وەرزش دووربکەومەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧، کاتێک ڕەقە ئازادکرا، هەرچەندە هاوسەرگیریم کردبوو و منداڵم هەبوو گەڕامەوە بۆ وەرزش، وەرزش دەمپارێزێت و لەش بەهێز دەکات و یارمەتیت دەدات هاوسەنگی باشتر بکەیت، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی ئازاری پشت و بەهێزکردنی ئێسکەکان، وەرزش گرنگە بۆ بەرگریکردن لە خۆ بۆیە پێویستە ژنان وەرزش بکەن.