لە ڕۆژئاوای کوردستانەوەو کۆکردنەوەی هێز لە چیاکانی باشووری کوردستان

ژمارەیەک منداڵ کە لەگەڵ خێزانەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوویان لە باشووری کورستان کردووەو دانیشتووی کامپی باریکەن، بە سەرکەوتن بەسەر بەردو شاخدا دەبنە خاوەن هێزو بەسەر گرفتەکاندا زاڵ دەبن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ داعش دەرکەوت و دواتر هێرشیکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەشێک لە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوا بە ناچاری ئاوارە بوون و بەشێکیان لە سلێمانی لە کامپی باریکە لە شارۆچکەی عەربەت نیشتەجێکران، تا ئێستاش دوای تێپپەڕبوونی چەندین ساڵ لە ژیانی ئاوارەییدان.

 

بۆ پەرەپێدانی دەرفەتی چارەسەری و بونیادنانی ئاشتی بۆ گەنجان و منداڵانی ئاوارە لە کۆمەڵگە جیاوازەکان، پڕۆژەی "چیاکۆ" لەلایەن ڕێکخراوی ستێپی بەریتانی بەهاوکاری دوو ڕێکخراوی دیکە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیپێکردووەو بەسەر بەردو چیاکانی باشووری کوردستاندا سەردەکەون، کە مەبەست لێی تێپەڕاندنی ئەو تراومایەیە کە تێیدا ژیاون.

 

هەروەک بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژەی پێکرد، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشکردنی بەڵگەیە لەسەر کاریگەری چالاکییەکانی دەرەوە لەسەر گەنجانی ئاوارە و خانەخوێ و ئەو کۆمەڵگانەی پێیوستییان هەیە، هەروەها ئەم چالاکییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی بەشداربووان هەیە، دەتواندرێت بەکاربهێندرێت بۆ بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و بونیادنانی ئاشتی، دەکرێت زیاتر بەکاربهێندرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت لە چوارچێوەیەکی دیکەدا لەگەڵ گەنجانی ئاوارەدا.

 

منداڵانی کچ بە سەرکەوتن بەسەر شاخدا دەبنە خاوەن هێز

ئەو منداڵانەی بەشداری پڕۆژەی "چیاکۆ"ن بۆ سەرکەوتن بەسەر بەردو شاخدا پەروەردە دەکرێن و کاتێک دەگەنە لوتکەی بەردو چیاکان، دەبنە خاوەن متمانە، هێزو تێپەڕاندنی هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموارانەی بەهۆی هیرشەکانی داعش و ئاوارەبوونەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە.

 

لیلاڤ فەیسەڵ، کە ماوەی ٥ ساڵە لە کامپی باریکەیە وتی: لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتووینەتە ئێرە، بەشداری ئەم پڕۆژەیە بووم و بەسەر بەردو شاخدا سەردەکەوین، هەستێکی زۆر خۆشە هەست بە بەهێزبوون دەکەم.

 

هەروەها لیلۆز فەیسەڵ کەلەگەل لیلاڤ دوو خوشکی دووانەن، ئەویش بەهەمان شێوە لە بەردو شاخەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەبێتە خاوەن متمانەو هێز، وتی: کاتێک سەردەکەوین فێری هێزو متمانە بەخۆبوون دەبین.

 

دایکی پشتگیری دەکات

ڕێڤا ئەحمەد، منداڵێکی دیکەیەو بەسەر شاخدا لە کانی شۆک-ی سلێمانی سەردەکەوت، ئاماژەی بەوەکرد، دایکی پشتگیری دەکات و دەیەوێت ئەو بارودۆخە تێپەڕێنێت کە بەهۆی دەرچوون لە زێدی خۆیی و ئاوارەبوونەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، وتی: لە کۆبانێوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووم و چەند ساڵێکە لە کامپی باریکەین.

 

ئەو منداڵانەی بۆ سەرکەوتن بەسەر بەردو شاخەکان پەروەردەیان پێدەدرێت بە تەواوی لەلایەن تیمێکەوە دەپارێزرێن، بەدەر لە منداڵانی ئاوارەی هەرێمی کوردستان و عێراق، منداڵانی کارکەر لەسەر شەقامەکان و ناوبازاڕ، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش، بە تایبەت نابینایان لەم پڕۆژەیەدا بەشدارن و هەستی سەرکەوتنیان پێ نیشان دەدرێت.