لەیلا: ڕژێمی بەعس ویستی ناسنامەمان بسڕێتەوە

لەیلا دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە و لە ساڵی ١٩٧٤دا تەمەنی بچوک بووە، لە بیرەوەری ئەودا بۆردومانی هەڵەبجە ماوەتەوە و بۆ ژنهای دەگێڕێتەوە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئەمڕۆ چل و حەوت ساڵ بەسەر بۆردومانی هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت، بۆردومانی هەڵەبجە لە کاتێکدا دێت پێش دوو ڕۆژ ڕژێمی بەعس بۆردومانی قەڵادزێی کرد و پاش دوو ڕۆژ هێرشی کردە سەر هەڵەبجەش، لەو بۆردومانەدا لە شاری هەڵەبجە ٥٨ شەهید و زیاتر لە سەد برینداری لێکەوتەوە، هەروەها بووە هۆی کاول بوونی دوکان و بازاڕی هەڵەبجە.

 

لەیلا عەلی ڕەزا ژنێكی دانیشتووی هەڵەبجەیە و باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە هەڵەبجەی تێدا بۆردومان کرا، لەیلا لەو ڕۆژانەدا منداڵ بووە بەڵام لە یادەوەریدا ئەو ڕووداوە ماوەتە و ئێستا بۆ ژنهای باسدەکات و دەڵێت: پاش تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێدا، خەڵکی هەڵەبجە لە باسی خەم و ئازاری خەڵکی قەڵادزێدا بوون کە ڕژێمی بەعس بە چەکی ناپاڵم بۆمبارانی هەڵەبجەی کرد و شەهید و برینداری لێکەوتەوە و زیانی ماددی زۆریش هەبوو.

 

لەیلا دەڵێت هەرچەن بەتەمەن مناڵ بووم بەڵام لەبیرمە ڕژێمی بەعس ویستی ناسنامەمان بسڕێتەوە، لە ٢٦ی مانگی چواردا بە ناپاڵم  لە شاری هەڵەبجەی دا و زیاد لە پەنجا کەس شەهید بوون و زیاتر لە سەد کەسیش بریندار بوو، ئەو ژنە دەڵێت: ڕژێمی عێراق بەردەوام بووە لە سڕینەوەی ناسنامەی کورد بەداخەوە لە ساڵی ١٩٨٨ کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد، لە ١٩٨٧ گەڕەکێکی ئەم شارەی خاپورکردن، لە ١٩٧٤ بە ناپاڵم بۆردومانی کردووین، ڕژێمی بەعس ویستویەتی ناسنامەی نەتەوەیمان بسڕێتەوە.

 

لەیلا لە قسەکانیدا باس لە دۆخی ئەو کاتەی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت بەردەوام هێرشی ڕژێمی بەعس بۆ ناوچەکەمان هەبوو، جگە ٢٦ی نیسان زۆر ڕۆژی تر هەبوو کە خەڵکیان ڕادەگواست بۆ دەرەوەی شارەکە، ئەمەش ببووە مایەی ترس بۆ خەڵک.

 

لە کۆتایی قسەکانیشدا لەیلا عەلی دەڵێت: سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان و شەهیدانی ٢٦ی چواری ١٩٧٤.

 

ت.پ