لە نەقەب ژنان بەدەست سیاسەتی کۆمەڵگایەکی پیاوسالار دەناڵێنن

بەهۆی کۆمەڵگەی پیاوسالار و دەسەڵاتداری لە ناوچەی نەقەب لە فەلەستین و سیاسەتی داگیرکاری ئیسرائیلەوە، ژنان ڕۆژانە لەژێر بیری پیاوسالاریدا دەچەوسێندرێنەوە ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی دۆخی ژیانی ئەو ژنانە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ناوچەی نەقەب لە فەلەستین بەهۆی دابونەریت و شەڕە یەک لەدوا یەکەکانی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئاستەنگی دەبنەوە، دۆخی هاوڵاتیانی ناوچەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بە تایبەت بۆ ژنان زۆر قورسە، چونکە جیاوازی رەگەزی لە ئاستی بەرزدایە و نادادپەروەری کۆمەڵگا هۆکاری سەرەکییە بۆ دروستبوونی ژیانێکی تراژیدیا بۆ ژنان.

 

نەقەب یەکێکە لەو ناوچانەی فەلەستین کە ڕێژەی بێکاری لە ئاستێکی بەرز دایە و ٪٨٠یە، هەروەها بەشی ناوەندی ئاماری ئیسرائیل دەریخستووە کە ڕێژەی گشتیی ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگای فەلەستینی کار دەکەن ٪٤١.٤ بە بەراورد بە ژنانی جولەکە کە ٪٨١.٣یە، ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی خێزانی عەرەب.

 

دەربارەی خوێندن و پەروەردەکردنی ژنان لە نەقەب، دەرکەوتووە کچان لە قۆناغەکانی ئامادەیی و ناوەندیدا وازیان لە خوێندن هێناوە و تەنها لە ٪٣٣ بڕوانامەیان هەیە.

 

هۆکاری ئەمەش نەبوونی خووێندنگەیە، ئەگەر کچێکیش بیەوێت بخوێنێت دەبێت گوندەکەی بەجێبهێڵێت، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە ٪٩٠ی ئەو ژنانەی تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ زیاترە نەخوێندەواربن.

 

زۆرێک لەو کێشە و گرفتانەی کە ژنانی نەقەب ڕووبەڕووی بوونەتەوە هەبوونی کۆمەڵگایەکی نێرسالارە کە تیایدا سیستمی فرەژنی و هاوسەرگیری پێشوەختە تیایدا ئەنجام دەدرێت، عالیە جودی تەمەن ١٦ ساڵ لە گوندی زەورا، لە لێدوانێکیدا بۆ جەزیرە نێت ئاماژەی بەوەداوە لەگەڵ ئەوەی خوێندنگە نییە، بەڵام توانیویەتی پەرە بە خوێندن و پەروەردە بدات، "ئێمە لە ژینگەیەکی جیاکاری و ناچاریدا گەورە دەبین، کە ڕۆژانە بەدەست ئازار و چەوساندنەوەی سیاسەتی ئیسرائیلی کە بووەتە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگای نەقەب دەناڵێنین".

 

عالیە جەختیلەوەش کردووەتەوە، پێویستە ژنان و کچان لەگەڵ نەبوونی خوێندنگە هەوڵ بۆ پەروەردەکردنی خۆیان بدەن، چونکە چەکێکی قورسە و دەتوانن دژی سیاسەتی کۆمەڵگا و داگیرکاری پێی بجەنگن.

 

ت.پ