کوشتنى ژنان لە ڕووداوەوە بووە بە دیاردە
لە ڕۆژانی ١٠ و ١٢ی ئابدا ژنێکی ساڵ لە ئاکرێ کوژرا و یەکێکی دیکەش لە سۆران بەهۆی دەمەقاڵێوە لەگەڵ هاوژینەکەیدا لەسەربان دەکەوێتە خوارەوە، توێژەرێکیش دەڵێت زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و سەروەرنەبوونی یاسایە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- کوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لە هەڵکشانە و ئەمەش ناڕەزایەتى زۆری لێکەوتووەتەوە لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوەکان و توێژەرانەوە، بۆ کەمکردنەوەى توندوتیژی و هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتیان، نازە شیروان، توێژەری کۆمەڵایەتى لە ڕێکخراوی خەڵک و سەنتەری ژیان، ئاماژەی بۆ ئەوەدا پێویستە شەڵتەر و ڕێکخراوەکان کاری جدی بکەن و بە یاساش هەڵگرتنی چەک قەدەغە بکرێت.
نازە شیروان بە ژنهای ڕاگەیاند: هۆکارەکانى توندوتیژی زۆر و جۆراوجۆرە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکىییەکان بڵاوکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەتە کە یاساییەکى توندوتۆڵمان نییە تا بتوانێت ڕێگری لە هەڵگرتنی بکات، هەموو کەس بەویستی خۆی چەک بەکاردەهێنت، هەروەها نەبوونى هۆشیاری کۆمەلایەتى و جیاکاری جێندەر هۆکارێکی تری کوشتنى ژنانە.
ئەو توێژەرە بەپێی ئەزموونى کاری خۆی چەندین هۆکاری تر دەخاتەڕوو، باس لەوەش دەکات، دەسەڵاتى پیاوسالاری وایکردووە کە ژنان نەبنە خاوەنى پێگە و جێگەی خۆیان لە ڕووى کۆمەڵایەتى و کلتورییەوە، بۆیە وەک دوایین ڕووداودا کوشتنی ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ لە ئاکرێ و کەوتنە خوارەوەی ژنێکی ٢٠ ساڵە لە سۆران بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ هاوژینەکەیدا.
نەبوونى یاسا و سزای ئاسان بۆ بکوژان، هۆکاری زۆربوونی کوشتنى ژنانە
ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات کە نەبوونى یاسایەکی توندوتۆڵ و جدی، سزای ئاسان بەسەر ژنکوژاندا و دەرکردنی لێبوردنى گشتی هۆکاری زیادبوونی کوشتنی ژنانە، پێویستیشە کوشتنى ژنان نەچێتە قاڵبی ئاشتەوایی عەشیرەتگەرییەوە، پێویستە دادگا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ڕیککەوتن بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک نەبێتە چارەسەری کێشەی تاوانبارانی کوشتنی ژنان، هەروەها تاوانباران و بکوژان سزای تەواوی خۆیان وەربگرن.
ژیانى کۆمەڵایەتی و بەربەستى بەردەم ڕیکخراوەکانى ژنان هۆکارێکی دیکەی کوشتنى ژنانە
نازە شیروان، باس لەوەش دەکات کە ڕێکخراوەکان چەندین بەربەستیان لە بەردەمدایە، تەنانەت ناتوانن هۆشیارکردنەوەش بڵاوبکەنەوە، چونکە ئەگەر کەیسێکیان لە بەردەمدابێت ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و ناتوانن کارەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن، هەروەها کۆمەڵگەی کوردیش هاوکاری ژنان قبوڵ ناکات تا هۆشیاری بگاتە هاوڵاتیان.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت لەلایەن هەردوو ڕەگەزەوە هەوڵی کەمکردنەوەى توندوتیژی بدرێت و شەڵتەرەکانیش ڕۆڵی خۆیان ببینن و دڵنیای بدەن، تاکو مافی ژنان وەربگیرێتەوە، جەختیشیکردەوە کە تاوەکو ئەم هۆکارانە هەبن کوشتنى ژنان و توندوتیژی بەردەوامی دەبێت و پێویستە کاری جدی بکرێت.
ت.پ