"مەلە هەورامی" ژنە پێشمەرگەکەی هەورامان

ژنانی کورد لە کۆنەوە تا ئێستا، لە بوارە جیاجیاکاندا ڕۆڵیان هەبووە، پێشمەرگایەتیش یەکێک بووە لەو تێکۆشانانەی ژنان چاونەترسانە دەستیان پێکردووە، مەلە هەورامیش یەکێکە لەو ژنانەی لە هەوراماندا پێشمەرگە بووە و تا ڕاپەڕین بەردەوام بووە.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- هەمیشە سەرپۆشێکی سپی لەسەر کردووە و چمکەکانی سەرپۆشەکەی لە گەردنی ئاڵاندووە، پەلکەکانی بەناو سەرپۆشەکەی دزەیان کردووە و لە شانەکانییەوە دێنەوە سەر سنگی، وەک خۆی دەڵێت هەمیشە پرچی بە پەلکە بووە، گەرچی لە ئێستادا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە لێی ڕازی نییە بەڵام بە یادی گەنجی بزە دەیگرێت و دەڵێت: پەلکاکانم لەگەڵ قاچم شەڕیانبووە.

 

ئەو ژنە مەلیعە مستەفا مەعروف ناسراو بە مەلە هەورامیە ژنێکی ناسراوی شارۆچکەی سەیدسادقە، کاتێک ناوی مەلە هەورامی دەهێنرێت کەم کەس هەیە نەیناسێت، بە تایبەت جوتیارانی سنورەکە، وەک مەلیعە خۆی دەڵێت بۆ بژێوی خۆی و منداڵەکانی ساڵانێکی دوور و درێژە کشتوکاڵی کردووە و ڕەنجی زۆری کێشاوە، بۆ ژنها باس لە بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەکات.

 

مەلە هەورامی تەمەنی ٨٩ ساڵە. لە ناحیەی تەوێڵە لە ناوچەی هەورامان لە دایک بووە، خاوەنی کچێک و دوو کوڕە، و لە تەمەنی گەنجیدا دێتە سەیدسادق بەڵام ئێستاش دڵی لای تەوێڵەیە و دەڵێت "خۆشترین کاتەکانم ئەو کاتانەبوون لە تەوێڵە ژیاوم".

 

مەلیعە لە خێزانێکی وڵاتپارێزدا لەدایکبووە و لەتەمەنێکی بچوکەوە بووە بە پێشمەرگە، تا ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەردەوام بووە و لە هەوراماندا بە ژنە پێشمەرگە ناسراوە، هەروەها لە سیستەمی حکومڕانی ئێستای هەرێمی کوردستان ناڕازییە و دەڵێت ئەوسا ژیانمان خۆشتربوو.

 

لە ئێستادا مەلیعە مستەفا گرفتی تەندروستی هەیە، زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوە یان بۆ گۆڕینی هەوایەک لە بەر دەرگای ماڵەکەی بەسەر دەبات.

 

ت.پ