كۆسپەكانی دوای جیابوونەوە دەسپێكی جەنگن بۆ ژنان
لەکاتێکدا جیابوونەوە بۆ ڕزگار کردنی ژنانە لە توندوتیژی و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ ژنان، بەڵام کۆمەڵگە ژنانی جیابووەوە بیزار دەکەن، کنێر لوقمان، یاریدەدەری دادوەری لەدادگای بەرایی كۆیە دەڵێت: ژنان دوای جیابوونەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە تاوانبار دەکرێن.
شلێر کۆیی
کۆیە-پرۆسەی جیابوونەوە لە بنەڕەتدا ڕێگەچارەیەکی یاسایی و شەرعییە بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکی هاوسەرگیری کاتێک تێگەیشتن و نەگونجان دەگاتە بنبەست، بەڵام لە زۆربەی کۆمەڵگە نەریتییەکنا، جیابوونەوە نابێتە کۆتایی کێشەکان، بەڵکو دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئازار و توندوتیژی جۆراوجۆر بۆ سەر ژنان.
ژنانی جیابووەوە لەبری ئەوەی دەرفەتی دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئارام و شەرەفمەندانەیان پێبدرێت، زۆر جار دەبنە ئامانجی تانە و تەشەری کۆمەڵگە، فشاری دەروونی هاوسەری پێشوو، گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کار، و بەکارھێنانی منداڵ و نەفەقە وەک کارتی فشار لە دژیان. لەم ڕاپۆرتەدا، بە پشتیوانی لە وتەکانی کنێر لوقمان، یاریدەدەری دادوەر لە دادگای بەرایی کۆیە، تیشک دەخەینە سەر دەستنیشانکردنی ئەو ڕەهەند و توندوتیژییانەی کە لە دوای جیابوونەوە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی یاساکانی هەرێمی کوردستان لە پاراستنی مافەکانیان..
"ژنان دوای جیابوونەوە لەلایەن کۆمەڵگەوە تاوانبار دەکرێن"
كنێر لوقمان، یاریدەدەری دادوەری لەدادگای بەرایی كۆیە تایبەت بە توندوتیژیەكانی بەرامبەر بەژنان دەكرێت، لە كاتی جیابوونەوەو دوای جیابوونەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: سەبارەت بەو توندووتیژیانەو كیشانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە كاتی سكاڵا تۆمار كردن بۆ جیابوونەوە توندوتیژیەكان دەستپێدەكات و توندوتیژیەكان جۆریان زۆرە، بەشێكی پەیوەستە بە داب ونەریتەكان وكاریگەریان كردۆتە سەركۆمەڵگە، ئەوەش وایكردووە بەشێك لە تاكەكانی كۆمەڵگە ڕووبەڕووی توندوتیژی و پیشێلكاری ببنەوە، بۆ نموونە گەر باسی جیابوونەوە بكەین كە ژنێك جیادەبێتەوە كۆمەڵێك تانەو تەشەرە دەخەنە پاڵی و لەناو خەڵك پەنجەی بۆ دریژ دەكەن و دەڵێن ئەوژنە "تەڵاق" دراوە، قەت نابیستین بڵێن خۆی داوای جیابوونەوەی كردووە، خێرا تاوانەكە دەخەنە پاڵ ژنەكە و بەبێڕێزی سەیری دەكەن، نەنگیەك بەنێوچاوانی دادەدەن وەك بڵێن تاوانێكی گەورەی ئەنجامدابێت، لەكاتێك دا پێویستە بلێن ئەوژنەش مافی ژیانی هەیە ودەبێ روبەروی توندووتیژیەكان ببێتەوە، بەپیچەوانەوە دەڵێن ئەگەر ژنێكی باش با تەڵاق نەدەدرا بەداخەوە ئەو قسانەش وادەكەن كە پێگەو كەسایەتی ئەوژنە لەكەداربێت ودەیانەوێت لەرزۆكی بكەن، ئەوانەش وادەكەن ئەو ژنە پەراوێز ببێت توشی بەلا ڕێدا چونی زیاتر ببێت.
