مهاباد نەجم؛ سەرەڕای خەباتی شاخ لە شاردا پەروەردە دەدات
مهاباد نەجم، پێشمەرگە و مامۆستا لەگەڵ باسکردنی ژیانی خەباتی شارو شاخدا دەڵێت: لە ئێستاشدا ژنانی کورد جیاوازتر چەک دەکەنە شان و بۆ پشتیوانی لە پارچەکانی کوردستانەوە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە سیمبولی پێکەوەیی.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی _ ،مهاباد نەجم حەمە حەسەن مەعروف، لە ساڵی ١٩٦٢ لە شاری کەرکوک لە دایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی شەهید دەبێت، پاشان ژیانی لە لای خاڵەکانی بەسەر دەبات، لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی هەوڵ بۆ خوێندن لە بەشی مامۆستایی لە شاری هەولێر دەکات، بەڵام خزمەتی ڕژێمی بەعسی نەکردبوو، بۆیە لەوێ وەرنەدەگیرا، لە ساڵی ١٩٨٠ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت، لەگەڵ کردنەوەی چاوەکانی لە خێزانێکی وڵاتپارێزدا ژیانی کردووە، بۆیە کەسێکی کوردپەروەر وەک هاوژین هەڵدەبژێرێت، وەک خێزانێک دەبینن گەلی کورد لەژێر چەوسانەوەی ڕژێمی بەعسیدایە، بۆیە پێکەوە بەشداری خەباتی شاخ دەکەن، سەرەڕای ئەوەی بەچەندین ناڕەحەتی و ئاستەنگیدا تێدەپەڕن، زیاتر لە ١١ مانگ ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبن، پاش گەڕانەوەیان هاوژینی مامۆستا مهاباد ٥ مانگ بێسەروشوێندەبێت و لە عێراق زیندانی دەکرێت، لە ئێستادا خاوەنی چوار منداڵە، لەگەڵ ڕووخانی ڕژیمی بەعسدا وەک فەرمانبەر لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٥دا لە بەشی چاککردنەوەی ئاوو کارەبا دامەزراو دەست بە کار بوو، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە قوتابخانەی ئەردەڵان دەبێتە بەرپرسی بەشی پەڕتوکخان و چەندین خوێندنگەی دیکە دەکات، لە کۆتاییدالە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ خانەنشین دەکرێت، چوار منداڵ لەژێر سەقفی کوردپەروەریدا گەورە دەکات، لەمساڵدا بەشداری چەندین چالاکی کردووە.
بۆ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و بڕینی کەزی شەهیدان کە لەژێر بەفروباران خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکەن:-
شەڕڤانۆ بەفر لە ڕۆحی تۆ دەچێت، بۆیە خۆشم دەوێت
شاهیدی بەرخۆدانی تۆیە بۆیە لەهیچ کوێ ناکەوێت، لەسەر پرچەکانی تۆ نەبێت
ئەو پرچەی تۆ تاجی شەرەفمەندییە وەک داڕبەروەکانی کوردستان پەیمانیان لەگەڵ خاک و نیستیمان بەستووە
تا دەبنە ئەو دارسنەوبەرانەی هەرچواروەرزە سەوزە، وەک چاوەکانی دەنیز.
