"لە شێراوا لە دۆخێکی سەختدا دەژین"

ژنانی ناوچەی شێراوای عەفرین، کە ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە هێرشی دەکرێتەسەر، جەختدەکەنەوە هەرچەندە لە دۆخێکی سەختدا دەژین، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادەن خەونەکانی دوژمن بێتە دی و ماڵ و حاڵی خۆیان جێناهێڵن.

 

شیرین عەلی

شەهبا- دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەری کانتۆنی عەفرینی داگیرکرد، خەڵکی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و چەتەکانی دوای ٥٨ ڕۆژ لە بەرخۆدانی ناچار بوون ئاوارەبن بۆ ناوچە ئەمنییەکان، بۆیە لە کانتۆنی شەهبا و ناوچەی شێراوا نیشتەجێبوون کە لەژێر چەتری ئیدارەی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتیک دایە، دوای ئاوارەبوون ماوەی چوار ساڵە گەل لە هێرشە داگیرکارییەکان ڕزگاری نەبووە، بەڵکو لەم دواییانە هێرش و پەلامارەکان زیادی کردووە لە ناوچەی ئاوارەکان، ئامانجیشیان ئەوەیە جارێکی دیکە ئاوارەیان بکەن.

 

"ژیان لە شێراوا زۆر قورسە"

غەزال محەمەدی ٦٠ ساڵ، خەڵکی گوندی باسیفانە و ئێستا لە گوندی زرنەیت-ی شێراوا دەژی، وتی: "ژیان لە ناوچەکانی شێراوا زۆر زەحمەتە، هەموو کەس ناتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات، ئێمە پەرۆشین بۆ دارێک یان نەمامێک. بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناتوانین بچینە ناو باخەکانمانەوە، دەرفەتەکانی کارکردن لەم ناوچەیەدا کەمە، مرۆڤ ناتوانێت لە ماڵەوە بژێوی ژیانی پەیدابکات، بەهۆی گەمارۆکانی سەر هەرێمەکەشمانەوە ناتوانین بە ئاسانی بگوێزینەوە بۆ شوێنێکی تر، لەگەڵ ئەوەشدا پەیامی ئێمە بۆ داگیرکاری ئەوەیە کە ئێمە هەرگیز تەسلیمیی قبوڵ ناکەین و هەتا دوا هەناسەش بەرخۆدان دەکەین".

 

"ناتوانین پێداویستییەکانی منداڵەکانمان جێبەجێ بکەین"

نەسرین مستەفا فەرەج، دایکی چوار منداڵ لە گوندی زرنەیت، باسی لەوەکرد کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ژیانی پێشوویان و دووربن لە گەمارۆ و هێرشکردنە سەریان، "گەمارۆکە لەلایەن ڕژێمەوە بەسەرماندا سەپێندراوە، ئێمە ناتوانین بە ئاسودەیی بژین و بەردەوام بۆردومان و هێرشمان لەسەرە، ژیانی منداڵان بووەتە ترس و تۆقین، لە گوندەکانی ئێمە بەهۆی گەمارۆوە کەلوپەلی تەندروستی دەستناکەوێت بۆیە کاتێک کەسێک نەخۆش بێت، ڕووبەڕووی سەختی دەبێتەوە، ئێـمە لە هەموو ڕوویەکەوە ژیانمان پارێزراو نییە."

 

"ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەختداین"

دونیا خەلیل، هاوسەرۆکی کۆمیتەی گوندی زرنەیت، دەڵێت: ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین خەڵکی گوندی زرنەیت لە ماڵەوە بێکار دانیشتون چونکە تەنها لە شارۆچکەی نبل کار دەستدەکەوێت، ئویش لێرەوە دوورە و خەڵک بە ئاستەنگ دەتوانن هاتوچۆ بکەن، هەروەها هیچ کەرەستەیەکی تەندروستی لە گوندەکەدا نییە و ئەو کەسانەی مەڕیان هەیە دەتوانن کەمێک بژێوی ژیان و ماڵەکانیان پەیدابکەن، گوندنشینانی زرنەیت و مەیاس ڕووبەڕووی سەختی ژیان دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە بۆردومان و هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکە".

 

ت.پ