کەژاڵ عبدول قادر: با چیتر دەنگی ئازادی ژن کپ نەکرێت

لەگەڵ ئەوەی حیزب و لایەنەکان بەردەوام داوا دەکەن، ژنان ئازاد بن و مافیان پێ بدرێت، بەڵام کە دەکەونە ئەو حاڵەتەی ڕووبەڕووی ژنێک ببنەوە، ئازادی ژنیان پێ قبوڵ ناکرێت و ڕێگری لە ژنان دەکەن و دەنگی ئازادییان کپ دەکەن، چالاکوانێکیش دەڵێت: دەبێت ژنان پاڵپشتی یەک بکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دەربارەی ئەو بەربەستانەی کە تا ئێستا ژنانی کۆمەڵگەی کوردی پێوەی دەناڵێنن و ڕێگری لە ماف و دەربڕینی ئازادیان لێدەکرێت، کەژاڵ عبدول قادر، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ژن ژیانە مەیکوژە بە ژنهای ڕاگەیاند:وەک چالاکوانانی ژن، هەر ژنێک لە هەرکوێیەکی دنیا بێت، لەوکاتەی توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و مافی زەوت دەکرێت پێویستە بێینە دەنگ و داکۆکی لە مافی ژنان بکەین.

 

ئاماژەی بەوەدا بێدەنگی ئەوان وەک چالاکوانان نیشانەی بێ هەڵوێستیانە، نیشانەیە بۆ ئەوەی ناتوانن بەرگری لە ژنان بکەن بۆیە بە پێوستی دەزانن بەردەوام لە هەڵوێستدا بن دژی توندوتیژی و پێشێلکردنی ماف.

 

جینۆسایدی شەنگال، برینی گەورەی لەسەر دڵی ژنانی کورد دروستکرد

دەربارەی ئەو سێ ژنە چالاکوانەی ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، کە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکراون و ماوەی ١٠ ڕۆژە هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە نازانرێت، کەژاڵ ڕایگەیاند: "ئێمە وەک کەمپینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری، دەبێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگمان هەبێت، چونکە ئەو سێ ژنە بە بێ بوونی هیچ هۆکارێک دەستگیر کراون".

 

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەوان لە بەرامبەر سەردانیکردنەکەیان بۆ شەنگال و یادی ٧ ساڵەی جینۆسایدی شەنگال دەستگیرکراون، ئەی ئایە شەنگال و ئێزیدییەکان کورد نین؟ وا دەسەڵاتدارانی باشور بە کارێکی هەڵەی ناودەبەن و چالاکوانانی لەسەر دەستگیر دەکەن، "جینۆسایدی شەنگال کەمتر نییە لە کارەساتی هەڵەبجە، بەڵکو شەنگال داخێکی گەورەتری بۆ ژنان هەیە، چونکە ژنان لەم جینۆسایدەدا زیانلێکەوتووی یەکەم ژنان بوون، ئەو دەستگیرکردنە جگە لە کپکردنی دەنگی ئازادی ژن هیچی دیکە نییە.

 

لەسەر ئەو پرسەی تا چەند ژنان لە هەرێمی کوردستان مافی دەربڕینی ئازادییان هەیە کەژاڵ ڕوونیکردەوە:

زۆرینەی بەرنامەی حزبەکان ڕێگری نەکردنە لە دەنگ و ڕەنگی ئازادی ژن، بەڵام بە داخەوە لەوکاتەی ژنان دێنە پێشەوە و هەڵوێستیان دەبێت ڕێگریان لێدەکرێت، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان بە کۆی دەنگ بێنە دەنگ.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بە ژمارەی کەم هیچ ناگۆڕدرێت، دەبێت یەکگرتوانە خاوەن هەڵوێست بین، جا بە ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بێت یاخود گردبوونەوەی هێمنانە، و هەر چالاکییەکی دیکە، دەبێت ڕێگری بکەین سەرکوتکردنی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و زیندانیکردنیان".

 

ت.پ