"لە هەرێمە داگیرکراوەکان پیسترین کردەوە بەرامبەر ژنان دەکرێت"

لەو ناوچەو هەرێمانەی کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراون، ژنان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژی و سوکایەتی و ڕفاندن و کوشتنێک دەبنەوە.

ڕۆنیدا حاجی

حەسەکە-  لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریاوە ژنان زۆرترین باجیان داوەو لە ناوچەکانی حکومەتی شام پشتگوێ دەخرێن و لەناوچە داگیرکراوەکانیشدا توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسیان لەسەر دەکرێت، هەروەها ژنان لە سوریا بەهۆی ئەو شەڕەی کە ڕووی داوە بە هۆی لەدەستدانی منداڵ و هاوژین و خزمەکانیانەوە هەروەها لەدەستدانی ماڵ و خاک ئازار دەچێژن، سێ ساڵ بەسەر داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی و کۆچبەریی تێدەپەڕێت، کوشتن و هەڕەشە و دەستدرێژی و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ئاستێکی بەرزدا تاوانی مەترسیدار و پێشێلکاری لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە بەرامبەر بە خەڵک ئەنجام دەدرێت، بەم شێوەیە مافی ژنان لە سوریا پێشێل دەکرێت زەهرا سەمۆ، ئەندامی کۆمیتەی پەنابەرانی سەرێکانی قسەی کرد.

 

"ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕووبەڕووی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دەبنەوە"

زەهرا سەمۆ، ئاماژەی بەوەکرد ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجامیان داوە نایاسایین و وتی: "کۆمیتەکەمان لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە، ئامانجمان ئەوەیە بتوانین لەناو کۆچبەراندا کار بکەین و ئاستی بەرخۆدان بەرزبکەینەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر خاکی خۆمان، هاوکات چاودێری بارودۆخی خەڵکی دانیشتووی سەرێکانی و بەتایبەتی ڕەوشی ژنان دەکەین و هەوڵدەدەین بەڵگەنامەی کۆنکریتی ئەشکەنجە لەسەر ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە ئەنجام دەدرێت بەدەست بهێنن، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەئێستادا ٤٢٣ کەس لە سەرێکانی و گرێ سپی لەزینداندان کە ٥٥ ژن و ١٥ منداڵیان تێدایە، لە سەرێکانی ٧٧ ژن دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەرو ٤ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ هێنانە دەرەوەی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ئەنجامی دەدات، ئاستی تێکۆشانیش بەرزدەکەینەوە".

 

"دەیانەوێت کلتور و مێژووی خوداوەندی ون بکەن"

زەهرا سەمۆ دووپاتیکردەوە کە گردی تل-خەلەف بە کلتوری ژنان و خوداوەندی ناسراوە و بە داگیرکردنی سەرێکانی مێژوو کراوەتە ئامانج و وتی: "سەرێکانی بە مۆزایکی گەلان ناسراوە، بە کورد و عەرەب و سوریی و چاچان و چەرکەسییەکان دەوڵەمەندن، هەموو گەلان لە ژێر چەتری پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیدا هاودەنگیی خۆیان بەهێز کردووە و بوونەتە نموونە لە سەرتاسەری سوریادا، لەلایەکی ترەوە گردی تل خەلەف گردێکی مێژووییە، کلتوری تل خەلەف کلتوری ژن و خوداوەندییە و کلتورێکە کە دەکرێت بوترێت کوردەوارییە، بۆیە دووجار هێرش لەسەر سەرێکانی کراوە یەکێکیان یەکپارچەیی گەلی کردە ئامانج و ئەویتریان بۆ ونکردنی مێژووی تل خەلەف و شوێنەوارەکان بوو".

 

"لە ناوچە داگیرکراوەکاندا کردەوەی نامرۆڤانە ئەنجامدەدرێت"

زەهرا سەمۆ، تیشکی خستە سەر دڕندەیی و دەستدرێژییەکانی سەر ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان و وتی: "ئەوەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی سەرێکانی و گرێ سپی و عەفرین ڕوودەدات دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەوڵەتی تورک تاوانەکانی لەسەر ژنان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا- ڕۆژئاوا جێبەجێدەکات، ئەوەش بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە شکاندنی تیرۆر لە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و لێدانی پرۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیه، لەبەر ئەوەی ژنان لەژێر چەتری ئەم پڕۆژەیەدا خاوەن بڕیارن و هەموو مافەکانیان بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی سیاسی و ئیداری کار دەکەن، بۆیە تاوانی ڕفاندن و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و منداڵان و هاوسەرگیری زۆرەملێ و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی بەردەوامە".

 

"ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا چاوەڕێی ئازادی دەکەن"

زەهرا سەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ڕاستە ئێمە بە بەردەوامی داوای کۆتایی پێهێنانی کردەوەکانی دەوڵەتی تورکمان کردووە، بەڵام دەوڵەتان خۆیان لەو پرسە دووردەخەنەوە و پشتگوێی دەخەن، دەبێت کۆتایی بە بێدەنگییەکەیان بهێنین، هێشتا کردەوەکانی داعش لە دژی ژنانی شەنگال لە بیرماندایە، پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و لێپرسینەوە لە دەوڵەتی تورک بکەن کە ئەمڕۆ هەزاران ژن لە ناوچە داگیرکراوەکان هەموو شێوازەکانی توندوتیژییان لەسەر دەکرێت و  چاوەڕێی ئازادی دەکەن، هەر وەک چۆن بە بەرخۆدانی ژنان دەستمان پێکرد و هەنگاوی پیرۆزمان نا، لە کامپەکاندا ئاستی بەرخۆدان بەرزدەکەینەوە و لەژێر سەختترین هەلومەرجدا داگیرکاری تێکدەشکێنین و دەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان".