لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گرانی نرخەوە منداڵان ناتوانن بچنە خوێندنگە
لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارگرانی و گرانبوونی نرخەکان، خۆشی گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکانیان کردۆتە نیگەرانییەکی جددی بۆ زۆرێک لە خێزانەکان، خەمێک کە هەندێکجار منداڵان لە قوتابخانە دوور دەخاتەوەو داهاتوویان لە گومان و تاریکیدا جێدەهێڵێت.
جوان شەریفزادە
بۆکان-سەرەتای ساڵی خوێندن لە ئێران بە هەستێکی سەیر لە دڵەڕاوکێ و قورسایی نزیک دەبێتەوە، پاییز و وەرزی خوێندن لە کاتێکدایە کە بارگرانی و هەڵاوسان لە لایەک تێچووی بنەڕەتی خوێندنی منداڵانی زۆر بەرز کردووەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە چارەنووسی بەشێک لە خوێندکارانی بە تەواوی گۆڕیوە.
لە گیرفانی بەتاڵەوە بۆ دوکانە چۆڵەکان
منداڵێک دەگریت و دەستی دایکی گرتووە لە دوکانەکە دەردەچێت، ئەو دایکە خەمگینە سندوقێکی ٣٦ بۆیەی دار لە مارکەی ئاسایی کمت بە بڕی ملیۆنێک و ٤٨ هەزار تمەن کڕیوە، بەڵام خاوەن فرۆشگاکانی پێداویستی قوتابخانە و پەرتوکفرۆشەکان لە هەموو کاتێک بێدەسەڵاتتر لەسەر کورسیەکانیان دانیشتوون، خەڵک دەچنە ناو فرۆشگاکە، پرسیار لە نرخەکان دەکەن، ئەگەر لە کۆتاییدا نرخەکە گونجاو بێت و کاڵاکان سەرنجی منداڵەکانیان ڕابکێشن، ئەوا دەیکڕن.
بەڵام ئەم بەرزبوونەوەی نرخانە زۆر کەسی ناچار کردووە خۆیان لە کڕینی کەلوپەلی کوالیتی یان تەنانەت کڕینی هەندێک کەلوپەلی قوتابخانە و جلوبەرگی نوێ بەدوور بگرن.

نرخی جلوبەرگی قوتابخانە لە ملیۆنێک و نیو و سەرووترەوە دەست پێدەکات
نرخی پێنوسێکی ڕەش بۆ نووسین لە بازاڕدا ٤٠ هەزارە، پێنوسێکی سادەش ٣٠ هەزار تمەنە، جگە لەوەش پێنوس و سندوقی پێنوس بە نرخە جیاوازەکان لە ١٥٠ هەزار تمەن و سەرووترەوە بەردەستە، بە کوالێتی نزم کە بە گشتی خواستی لەسەر نییە، هەروەها سندوقێک بۆیەی ئاسایی دار بە ١٢ ڕەنگەوە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تمەنی تێدەچێت، نرخی جلوبەرگی قوتابخانەکان لە ملیۆنێک و نیو و سەرووترەوە دەست پێدەکات، هەروەها جانتایەکی قوتابخانە لەگەڵ پێڵاوی وەرزشی کە هەریەکەیان لە نێوان یەک ملیۆن بۆ سێ ملیۆن تمەن بۆ خێزانەکان تێدەچێت.
گەزیزە. م، دایکی منداڵێکی قۆناغی سەرەتایی سەبارەت بە تێچووی پێداویستییەکانی منداڵەکەی وتی: ئەستەمە گرنگییەکەی بۆ منداڵان ڕوون بکەینەوە، بەتایبەتی کە ساڵانە کوالیتی شتەکان بەرەو خراپی دەچێت، واتە دەبێت بە دڵنیاییەوە هەندێک پێداویستی بەدەست بهێنین و دواتر هەندێکی تر بکڕین، کۆی تێچووی پێداویستییەکانی قوتابخانە، لەگەڵ پاشەکەوتی تەواو، تا ئێستا ١٠ ملیۆن تمەن بووە.

