منداڵانی جیهان لە چاوی ڕەیانەوە

دۆخی دروستی جیهانی منداڵان، بە پێی وڵات جیاوازی هەیە و لە ئێستادا زیاتر لە ٢.٢ بلیۆن منداڵ لەسەر زەوی هەیە نزیکەی دوو بلیۆن لەمانە لە وڵاتێکی گەشەسەندوودا دەژین، بەڵام لە گەیشتن بە مافەکانیان وەک یەکدی نین.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- بە پشتبەستن بەو وڵاتەی کە تێیدا نیشتەجێن، منداڵێک وەک هاوتەمەنەکانی خۆی لە هەمان ماف و هەلومەرجی ژیان چێژ وەرناگرێت، زۆرێک لە وڵاتان ڕووبەڕووی جیاوازییەکی گەورە دەبنەوە و هۆکارەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئیتنیکی یان ئایینی دەتوانێت کاریگەری جیاوازی لەسەر هەر منداڵێک هەبێت، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنەی لەم چەند ساڵەی دواییدا هاتووەتە کایەوە، بەڵام هێشتا ئەو بارودۆخەی کە منداڵانی جیهان ڕووبەڕوویان بووەتەوە بنچینەییترین مافی کەمینەکان لە زۆربەی بەشەکانی جیهاندا پێشێلدەکرێت و تەنانەت لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووە ئابوورییەکانیشدا هەموو منداڵەکان لە هەمان ماف کەڵک وەرناگرن.

 

هەژاری بە هۆکاری سەرەکی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ دادەنرێت چونکە نەبوونی پارە رێگری لە گەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەکات، چاودێری تەندروستی، ئاو، خواردن و پەروەردە  لەو وڵاتانەی کە کەمترین زیانیان بە هەژارییەوە هەیە، منداڵان بە شێوەیەکی گشتی دەرفەتیان هەیە چێژ لەو مافانە وەربگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆرێکیان قوربانی توندوتیژی و دەستدرێژی و جیاکارین.

 

نوێترین ڕوداو کە منداڵێک گیانی لەدەستداو دەکرێت تەواوی جیهان لەوەوە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی بەردەم منداڵان بەهۆش بێنەوە، ڕەیانی تەمەن ٥ ساڵ بوو لە مەغریب کەوتە ناو بیرێکی ئاوەوە و دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار ڕۆژ، کاتێک ڕزگار کرا گیانی لەدەستدابوو.

بۆ گیان لەدەستدانی ڕەیان کەسانیکی زۆر نیگەران بوون و باسیان لە مەترسییەکانی سەر منداڵان کرد کە دەکرێت لەو ڕوداوەوە کار بکرێت بۆ باشترکردنی ژیانی منداڵانی جیهان بە تایبەت لەو وڵاتانەی مەترسی جەنگ و قەیرانی ئابوری و مرۆیی تێدایە.

 

پێش گیان ڕوداوەکەی ڕەیان، لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ بەهۆی بۆردوومانی تورکیا لە گوندی قەرەما‌خی کۆبانێ عەبدۆی چوار ساڵ قاچێکی لەدەستدا، دوای ئەو ڕووداوە ئیدی عەبدۆ کاریگەری بۆردومان و لەدەستدانی قاچی لەگەڵ گەورەبوونیدا کاریگەری لەسەر دادەنێن، ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ڕۆژانە منداڵان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن.

 

منداڵان لە جەنگی سوریادا

تۆڕی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكان و دواتریش هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، ٢٩ هەزار و ٦٦١ منداڵ لە سوریا كوژراون، لەو ژمارەیەش ٢٢ هەزار و ٩٣٠ منداڵیان لەلایەن هێزەكانی حكومەتی سوریا، دوو هەزار و ٣٢ منداڵیان لەلایەن هێزەكانی روسیا، ٩٥٨ منداڵیان لەلایەن داعش و ٧١ منداڵەكەی دیكەش لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە كوژراون، هێزەكانی حكومەتی سوریا بەرپرس بوون لە ٧٨٪ی كوشتنی ئەو منداڵانە.


هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە ساڵی٢٠١١ەوە ١٨١ منداڵ بەهۆی ئەشكەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە و ١٧٤یان لە زیندانەكانی حكومەتی سوریادا بوون، هەروەها چارەنووسی پێنج هەزار و ٣٦ منداڵ دیار نییە.

 

هاوکات هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەکدارە جیهادیەکان بەرامبەر ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا وایکردووە کە ٩٠ هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش بن، هەروەها لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، لانیکەم ١١ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 

منداڵان لە عێراق

بەپێی دوایین رووپێوى ڕێکخراوى یونسێف، ٧.٣٪ی هەموو منداڵانى ئەو خێزانانەى لەناو عێراقدا ئاوارە بوون، ٤ تا ١٢ کاتژمێر کار دەکەن و ئەوانەش تەمەنیان لەنێوان ٥ بۆ ١٧ ساڵیدایە، ئەمەش چەندین رووداوى نەخوازراوى لێ کەوتووەتەوە.

 

راپۆرتێکی "نەهاری عەرەبی" ئاشکرای دەکات، بەهۆی مافیاکانەوە کە بازرگانیی بە مرۆڤەوە دەکەن و منداڵان بۆ سواڵکردن بەکاردێنن، ٥٠٠ هەزار منداڵ لە عێراق تووشی راوەدوونان و خستنە سەر شەقامەکان هاتوون و لە هەموو مافێکی منداڵان بێبەش کراون، کە سادەترینیان ژیانە لەناو ماڵ و حاڵی خۆیان و چوونە قوتابخانە و تەندروستی و پەروەردەیەکی باشە.

