ماڵی ژنان، پەناگەیەکی ئارام بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا
ماڵی ژنان لە ڕێگەی گفتوگۆو کۆبوونەوە و پەروەردە بە گوێرەی یاساکان بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان و پاراستنی مافەکانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و نادادپەروەریی بەرامبەریان، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات.
ئەسما محەمەد
قامیشلۆ- ماڵی ژنان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، بەو پێیەی بەردەوام کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و پاڵپشتیکردنیان و ڕێکخستنیان بەپێی ڕێبازی یەکسانی و ژیانی هاوبەش بۆ ئەوەی مافی بڕیاردانیان هەبێت و بۆجوونی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەرببڕن.
بۆ زانینی ئەو کارانەی کە ماڵی ژنان لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرە لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدەن، نەجلە ئەیوب، کارگێڕی ماڵی ژنان، وتی: لە ساڵی ٢٠٢٤ چەند حاڵەتێکی جیاوازمان پێگەیشت سەبارەت بە ئەو کێشانەی کە ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن لە ناوچەکەدا، زۆربەیان چارەسەر کران، لەکاتێکدا هەندێکیان گواسترانەوە بۆ ئیدارەی گشتی ئەنجومەن بۆ دۆزینەوەی گونجاوترین چارەسەر، لەکاتێکدا هەندێک حاڵەت ڕەوانەی ناوەندی سکاڵا یان لیژنەی ئاشتەوایی گشتی دەکرێن.
"ماڵی ژنان هەموو ژنان لە باوەش دەگرێت"
نەجلا ئەیوب ڕوونیشیکردەوە کە ماڵی ژنان هەموو ژنان لە باوەش دەگرێت و کار بۆ ڕێکخستنیان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان دەکات بەپێی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئازاد وتی: ئاواتەخوازین پەناگەیەکی پارێزراو بین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بە ئیرادە و ئازادی خۆیان ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی پیاوان دەبنەوە، هەوڵدەدەین دادپەروەری لە نێوان ڕەگەزەکاندا بەدەست بهێنین، ماڵی ژنان کار لەسەر گەرەنتیکردنی مافەکانی ژنان و پیاوان دەکات.
داوای لە هەموو ژنان کرد لە بەرامبەر ماف و ئازادی خۆیان بێدەنگ نەبن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاواری ژنان کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە، تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد.
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی ئامادەبوونی ژنان لە هەموو بوارە سیاسی و ئابووری و مەدەنییەکان بە پێی یاسای ژنان کردەوە.
" کۆمەڵگە دەبێت بزانێت کە ژنان ڕێکخراوێکیان هەیە"
لەیلا کەڵاش، ئەندامی ماڵی ژنان باسی لەو تاوانە کرد کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لەسەر دەستی یەکێک لە خزمەکانی کە لە گەڕەکی قەدوربەک لە شاری قامیشلۆ کوشتوویەتی، ئاماژەی بەوەشکردووە، بە بوێریەوە ڕووبەڕووی تۆمەتبار بووینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا بەهۆی ئەنجامدانی تاوانە ترسناکەکە، کۆمەڵگە دەبێت بزانێت کە ژنان ڕێکخراوێکیان هەیە کە پشتگیریان دەکات، یەکێک لەو ڕێکخراوانەش ماڵی ژنانە کە کاردەکات بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و یەکسانی لە کۆمەڵگە.
ئەو توندوتیژیانەی ڕەتکردەوە کە لە هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژ بە ژنان دەکرێت و ئاماژەی بە گرنگی سزادانی تاوانبارانی تاوانەکانی دژی ژنان کرد و وتی: پراکتیزەکردنی سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژی ژنان قبوڵ ناکەین و دژی ئەمانە دەوەستینەوە، بە زیادکردنی خێرایی خەباتمان دژی عەقڵیەتی پیاوانە، هەموو ژنان لە ناوچە جیاوازەکان ڕزگار دەکەین.
سەرنجی بۆ گرنگی ڕۆڵی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژائاواداو ئیرادەیان لەسەر بنەمای پرەنسیپی بیرو فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشاو وتی: چەندین خولی پەروەردەمان بۆ هەموو ژنانی ناوچەکە کردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆشیارییان بەرز بکەینەوە، هەروەها ویستی ئەوانیش لەسەر بنەمای بیرو فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کردەوەو هەوڵدەدەین ژنان لە مافەکانیان ئاگادار بکەینەوە بۆ پەرەپێدانی خۆیان.
جەختیشی لەوە کردەوە نابێت ژنان ئەو نادادپەروەری و پێشێلکارییانە قبوڵ بکەن کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، هەروەها دەبێت بچنە نزیکترین ناوەند کە هەوڵدەدات هاوکارییان بکات بۆ پاراستنی مافەکانیان.