قوتابخانەکانی دەوڵەت و ناونوسینی مەرجدار
زۆرێک لە دایک و باوکان گلەیی لە تێچووی زۆری ناونوسین لە قوتابخانەکانی دەوڵەتدا دەکەن، سەرەڕای بانگەشەی دەسەڵاتداران کە خوێندن بەخۆڕاییە، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەکە لە جاران زیاترە، لە بەشێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای ورمێ، قوتابخانە دەوڵەتییەکان لە نێوان دوو بۆ پێنج میلیۆن تمەن لە دایک و باوکان وەرگیراون.
هەتەوا. ک، مامۆستا لە قوتابخانەیەکی شاری بۆکان، وەرگرتنی ئەو بڕە پارانە پشتڕاست دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە بەڕێوبەری پەروەردە و ڕاهێنان ئاگاداریانە، وتی: بەشێک لە تێچوونەکە بۆ پێداویستی خوێندکاران و پەرتوکی خوێندنە، بەڵام گەورەترین بەش بۆ هاوکاری گشتییە بۆ قوتابخانەکان کە قوتابخانەکان دەتوانن وەریبگرن، هەرچەندە پێدانی ئەو بڕە پارەیە سەپێندراو نییە، بەڵام ئەو فشارە گەورەیەی بەهۆی خەرجی قوتابخانە و بڕینی بودجە دروست بووە، کارگێڕانی هەندێک ناوچەی ناچار کردووە داوای ئەم کرێیە بکەن بۆ ناونوسین.

سنوورە تەسکەکانی نێوان قوتابخانە و ژیانی هاوسەرگیری
وتنی "نا" هەمیشە بۆ منداڵانی کچ لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاسانتر بووە لە کوڕان کە تامەزرۆی خوێندنن، ئەم کێشەیە زیاتر لە جاران لە گوندەکان و گەڕەک و ناوچە هەژارەکان لە ژێر سایەی هەژاریدا بەرچاو دەکەوێت.
نارین تەمەن ١٦ ساڵ، یەکێکە لەو منداڵە کچانە، کاتێک سەیری مستیلەی زێڕینی دەستی دەکات، دەگری و هەست بە دڵتەنگییەکی قووڵ دەکات، هەروەها گوزارشت لە بارودۆخی نالەباری خۆی دەکات و وتی: لە گوندەکەمان قوتابخانەی ناوەندی بۆ منداڵانی کچ نییە، دەبێت بچینە بەشەناوخۆییەکانی شار، باوکم کە کرێکارە، توانای ئەو خەرجیانەی نەبوو، ساڵێک نەچوومە قوتابخانە، وتم ڕەنگە ساڵی داهاتوو مەرجەکان ئامادەبن، بەڵام لەم حاڵەتەدا هیچ بژاردەیەک نەبوو جگە لە هاوسەرگیری، ئێستا هاوسەرگیریم کردووە، ساڵی داهاتوو ئەگەر توانای خەرجییەکانمان هەبێت، دەمەوێت لە دوورەوە و لە قوتابخانەی بەتەمەنەکان بخوێنم، ڕەنگە ڕۆژێک بتوانم بچمە زانکۆ یان ببمە مامۆستا.
تا چ ڕادەیەک داواکاری نارین لە گوندێکی دوورەدەستی پارێزگای ورمێ، ڕوون نییە.
ئامادەنەبوون لە پۆلەکان: نەوەیەک کە داهاتوویەکی تاریکی هەیە
گرانی تێچووی خوێندن هۆکاری سەرەکی ئامادەنەبوونی خوێندکارانە لە قوتابخانە، هەڵالە. ڤی، مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی، بە دڵتەنگییەکی زۆرەوە باس لە هۆکارەکانی وازهێنانی منداڵان دەکات،وتی: خوێندکارێکم هەبوو وازی لە خوێندن هێنا، چونکە چاویلکەی نەبوو و بینایی چاوی لاواز بوو. یان خوێندکارێکی دیکە کە توانای کڕینی جانتای پشتەوە، یان خواردنی ڕۆژانەی نەبوو، ئیتر نەهاتە قوتابخانە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە خوێندن دەرچوون زیادی کردووە، بەڵام دیار نییە ئەم ژمارەیە لە ڕاستیدا چەند منداڵ و گەنج لەخۆدەگرێت، ئەو خوێندکارانەی کە ناتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەهۆی تێچووی ڕۆژانە و گواستنەوە و کڕینی پێداویستییەکانی قوتابخانە ناتوانن بەشداری وانەکان بکەن.
لە نێو ئەو نەوەیەی ئەمڕۆ چاوەڕێی کورسی قوتابخانەن، زۆرن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی ستەم و ناسەقامگیرییەوە ماڵئاوایییان لە پۆل و پەرتوک کردووە، ئێستا بەهۆی سەختی وەرزی پایزەوە ژمارەیان لە زیادبووندایە، دۆخێک کە بەرپرسیارێتی و گومانێکی گەورە نەک تەنها بۆ داهاتووی تاک، بەڵکو بۆ داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە دروست دەکات.