مامۆستایانی وانەبێژ بێزارن لە سیستمی حکومەت و پەروەردە

لە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراندن لەلایەن حکومەتەوە ڕاگیراوە، بۆیە بەردەوام ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە زیادبووندایە، لە ئێستادا ژمارەیان ٢٣ هەزار مامۆستایە و بوونەتە بەشێکی گرنگی پەروەردە، داواش دەکەن دابمەزرێنرێن و وەک مامۆستایەکی هەمیشەیی تەماشایان بکرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- مامۆستایانی وانەبێژ بە هۆی دانەمەزراندنیان بە فەرمی ماوەی شەش ڕۆژە لە شار و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان وەک "سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ، سەیدسادق و قەڵادزێ" خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن دژی سیستمی حکومەت و پەروەردە و داوای دامەزراندیان کرد.

 

بە پێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی ٢٢ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، زیاتر لە پێنج ساڵە داوای دامەزراندن دەكەن، بەڵام حكومەتی هەرێم بە بیانووی قەیرانی دارایی، داواكەیانی ڕەتكردووەتەوە.

 

مامۆستا شلێر نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان بە ژنهای ڕاگەیاند "بە هۆی بێباکی حکومەتی هەرێم ماوەی شەش ڕۆژە بەردەوامین لە بایکۆتکردنی داوام و خۆپیشاندان، کەرتی پەروەردە بە مامۆستایانی وانەبێژەوە ماوەتەوە، چونکە ژمارەیەکی یەکجار زۆر مامۆستایانی وانەبێژ هەن و لە ٢٠١٤ دانەمەزراون".

 

ئاماژە بەوەش دەدات تا دێت ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زیاد دەکات هەر بۆیە پێویستە حکومەت بێتە دەنگ و ئاوڕێک لە مامۆستایان بداتەوە گەر نا سیستمی پەروەردە پەکی دەکەوێت.

مامۆستایانی وانەبێژ جگە لە وانەکانی خۆیان وانەی دیکەیان پێدەوترێتەوە

مامۆستا ڕەوشەن، وەک مامۆستایەکی وانەبێژ لە قوتابخانەی گەڵاڵەی بنەڕەتی سەر بە پەروەردەی شارباژێڕ ماوەی سێ ساڵە وانە دەڵێتەوە، یەکێکە لەو مامۆستایانەی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی بەشداری لە خۆپیشاندان کردووە و دەڵێت: "لە ڕاستیدا من مامۆستای بیرکاریم بەڵام لەو ماوەیەی مامۆستای وانەبێژ بووم جیا لە وانەکەی خۆم سێ ساڵ وانەی زانستم وتووەتەوە".

 

باسی لەوەشکرد کەبە چاوێکی کەمتر لە مامۆستایانی دامەزراو سەیردەکرێن هەر بۆیە داواکارن لە حکومەت سەرەتایترین مافەکانیان بۆ دابین بکەن و ئاوڕێکیان لێبدەنەوە لە درێژەی قسەکانیدا وتی "تا ئەوکاتەی لەلایەن حکومەتەوە وەڵامی داواکانمان نەدرێتەوە کە دامەزراندنە ناچینەوە هۆڵەکانی خوێندن".

 

هەبوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مامۆستایانی وانەبێژی لە وانە وتنەوە ساردنەکردووەتەوە

ڕەوشەن ئاماژەی بەوەدا لە بەرامبەر هەر وانەیەک کە دەیڵێنەوە سێ بۆ چوار هەزار دینار وەردەگرن بەشی تەنها کرێی هاتوچۆکردنیش ناکات، هەندێک لە مامۆستاکان دایکن و مافی دایکایەتیان نییە و ناتوانن بەو بڕە پارەیە بەردەوامی بە ژیان بدەن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا ئەوەی ڕوونکردەوە لەو جێگایانەی وانەی تێدا دەڵێنەوە نزیکی سنورەکانی هەرێمی کوردستانە و بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بەهۆی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە و تۆپبارانکردنی ناوچەکانیان، بەڵام هەمیشە بەردەوام بوون لە وتنەوەی وانەکانیان و پشتیان لە پەروەردە نەکردووە، دەشڵێت: "لە ئێستادا پێویستە شکۆ بۆ مامۆستایانی وانەبێژ بگێڕدرێتەوە و چیتر لەلایەن خوێندکاران و مامۆستایانی هەمیشەیی و هاوڵاتیانەوە گاڵتەیان پێنەکرێت".

 

"خوێندنگە هەیە تەنها بەڕێوەبەرەکەی هەمیشەییە و هەموو مامۆستاکانی وانەبێژن"

چاوان عەلی، بۆ ژنها دوا "ماوەی دوو ساڵە وانەبێژم، سەرەتا کاری وانەبێژیم بە هەقی خۆم نەدەزانی بەڵام دواتر وتم ناکرێت هەمیشە لە ماڵەوە بم دەکرێت وانەبێژی ڕێگایەک بێت بۆ دامەزراندن، بەڵام بە داخەوە حکومەت هیچ ڕێگایەکی نەهێشتووەتەوە بۆ مامۆستایان، بۆیە داواکارین بەدەم داواکانمانەوە بێن و ئاوڕێک لە مامۆستایانی وانەبێژ بدەنەوە"، چاوان ئەوەشی خستەڕوو کە ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زۆر زیاترە لە هەمیشەیەکان، "لە خوێندنگەیەکدا وانە دەڵێمەوە ١٠ مامۆستای وانەبێژ و دوو مامۆستای هەمیشەیی تێدایە، لە کاتێکدا بەدەم داواکانمانەوە نەیەن بەردەوامی بە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەدەین، چونکە نەوتنەوەی وانە لەلایەن مامۆستایانی وانەبێژ کەلێنی گەورە لە پەروەردە دروست دەکات".

ت.پ