لینا عەلی: سەرەڕای ئەو زیانە جەستەیی و دەروونییەی کە تووشی بووم ئازادیم بەدەستنەهێناوە

لینا عەلی، کە هاوسەرگیری کردووە و دایکی دوو منداڵە، کاتێک دەیویست لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە بەرامبەر بە یاساکانی عێراق وەستایەوە و ئاماژەی بەوەدا: لەبەرئەوەی من نەمتوانی بە بێ کەرامەتی بژیم بڕیارمدا بڕۆم".

 

غوفران ئەلڕازی

بەغدا- یاساکانی عێراق بەهۆی هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە پشتیوانی پیاوان دەکات، کاتێکیش ژنێکی خێزاندار کە منداڵێکی هەیە و ناتوانێت لەگەڵ پیاوێکدا بژی کە توندوتیژی بەرامەبر دەکات و داوای تەڵاق دەکات، ئەو کاتە تەنیا دەمێنێتەوە و یاساش پشتگیری پیاوەکە دەکات، بەهۆی یاساکانیشەوە زۆربەی ژنان مافی خوێندن و هەڵبژاردنی هاوسەر و میراتیان لە دەست داوە، بەڵام لینا عەلی بۆ ئازادی خۆی شەڕی هەڵبژاردووە.

 

لینا عەلی، تەمەن ٣١ ساڵ، دایکی دوو منداڵە و لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە دایکێکی باش بۆ دوو منداڵەکەی و تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادییان دەکات، دەشڵێت: لە تەمەنێکی کەمدا کچان لە کۆمەڵگای ئێمەدا گرنگی بە گوێ گرتن و ڕازیبوونی هاوسەرەکانیان دەدەن، پیاوانیش ئەم کارەیان قۆستووەتەوە و سنوورەکانیان لە دژی ژنان بەزاندووە.

 

باس لە یاساکانی عێراقیش دەکات کە پشتگیری لە ژنان دەکات، "کۆمەڵگە ژنان ناچاری سەردانەواندن دەکات، یاسا و ڕێساکانیش پشتیوانی ژنان ناکەن و ڕێگە بە گوشاری پیاوان دەدەن، وا لە ژنان دەکات کە بە گوێی هاوژینەکانیان بکەن، یاسا مافی ژنان نادات و ڕێگە بە پیاوان دەدات کە توندوتیژی بکەن چونکە یاساکان بۆشایی بەجێدەهێڵن، من ٧ ساڵە هاوسەرگیریم کردووە، هیچ لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە تێنەگەشتووم، تەنها ئامێری منداڵ خستنەوە بووم، من لەگەڵ پیاوێک دەژیام کە دەیویست هەموو مافەکانم لێ زەوت بکات، دەیویست بمکاتە ژنێک کە سوکایەتی قبوڵ بکات، من ناتوانم ژیانم لەگەڵ پیاوێکی بەو شێوەیە بەڕێبکەم، بۆیە جیابوونەوەم هەڵبژارد".

 

"ژنان ناچارن بەهۆی خێزانەوە زوڵم و زۆرداری قبوڵ بکەن"

لینا باسی لەوەکرد کە بە هەزاران ژن هەن لەهەمان دۆخدا ژیان دەکەن و لەبەر ترسی خێزان و قسەی کۆمەڵگە ناتوانن جیابوونەوە هەڵبژێرن، دەشڵێت: من زۆر چیرۆکم بیستووە لەسەر ئەو ژنانەی کە لەبەر خێزان و کۆمەڵگە ناچارن لەگەڵ هاوژینەکانیان کە زوڵم و زۆریان بەرامبەر دەکات بژین، لەم دواییانەدا چەندین تاوانی توندوتیژی خێزانی بە ڕێژەی زۆر بەرز ڕوویانداوە کە هەموویان بەهۆی فشارەکانی هاوسەر یان خێزانێکەوەن و هیچ یاسایەکیان نییە بۆ پاراستنی ئێمە لە باوک و برایان و هاوسەرانمان.

 

"بۆ داهاتووی خۆتان و منداڵەکانتان تێکۆشان بکەن"

لینا داوا لە هەموو ژنێک دەکات کە بەهێز بێت، ئەو زیانانەی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەیبینێت ڕەتبکاتەوە و بۆ داهاتووی خۆی شەڕ بکات، لە بەردەوامیدا وتی: "داوا لە هەموو ژنێک دەکەم کە توندوتیژی لەسەر دەکرێت بەهێز بێت، کێشەکانی چارەسەر بکات و ئەو دۆخە ئابڕووبەرە ڕەتبکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ داهاتوو و منداڵەکانت بجەنگیت، هەوڵ بدەیت خۆت پەروەردە بکەیت، بۆ ئەوەی ئازادی و هێز بۆ منداڵەکانت دابین بکەیت. پاشان دەتوانن بەو شێوەیە دڵخۆش بن و ژیانیان زۆر باشتر بێت چونکە ئەوان شایستەی بەختەوەرین".

 

ت.پ