کوردستانێکی ئارام هەبێت، کۆچکردن بۆ ڕوو لە زیادبوونە؟

نەبوونی ژیانێکی مسۆگەر و خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی وای لە هاوڵاتیانی کوردستان کردووە بۆ دەستکەوتنی ژیانێکی ئارام ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە بکەن و خۆیان ڕووبەڕووی مەرگ بکەنەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ئەو کێشانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووە وای کردووە، کۆچکردنی هاونیشتیمانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا لەپێناو دەستکەوتنی ژیانێکی ئارام و گونجاو زیاد ببێت، لە گشت شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خێزانەکان بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی هەوڵی کۆچکردن دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێگەی قورس و دژوار دەگرنەبەر، ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە یاخود هەندێکیان بێ سەروشوێن دەبن.

 

بە پێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، ٢٦ هەزار و ٩٧٢ کەس بە مەبەستی کۆچکردن ڕوویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە، کە لە نێویاندا ٦ قوربانی هەبووە و ١٥ کەسیش بێ سەروشوێن بوون.

هەر بە پێی ئەو ئامارانە، لە ساڵی ٢٠١٥ تا ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی کۆچبەرەکان بریتین لە ٦٢٣ هەزار و ٢٤٥ هەروەها قوربانیان ٤٢٩ و بێسەروشوێن بوونیش ١٧٣ کەس بوون.

 

"لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا کۆچکردن نەوەستاوە"

ئاری جەلال، بەڕێوبەری دەزگای لوتکە بە ژنهای ڕاگەیاند: لەگەڵ هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە وڵاتانی دەرەوە داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بە بەراورد بەو ساڵانی کوردستان لە ژێر هێرشی چەتەکانی داعشدا بوو کۆچکردن کەمی کردووە، بەڵام نەشوەستاوە، ئەم ئامارانە بێ ژمارەی ئەو منداڵانەن کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن، لە کاتێکدا خێزانەکان کە کۆچ دەکەن منداڵیان لەگەڵە.

 

"کەموکورتی حکومەتی هەرێم گەنجانی هانی کۆچکردن داوە"

هۆکارەکانی کۆچی گەنجان وەک توێژەران و بەڕێوەبەری دەزگای لوتکەش باسی لێوەکرد، لەپێناو دەستکەوتنی ژیانێکی ئارام تر و شایستە ترە، چەندین هۆکاری دیکەش هەن وەک نەبوونی موچە، خراپبوونی باری ئابووری هەرێم و دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و نەبوونی هەلی کار، هەروەها ناسەقامگیری لایەنە سیاسییەکانی هەرێم وای لە گەنجان و خێزانەکان کردووە کۆچی نایاسایی بکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

 

بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو کۆچبەرانەی دەڵێن "گەیشتووین" ڕێگە بۆ هاوڵاتیان دیکە خۆش دەکات

لەگەڵ ڕۆشتنی هەر گروپێکدا، یاخود گەشتنیان بە شوێنی مەبەست و تێپەڕاندنی مەترسییەکان، وێنەکانی گەنجان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ دەکات، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە ئەگەر چی دڵنیاییەکە لە سەلامەتیان، بەڵام هانی گەنجانی دیکەی ناو هەرێم دەدات کە کۆچ بکەن و ئەو ڕێگەیە بگرنە بەر بێئەوەی بیریان لەلای مەترسی ڕێگە و کارەساتەکانی بێت.

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە وتی: هاوڵاتیان کە کۆچ دەکەن بڕە پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن لە بەرامبەردا وڵاتانی دەرەوە مافی پەنابەرییان پێنادات و هاوکاریشیان ناکات، زۆرکات دەشیان گەڕێننەوە، لە نێوەندەدا تەنها ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان لەنێو دەچێت، بۆیە هاوڵاتیان با وابیرنەکەنەوە ئەوروپا بەهەشتە.

 

"چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگرە لە کۆچکردنی هاوڵاتیان"

ئاری جەلال کە ئاگاداری دۆخی گشتی پەنابەرانە، پێی وایە چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق وا لە گەنجان دەکات چیتر ڕوونەکەنە وڵاتانی دەرەوە لە پێناو دەستکەوتنی ژیانێکی خۆشتر، بگرە لە وڵاتەکەی خۆیان هەوڵی بەرەو پێشچوون و خزمەتکردن دەدەن، هەروەها داوا دەکات کۆچکردنی هاوڵاتیان یاسایی بکرێت، هەر کەسێک ویستی کۆچکردنی هەبوو بنێردرێت و دۆخی کامپەکان ببینن.

 

لەوکاتەی کۆچبەرەکان دەگەنە شوێنێ مەبەستی خۆیان و ناتوانن بەرگەی دۆخی ناو کەمپەکان بگرن، ناشتوانن بگەڕێنەوە، چونکە هەندێک لەو وڵاتانەی کۆچبەرەکان بۆی چوون ڕاستەوخۆ هێڵی فڕۆکەوانی لەگەڵ عێراق نییە، یاخود دەزگای کۆچ نییە لەو وڵاتانە، بەهۆی ئەوەی پاسپۆرتیشیان پێنییە ناتوانن لە نێوان سنوری چەند وڵاتێکدا هاتووچۆ بکەن و بگەڕێنەوە.

 

بە پێی یاسای ژمارە ٢٨٢ی حکومەتی عێراقی هەر پەنابەرێک کە پێش ساڵی ١٩٩١ چووەتە دەرەوەی عێڕاق و بگەڕێتەوە بڕی ٤ ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی پێدەدرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو بڕیارە کاری پێدەکرا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە نە ئێستا نە ڕابردوو کاری پێنەکراوە، حکومەتیش هیچ هاوکارییەکانی چینی گەنجان و کۆچبەرەکانی نەکردووە.

 

ت.پ