کێشەی نەفەقەو مارەیی و دەستدریژی و بەكارهێنان لەلایەن خاوەن كار
كنێر لوقمان وتیشی: لەروانگەی یاساوە گەر سەیربكەین كە ئەویشیان لایەنە كۆمەڵایەتیەكە دەوردەبینی ، بۆیە یەكێک لەگرفتە سەرەكیەكان چۆن ژنەكە منداڵەكەی وەردەگرێت، ئەو ژنانە لەپێناو دابینكردنی پێداویستی منداڵەكانیان هەوڵدەدەن كارێك بكەن. و ئابووریەكی سەربەخۆیان هەبێت، كە ئەوە گرفتێكی گەورەیە بۆژنان، ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت ومنداڵەكانی بەخێوبكات، وكاتێك بەدوای كاردا دەگەڕێت، لەلایەن خاوەن كارەكەوە ڕووبەڕووی دەستدریژی دەبنەوەو بەكاریان دێنن، ئەوەش هەر لەروانگەی كولتوورو نەریتەكانەوە هاتووە، گرفێكی دیكەی ئەوژنانەی جیادەبنەوە نەفەقەو مارەییە، زۆر جار كە دادگا بڕێك پارە دابین دەكات بۆ ژن ومنداڵەكان، ئەو پیاوە نایدات یان لەكاتی خۆی نایباتە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێكار ، ئەوەش وەك تۆڵەسەندنەوە یان جەنگی دەروونی بەرامبەر بەژنەكە دەكرێت، ئەوەش وادەكات بارگرانی بكەوێتە سەر ژنەكە، زۆر جار لەكاتی یەكتربینین لەپێناو منداڵەكان بە پێی ئەو ڕێکكەوتنەی لەدادگا دانراوە، لەوەش دیسان غەدریان لێدەكەن یان منداڵەكە ناهێنن بۆ بینینی دایكەكە، وەك كارتی فشار بەكاری دەهێنن ئەوەش ئازاردانی روحی دایكەكەیە وسیستمی دەروونی كەسەكە تێك دەچێت، ژنەكەش ئابووریەكی وای نییە كە خۆی وەریان بگرێتەوە و زۆر جار ئەوە ئاڵۆزیە دەروونیەكان زۆردەبن.
ڕووبەڕووی اگیچەڵی سێكسی دەبنەوە"
ئەوەشیخستەڕوو، زۆر جار كە ئەو ژنە لەماڵەكەی خۆی دەمێنتەوە دیسان لەلایەن كەسانی ترەوە ڕووبەڕووی گیچەڵی سێكسی دەبنەوە چونكە ئەوانە وادەزانن كە ژن جیابووەوە ئامرازێكە بۆ ئەوەی كاتی خۆیانی پێ بەسەربەرن، وا سەیرناكەن كە ژن كەرامەتی خۆی هەیە، هەمووژنێك وەك ئەوە نییە كە ئەوان بیری لێدەكەنەوە، بۆیە رۆژانە لەدەزگاكانی راگەیاندن دەبیستین كەژنێك لە لایەن هاوژینی پێشوویەوە كوژرا یان هێرشی كراوەتە سەر یان هەرەشەی لێدەكرێت، بەداخەوە رۆژانە ئەوانە دووبارە دەینەوە وكێشەی زۆر بۆ ژنەكان درووست دەكەن بەتایبەت كە هاوژینەکەی دەبیستێت كە ژنەكە بەتامایە هاوسەرگیری بکاتەوەو وژیانێكی نوێ دەستپێبكاتەوە، ئەوە لەگرفتە گەورەكانە و تاوانی كوشتنی لێدەكەوێتەوەو تۆمەتی بێ رەوشتی دەداتە پاڵ ژنەكەی تا وابكات هاوسەرگیریەكەی هەڵ بوەشینتەوە، رۆژانە ئێمە رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەبینەوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا كنێر لوقمان ئاماژەی بەوەشكرد، جێی خۆشحاڵیە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق یاساكانی بواری كەسی گۆرانكاری زۆریان بەسەر هات لە بەرژەوەندی ژنان و ئەو یاسانەی هەمووار كراوەتەوە مافی ژنانی تێدا دەستەبەربووە، سەرەرای هەمو كولتوورە دواكەوتووەكان ، كە زۆر جار دەڵێن گە ر جیاببیەوە هیچت ناكەوێت ئەوەش وانیە، لە ئیستادا ژنان ئاستی هۆشیاریان بەرزە، دەزانن كە یاساكان لە هەرێمی كوردستان پشتیوانیەكی ئەمنیان هەیە، مافەكانیان پارێزراوە كاتێك دێنە بەر دەم دادگا وسكاڵا دەكەن لەبەرامبەر ئەو توندووتیژیانەی بەرامبەریان دەكرێت.