نەخستنەڕووی ئامارەکان کۆمەڵگەیەکی توندوتیژ بنیاد دەنێت
لایەنی پەیوەندیدار پێیوایە بە نەخستنەڕووی ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕێگری لە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دەکات، بەڵام بە پێچەوانەوە نەبوونی ئامار دۆخی ژنان بەرەو خراپتر بردووە.
شنیار بایز
سلێمانی- لە دەستپێکی ساڵی نوێدا چەندین ڕووداوی توندوتیژی و کوشتن بە ڕووی ژنان و ژنانی گەنجدا ئەنجامدرا، سەلماندیان هیچ ساڵێک بێ بوونی توندوتیژی دژی ژنان تێناپەڕێت، بەڵکو توندوتیژییەکان بەردەوامن بە بەرگی جیاوازەوە نیشان دەدرێن، ئەو ئەقڵیەت و کولتوورەی چەندین ساڵە جێبەجێدەکرێت، بە گۆڕانکاری ساڵەکان ناگۆڕدرێت بەڵکو دۆخی ژنان خراپ و خراپتر دەبێت.
هەرچەندە دۆخەکە خراپ دەبێت، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژییە خێزانییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی بڵاونەکردووە، چالاکوانانیش نەخستنەڕووی ئامارەکان بە زیان بۆ کەیسەکانی ژنان دەزانن، چونکە ناتوانرێت هەنگاوی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوە هەڵبگیرێت.
"نەبوونی ئامار بێ هێزی پرسەکان دەردەخات"
نیگار عومەر، پارێزەر، دەربارەی گرنگی بڵاوکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی و هەواڵەکانی کوشتنی ژنان ڕوونیکردەوە بنچینەی سەرجەم دەزگاکان و دامەزراوەکان هەبوونی ئامارە، واتە ئامار بنچینەی بەهێزی هەموو دەزگاکانە، کاتێک ڕێکخراو و دامەزراوەیەک کار دەکات بۆ بابەتێکی دیاریکراو یاخود پرسی ژن گرنگە ئامارەکان بخرێتەڕوو بۆ ئەوەی بزانرێت ساڵانە چی دەکرێت، ساڵانە دۆخەکە باش دەبێت یاخود بەرەو خراپی دەڕوات.
ئاماژەی بەوەدا لە نەبوونی ئاماردا شێواوی بە کاری دەزگاکانەوە دیارە، دواتر ئامانجە سەرەکییەکەی هەیانە، ناتوانن وەک پێویست بیپێکن، بۆیە گرنگە ئاماری تەواوەتی بە شێوەیەکی ڕاست بخرێتەڕوو.
"پێویستە ئامارەکان ئاشکرا بکرێت لە پێناو دەستخستنە سەر کێشەی کۆمەڵگە"
نیگار عومەر باسی لەوەکرد هەمیشە قسەنەکردن و کپکردنی بابەتەکات کێشەی لێدەبێتەوە، بۆیە کاتێک لە خێزانێکەوە تا دامەزراوە فەرمییەکانی ناو حکومەت ڕاستییەکان ئاشکرا ناکەن و کپی دەکەن کێشەکان زیاد دەبێت، وتیشی: کارکردنی هەر جێگەیەک، ئەگەر ڕێکخراوێک بێت یان دامەزراوەیەکی فەرمی لەسەر ئامارە، کاتێک باس لە پرسی توندوتیژییەکانی سەر ژنان و خێزان دەکرێت، پێویستە ئامار بخرێتەڕوو هەروەها ڕێگ بەو دامەزراوانەی کار بۆ ئەو پرسە دەکەن، ئامارەکانیان لەبەردەستا بێتو بۆ ڕای گشتی بڵاوکەنەوە لە پێناو باشترکردنی خێزان و کۆمەڵگە، بەشێک لە ڕێکخراوەکان بە شێوازێکی پەرشوبڵاو کار دەکەن، چونکە ئامارێکی ڕاستیان لەبەردەستدا نییە، بۆیە پێویستە دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار گرنگە ئامار ڕادەستی ئەو دامەزراو و میدیایانەی تایبەت بە ژنان بکات کە پێویستیان پێیەتی و کاری پێوە دەکەن.
"گۆڕانکاری نەکرد لە یاساکاندا کێشەکانی زیاد کردووە"
وەک پارێزەرێک هۆکاری کۆی ئەو ڕووداوانەی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دەخاتەڕوو، دەیگەڕێنێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا، جێبەجێنەکردنی یاساکان وەک پێویست، وتیشی: تا ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٣یە، بەڵام کار بە یاسای ساڵانی ١٩٥٩ و ساڵانی کۆن دەکرێت، ئەو یاسایانە کاتێک دانراوە سۆشیاڵ میدیا نەبووە و کۆمەڵگە بەو جۆرەی ئێستا گەشەی نەکردووە، کاتێک ئەم یاسایانە گۆڕانکاریان بەسەر نایەت بێگومان خێزان، کۆمەڵگە و تاک بەرەو دۆخی خراپتر دەچن.
هەروەها پەروەردەکردنی هەڵەی خێزانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ کچان و ژنەکانیان بە شێوازێکی بێهێز، پەروەردەکردنیان لەسەر بنچینەی ئەقڵیەتی پیاوسالار و دابونەریتی چەق بەستوو، لە کۆتایدا وادەکات تاکێکی بێهێز دروست ببێت و ئەو توندوتیژیانە قبوڵ بکات لە ژیانیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
"بێ بوونی هۆشیاری، کۆمەڵگە بڕیار لەسەر کەیسەکانی ژنان دەدەن"
هەمیشە کۆمەڵگە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ ئەو ڕووداوانەی ژنیان تێدایە، هەیە، وەک ئەو ڕووداوەی لە ناوچەی هوانەی شاری سلێمانی ڕوویدا، هێندەی تیایدا لۆمەی ژنەکە کرا بەهۆی ئەوەی چووەتە جێگەیەکی لەو شێوەیەوە، لۆمەی گەنجەکان نەکرا، نیگار عومەر، باسی لەوەکرد، لە تەواوی سۆشیاڵ میدیاکاندا کۆمەڵگە و تاک هەمووی هێرشی دەکردە سەر ئەو ژنە، وەک چارەسەرییەک میدیا بە باشترین ڕێگە چارەسەری دەزانێت، پێیوایە لە ڕێی میدیاوە خێزان و تاک دەکرێت هۆشیار بکرێنەوە، وتیشی: چەندین کەیس و کێشەی خێزانی هەن، خاوەن کێشەکە هۆشیاری چۆنییەتی چارەسەرکردنی نییە، بۆیە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانینی مافەکان چارەسەرێکی گرنگە.