" لەبەر خەباتی پێشمەرگایەتی، ژیانمان بەردەوام لە ئاوارەیدا بووە"
مهاباد نەجم، ئاماژەی بەوەکرد لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کوردیک لە شاری کەرکوک بژی، ڕووبەڕووی هێرش و توندوتیژییە دەروونی و جەستەییەکان دەبێتەوە، لەپاڵ کوردبونیشدا منداڵی شەهیدێک بیت، کە لەپێناو خاک و نیشتیماندا شەهید بوبێت، دوو ئەوەندە ژیانی قورستر دەبێت، وتی: لە ڕژێمی بەعسدا ماڵێک پێشمەرگەی هەبوایە یان شەهیدی هەبوایە ڕووبەڕووی چەندین لێپێچینەوە و ئەشکەنجە و چاودێری دەبوووە، ئێمەش ماڵێکی کوردپەروەر بووین، خاڵەکانم و باوکم پێشمەرگایەتیان کردووە، پاشان باوکم شەهید دەبێت، خاڵەکانم لە شار لە ڕێکخستنی ناوشاردا ڕۆڵی کارایان دەبێت، بەردەوام هاوکاری ماڵە پێشمەرگەیان دەکرد، سەرەڕای توندوتیژی و ئەشکەنجەکان لە کاتی پڕۆسەی خوێندندا کێشەیان بۆ دروست دەکردین، چەندین جار ڕووبەڕووی گۆرینی زمانی دایکمان دەبووینەوە تا بتوانین لە شارەکەدا خوێندن تەواو بکەین، بۆ ماوەی ساڵێک لە شاری هەولێر ژیام، لە پۆلی هەشتی ئامادەیی لە خوێندنگەی سەڵاحەدیندا ماوەی ساڵێک خوێندکار بووم، گەلی کورد لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە بەردەوام سەرکۆنە دەکرا، ڕۆژێک لەگەڵ هاتنەوەی شەهید شەهابدا گەل لە خوێندنگەکانەوە ڕژانە سەر شەقام، منیش بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەش بەشداریم کرد، پاشان هۆنراوەیەکی هێمنم وت، " گەرچی توشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن"، لەگەڵ دووبارەکردنەوەی هۆنراوەکەدا چەکدارەکانی بەعس ئاگاداریان کردمەوە ئەگەر دووبارەی بکەمەوە زەرەردەکەم، بۆیە ڕێگەیان لە کوردبونمان دەگرت، سەرکۆنەیان دەکردین، پاشان لە خوێندنگەی یانزەی ئازاردا بووین، لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەکراین بە ئتیحاد پاشان لە لایەن حزبەکانەوە دەکراین بە بەعسی، بەڵام ئێمە ڕووبەڕوویان دەبووینەوە، من و خاڵۆزاکانم بەردەوام لە خوێندن دادەبڕاین بە هۆکاری ئەوەی نەدەبوویەنە ئیتیحاد، بۆیە ژیانی خوێندنمان بەردەوام ڕووبەڕووی دابڕان و دوورکەوتنەوە لە خوێندن بەسەردەبرد.
"بە نهێنی خەباتمان دەکرد"
ئاماژەی بەوەشکرد، ٤٦ ساڵ بەر لە ئێستا، لەسەر ئینتیمای نیشتیمانی ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت، خێزان و منداڵ لەسەر بنەمای خۆشویستنی نەتەوەی دروست دەکات، وتی:لە ساڵی ١٩٨٠دا ژیانی هاوبەشیم پێکهێنا، ژیانێک لەسەر ئینتیمای نیشتیمانی دروستکرا، لەگەڵ ئەوەی هاوژینەکەم مامۆستابوو، بەڵام لە ناو ڕێکخراوەکاندا کارو خەباتی نیشتیمانی ئەنجامدەدا، لەگەڵ بوون بە مامۆستا بۆ جافەران بەڕێکەوت تا وەک مامۆستایەک وانە لەوێدا بڵێتەوە، لە ڕێکخراوی شاردا بە نهێنی خەباتمان دەکرد، لەگەڵ هاوژینەکەمدا نووسراوی نهێنیمان دەگەیاندە ڕێکخراوەکە، نووسراوەکانم لە لای خۆم و منداڵەکەم دەپاراست، تا ڕژێمی سەدام کەشفمان نەکات، لە خەباتی شارەوە بەرەو خەباتی شاخ هەنگاومان دەنا، هاوژینەکەم بەشداری خەباتی شاخی کرد، سەرەتا خۆم و دوو منداڵم تا گوندی کانیگۆران هاوژینەکەم بەڕێکرد، پاش ماوەیەک لێر مانەوە لە بارودۆخە سەختەکاندا دەژیاین، منداڵەکانمان بەردەوام داوای باوکیان دەکرد، کاتێک لێیان دەپرسیم لە کوێیە؟، دەمووت لە ماڵی باوەگەورەتانە، بەڵام دەچوون و دەگەڕانەوە دەگریان، پاش چەندین مانگ ناردی بەشوێنماناو کەمێک لە پێداویستی ناوماڵمان بردو بەرەو گوندی مێوڵاکە بەڕێکەوتین، لە گوندی مێوڵاکە لەگەڵ خێزانەکەمدا درێژەمان بە خەباتی پێشمەرگایەتیدا، لە پێناوی ئازادی خاکدا خەباتی پێشمەرگایەتی دەکرا، من سەرەتا وەک مامۆستاییەک چوومە گوندی ئاوەژێ، بەڵام بەهۆی بۆردوومانی سەختی ناوچەکەوە نەمتوانی ئەرکی مامۆستایی جێبەجێ بکەم، لەگەڵ پێشمەرگەکاندا ڕۆشتین و ئەو گوندەمان بەجێهێشت، ژیانی گوند بۆمن سەختبوو، بەڵام هەستێکی خۆشم هەبوو کاتێک هاوژینەکەم پێشمەرگەبوو، منیش لەگەڵیدا هاوکاریم دەکردن و ماڵی خۆمانم کردبووە لانکەیەک بۆ پێژمەرگەکانی دیکە، لە گوندی مێوڵاکە چوینە گوندی هەڵەدن، پاشان گەڕەدێ و دواتر گوندی قزلەر، لەوێ لەگەڵ پێشمەرگەکاندا بەردەوام لە خەباتی چەکداری دابووین، من و منداڵەکانم لەگەڵ هاوژینەکەم دەماینەوە، خەباتی چەکداریم نەدەکرد، بەڵام بەردەوام لەگەڵیاندا هاوکاری پێداویستییە سەرەتاییەکانیانبووم، لە گوندی قزلەردا بەردەوام ڕژێمی بەعسی تۆپارانی دەکردین، ئیمە جیهازێکی سەرکردایەتیمان پێبوو بۆیە ئیخخباریان کردین و بەردەوام بەدوامانەوەبوون، لەوێ من و منداڵەکانم لە کونەتەیارەیەکدا ژیانمان دەکرد تا بەر تۆپبارانی داگیرکەر نەکەوین، منداڵەکانم لە ناو کونەتەیارەکەدا دەترسان زۆر سەرمایان دەبوو، تا ڕۆژێک لەبەرئەوەی منداڵەکان دەترسان هاتینە دەرەوە کەمێک دوورکەوتینەوە لە کونەتەیارەکە و پاشان داڕمایە ناوەوە ئەو شوێنەی خۆمان لە تەیارەکانی ڕژێمی بەعس تێیدا دەشاردەوە، لە شەوەوە لە ناویدا خەتبووین نەڕوخا بەڵام هاتینەدەرەوە یەکسەر ڕوخا، پاشان خانوویەکمان بە نایلۆن و پوش و گوێنی دروستکرد، شەوان ئاژەڵە کێوییەکان دەهاتن بۆمان و گڵەکەیان لادەبردەوە تا بێنە ژوورەوە بۆمان، منداڵەکانم نەخۆش دەکەوتن، بەفروبارانێکی زۆر هەبوو، پاشان چوینە گەرمیان و ئەنفال دەستیپێکرد، گەڕاینەوە مێرگەپان، لەوێدا ژوورێکمان دروستکرد، پاشان لە سەرکردایەتییەوە نامەیەکمان بۆهات، لە مێرگەپان چوار ماڵبوین، بە ئەمری سەرکردایەتی ئەوێمان چۆڵکرد، بە ناچاری ئەوێمان چۆڵکرد.
" منداڵەکانی لەسەر ڕێچکەی کوردپەروەری پەروەردە کردو لە ئێستادا بەدژی زوڵم و ستەمی داگیرکەردا دەچنەوە"
لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتی ڕۆشتنیان و بەجێهێشتنی مێرگەپان بە ئەمری سەرکردایەتی، بەشاخدا دەڕۆیشتن، شایەتحاڵی مردن و ڕەقبوونەوەی چەندین هاوڵاتی مەدەنی بوون وتیشی: کاتیک بەڕێکەوتین بەناچاری، منداڵەکان دەترسان بکەونە دۆڵەکانەوە، چونکە ئێمە بەشاخدا سەردەکەوتین دۆڵێکمان لە تەنیشتەوەبوو خەڵک بەردەبۆیەوە و دەکەوتە ناوی و ڕەقدەبۆیەوە یان دەمردن دەستبەجێ، لەگەڵ بەڕێکەوتنماندا من توشی نەخۆشی ژنانە بووم، چەند دەڕۆیشتم دوو ئەوەندە دەخلیسکامە دواوە، داوام لە هاوژینەکەم کرد من بەجێبهێڵێت و منداڵەکان ڕزگار بکات، بەڵام منیان بەجێ نەدەهێشت، پاش ناڕەحەتییەکی زۆر و بڕینی ڕێگایەکی دوور گەیشتینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەوێ باوکیان لە ئێمە دابڕا، دوای ماوەیەک یەکمانگرتەوە، دواتر ماڵێکی بچوکمان گرت و تیای ژیاین، کاتێک لە ڕێگەی ئاوارەیدابووین من نەخۆشکەوتم بکە گەیشتمە ئێران بەردەوام لە بەڕێگەی شاری تەبرێزەوەبووم بۆلای دکتۆر دەهاتم، پاشان نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدام، ژیانێکی سەختمان هەبوو، لەوێ هیچ داهاتیکمان نەبوو، پاش ١١ مانگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەمری شۆڕش گەڕاینەوە باشووری کوردستان، پاش گەڕانەوەمان هاوژینەکەم پێنج مانگ زیندانی کرا لە ئەمنی عامەی عێراق، نەماندەزانی لە کوێیە، سزای سێدارەی لەسەربوو، بەڵام بەر لێبووردنی گشتی کەوت، پاشان بە تەفسیرات هێنایانەوە بۆ شاری هەولێر.