 

لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ئابی ٢٠٢١، ٣٥ منداڵ بەهۆی تەقینەوەی مین و پاشماوەی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و ٤١ منداڵیش برینداربوون، لە کاتێکدا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ رووی لە هەڵکشان کردووە بە جۆرێک لەو ساڵەدا تەنیا کوژرانی شەش منداڵ و برینداربوونی ١٢ی دیکە بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە.

 

لە دوای دروستبوونی داعش لە ٢٠١٥ تا ٢٠١٩، دوو هەزار و ١١٤ منداڵ رووبەرووی هێرش و پێشێلكاری بوونەتەوە، لەوانەش كوشتن و لێدان و شێواندنی روخسار و دەستدرێژی سێكسی.

 

منداڵان لە ئێران

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی ئێران لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢١، ٧٩١ منداڵ لە دایكانێك لە دایكبوون، كە تەمەنیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٤ ساڵاندایە، لە هەمان ماوەدا ٣٦ هەزار و  ٥٦٢ منداڵ لە دایكانێك لە دایكبوون كە تەمەنیان لەنێوان ١٥ تا ١٩ ساڵاندایە.


هاوسەرگیری منداڵان و گەنجان لە ئێران رێگەپێدراوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵی ٢٠٢٠ بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩، هاوسەرگیری منداڵان بە رێژەی ١٠٪ زیادیکردووە.

 

لەبارەی کارکردنی منداڵانەوە ئەنجوومەنی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران رایگەیاند، ژمارەی منداڵانی کارکەر گەیشتووەتە ٧ ملیۆن و لە ساڵی ٢٠٢١ ئەمساڵ  ٩٧٠ هەزار خوێندکارنەچوونەتەوە خوێندنگە.

 

منداڵان لە تورکیا

بەهۆی خراپبوونی دۆخی ئابووری و سەختی ژیانی دانیشتوانی تورکیا، منداڵان ڕوویان کردووەتە کارکردن، بەشێکی زۆریان بەهۆی کەمی تەمەنیانەوە کارکردن بۆیان سەختە، ئەمەش گەیشتووەتە ئەو ئاستەی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر ببێتەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی تورکیا، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ وەک کرێکار کار دەکەن، ٢٣ هەزار منداڵ لەو وڵاتە ئەو کارە دەکەن کە بۆ تەمەنیان ناگونجێت، ٧٩.٧٪ی ئەو منداڵانەی کرێکارن تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٧ ساڵیدایە، ١٥.٩٪ی دیکەیان تەمەنیان لە نێوان ١٢ تا ١٤ ساڵیدایە، هەروەها  ٤.٤٪ی منداڵەکان کە کرێکاری دەکەن تەمەنیان لە نێوان ٥ بۆ ١١ ساڵیدایە.

 

منداڵان خۆراکی تەندروستیان بەدەست ناگات

١٦ ملیۆن منداڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریكراوی لە هەریەك لە وڵاتانی سوریا، یەمەن، لیبیا و سودان بەهۆی ناکۆکییەکان و جەنگەوە خۆراکی تەندروستیان بەدەست ناگات و لە سودان بە هۆی خراپی خۆراكەوە نیوەی منداڵان پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی ٥ ساڵی گیان لەدەستدەدەن.

 

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢١دا بەهۆی بەردەوامی جەنگ و كاولكارییەكانی جیهان زیاتر لە ١٠ ملیۆن منداڵ مەترسی بەدخۆراك بوون و مردنیان لەسەرە، یەمەن و باشوری سودان و كۆنگۆی دیموكرات و باكوری نایجیریا، لە پێشینەی ئەو وڵاتانانەن كە منداڵان قوربانی سەرەكی جەنگ و كاولكارییەكانن و بەدەست برسێتی و هەژارییەوە دەناڵێنن.

لایەنی دەرونی و خۆکوشتنی منداڵان

یونیسێف ئاشکرایدەکات کە بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لایەنی دەروونی منداڵان بەرەو خراپی چووە و لەگەڵ ئەوەشدا پشتگوێ خراوە داتاکان ئەوە پیشان دەدەن کە زیاتر ١٣٪ی هگەنجی تەمەن  ١٠ بۆ ١٩ساڵ بە نەخۆشی دەروونیی دەستنیشانکراو دەژین، ئەمەش ٨٩ ملیۆن کوڕی گەنج و ٧٧ ملیۆن ژنی گەنج دەردەخات.

 

ساڵانە نزیکەی ٤٦ هەزار منداڵ و گەنج لەنێوان ١٠ بۆ ١٩ ساڵیدا کۆتایی بەژیانی خۆیان دەهێنن.

 

لە جیهاندا ١٠٪ی منداڵان لە کوتان بێبەشن

رێكخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف رایدەگەیێنن دەبێت کوتان لە وڵاتە هەژارنشینەکانیش پەیڕەو بکرێت و هەموو ئەو منداڵانەی کە لە کوتان بێبەشن بخرێنە نێو پرۆگرامی کوتان.

ئاماژەیان بەوەکردووە کە ٪١٠ی منداڵان لە جیهاندا کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن منداڵ دەکات تاوەکو ئێستا کوتانیان بۆ نەکراوە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر دەی منداڵانی جیهان کە کوتانە پێویستەکانی وەکو سوورێژە، کۆکەڕەشە و گوزازیان بۆ نەکراوە.

 

ت.پ