مهاباد نەجم ئەوەشیخستەڕوو کە سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ژیانیان، منداڵەکانی لەگەڵ جەنگ و ڕاکردن و ئاوارەیدا بەردەوام لەسەر ڕێچکەی کوردپەروەری پەروەردە کردووە، لە ئێستادا هەریەک لە منداڵەکانی تێکۆشان و خەبات لە شاری سلێمانی و دەوروبەریدا دەکەن، بەردەوام کار لە پاراستنی خاک و ژینگەی کوردستاندا دەکەن، وتیشی: منداڵەکانم بەردەوام لە ناو جەنگدا ژیاون، لە ئێمەوە فێری ئینتیمای نیشتیمانی بوون، بەردەوام لە خۆبەخشی خەباتی ئێمەوە دەیانڕوانی و وەک تێشویەک تا ئێستا خەباتیان کردووە، گرنگی تەواویان بە ئینتیما نیشتیمانییەکان داوە، گرنگی بە خاک و ژینگەی وڵاتەکەیان دەدەن، بەگژ داگیرکەرییەکاندا دەچنەو.
" ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بونەتە سیمبولی پێکەوەیی و بەرخۆدان بۆ تەواوی ژنانی جیهان"
مهاباد نەجم وتی: پێویستمان بە خوێندنگەیەکی فکری هاوشێوەی ژنانی رۆژئاوای کوردستان هەیە، ژنان سەرەڕای ئەرکی دایکایەتی و پەروەردەیەکی کولتووری منداڵان پشتیوانی شۆڕشگێڕێتی دەکەن، لەوە جوانتر دەبێت ئەگەر فکرێکی سیاسی و خەباتی چەکداری هەبێت، تا بتوانن بەرگری لە خۆیان و خاکیان بکەن، سەرەڕای ئەوەی ژنان لە ڕێگەی گوندەکانەوە و هاوکاری پێداویستی سەرەتای پێشمەرگەیان داوە، بەڵام پێویستە چەک لە شان بکەن و لە بارودۆخی جەنگدا هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان بکەن، پێویستە ئەو خوێندنگە فکریەی لە ڕۆژئاوادا هەیە، لە باشووری کوردستانیشدا هەبێت، کە لایەنی سیاسیی ئیسلامی دەستوەردانی نەکات تا بتوانن نەوەی داهاتوو پەروەردەی خوێندنگیەکی فکری و پێکەوەیی هەبێت، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاسانکاری بۆ ئەو پەروەردە فکرییە دەکرێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: پەروەردەی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر نەوەی داهاتووی هەر تاکێکی کورد کردووە، پێویستە خانەوادەکان ڕێگری نەکەن و منداڵەکانیان لەسەر بیرو ڕێچکەی بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان پەروەردە بکەن، ژنان لە تەواوی پارچەکان بەبێ ترس لە دوژمانن بەرخۆدان دەکەن، بەگژ داگیرکاریدا دەچنەوە، وەک بینیمان لە خۆپشاندانەکانی باشووری کوردستاندا ژنان ڕۆڵی کارایان لە پشتیوانییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی " ڕژێمی ئیسلامی داگیرکەری هەژاند و شەهیدیان دا، لە باکووری کوردستاندا ژنانی بەرخۆدێر بەگژ دەسەڵاتی ئەتاتورکدا دەچنەوە، ،لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ژنان بونەتە سیمبولی بەرخۆدانی و پێکەوەیی بۆ تەواوی کورد لە جیهاندا.