کۆمەڵەی نابیستان؛ پێشکەوتنی کۆمەڵگە

"بە بەزەییەوە سەیرمان مەکەن، ڕێگامان بۆ خۆش بکەن"

سۆنیا مورادی

 

سنە -دانپێدانانی ناتەواو و تێنەگەیشتن لە کەسانی نابیست، هەلومەرجی بۆیان قورستر کردووە و شانسی ژیانێکی ئاسایی لێیان سەندراوەتەوە، لە کاتێکدا نابیستەکان بەشێکی گەورە لەکۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەشێکی زۆریان لەکۆمەڵگە ڕەتدەکرێنەوە، لەگەڵ ڕەفتاری چەقەڵانەدا بەهرەیەکی زۆریش لەدەست دەچێت، بەو پێیەی هەستی بیستنیان نییە، بە دڵنیاییەوە هێزی زیاتریان هەیە لە هەستەکانی تردا، بەڵام چی ڕوویدا کە پشتگوێ خران؟ مرۆڤ بە پرسیاری لەم جۆرە، دەتوانێت لە قووڵایی کارەساتەکە تێبگات.

 

بەڵام سەرەڕای ئەو پشتگوێخستن و هەڵاواردنانە، نەک هەر لە ژیان بێهیوا نەبوون، بەڵکو پاڵنەرێکیش بوو بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بچووک و لەوێ فێربوون و دان بە بەهرەکەیاندا بنێن بەرەو گەشەکردنی هەنگاو بنێن.

 

لە شاری سنە ژمارەیەک لە کەسانی نابیست، کۆمەڵەیەکیان بە ناوی بێدەنگی سەوزی کوردستان پێکهێناوە، ئەمە کۆمەڵەیە خۆیان لە پێناو باشترکردنی ژیانیان و باشترکردنی کوالیتی ژیانیان دایانمەزراندووەو ئاماژەیان بەوەکرد، هەمیشە بەدوای مافەکانیاندا دەگەڕێن و پاڵپشتی یەکتر دەکەن، بە لێهاتوویی خۆیان ئەوە پیشانی کۆمەڵگە دەدەن، بەتەواوی لەلایەن خودی نابیستەکانەوە دامەزرا و بە ئامانجی پەیوەندیکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکتر و داکۆکیکردن لە مافەکانیان خۆشبەختانە ساڵانێکە بەهاوکاری کەسانێک کە دەبیسن ئەم کۆمەڵەیە بەردەوامی بە کار و خەباتی داوە.

 

بەرنامەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتیین لە گروپی مۆسیقا و گۆرانی بە زمانی ئاماژە، دەف، هەڵپەڕکی، خۆلی بەهێزکردن و ئەنجامدانی کەمپ، بەرنامەی ڕۆشنبیری و کۆنفڕانس بۆکەسانی نابیستان و پشتیوانی و بەرگریکردن لە مافی نابیستان بۆ ئەنجامدانی کاروباری دادگا، هەروەها پشتگیری دارایی و ڕۆحی بۆکەسانی نیازمەند، لەم کۆڕبەندەدا بەرنامە ئامادەکراوە بۆ زیاتر ئاشنابوون و پەیوەندیکردن لەگەڵ نابیستەکان، ئەمەش یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە پەیوەندییەکی زۆریان لەگەڵدا نییە یان کێشەیان هەیە لە پەیوەندیکردن بۆ فێربوونی زمانی ئاماژە، ئەو بەرنامانەی کە هەموو ساڵێک بۆ ڕۆژی جیهانی نابیستان بەڕێوەدەچن، بە هەمان ئاڕاستەدان، هەرچەندە کۆمەڵەی بێدەنگی سەوز لە ساڵی٢٠١٥ مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٩٥ بووە.

 

کەسانی نابیست کە لە شاری سنە لە بوارە جیاجیاکاندا زۆرن، یەکێک لەو ژنانە، ئەسرا شەریعەتی خوێندکاری گرافیک، دیزاینەر و فۆتۆگرافەری کۆمەڵەین ابیستان و ئەندامی گروپی سروودی ئەم کۆمەڵەیەیە.

 

ئەسرا سەبارەت بە نەبوونی دەرفەت و بارودۆخی نابیستان وتی: ئاسانکارییەکان زۆر سنووردارە چەند ساڵێکە بەدوای ئامێری بیستندا دەگەڕێم، نە تەنها من، بەڵکو ئەمە کێشەی زۆرێک لە نابیستانە، ئێمە لە هۆڵەکانی وەرزش بێزار دەبین چونکە ڕاهێنەری تایبەتمان نییە و لە قسەکانی ڕاهێنەر تێناگەین، زۆرێک لەڕاهێنەرەکان ناتوانن پەیوەندیمان لەگەڵدا بکەن و ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کچە نابیستەکان وەرزش نەکەن و تەنها ژمارەیەکی سنوورداریان تێنس یان تایکواندۆ ئەنجام دەدەن، لە زانکۆ زۆر بێزار دەبین چونکە وەرگێڕمان نییە و ناچارین لە ئینتەرنێتەوە یان بە هاوکاری هاوپۆلەکانمان بەردەوام بین.

 

"زۆر کەس لە کۆمەڵگەدا لێمان تێناگەن"

سەبارەت بە پەروەردە و قوتابخانە، ئەسرا شەریعەتی دەڵێت: تا پۆلی٩ خوێندن ئاسان بوو، چونکە مامۆستاکان لە زمانی ئێمە تێدەگەیشتن و ئێمەش ئاسوودەتر بووین، زۆر ئازارم چەشت، چونکە کەس باوەڕی بە ئێمە نەبوو و ڕێگەی بۆ خۆش نەکردین، تا ئێستا بە هەوڵی خۆم دەرچووم، چونکە شەو و ڕۆژ کاتم بەسەر دەبرد و لە ئینتەرنێتەوە یارمەتیم وەرگرت، لە ماڵەوە تەلەفزیۆنەکە ژێرنووس و وەرگێڕی نییە، هەر بۆیە بە هیچ شێوەیەک سەیری ناکەم و تەنیا فیلم بە ژێرنووس لە ئینتەرنێتەوە دادەبەزێنم، ئەمەش پارەی تێدەچێت، بەڵام ناچارم، تا ئێستاش زۆر کەس لە کۆمەڵگەدا لێمان تێناگەن و بە بەزەییەوە سەیرمان دەکەن و بە هیچ شێوەیەک باوەڕیان بە تواناکانمان نییە. کاتێک لە زانکۆی گرافیک سەرکەوتم، کەس باوەڕی پێنەکردم، دەیانگوتنابیستێک دەتوانێت بیکات؟! یەکێک لە هاوڕێکانم بە ناوی "فەرزانە سلێمان بەگی" خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە و مامۆستای زانکۆیە، توانی وەک زۆر کەسی نابیست سەرکەوتوو بێت، ئەمە لە کاتێکدایە ژنانی نابیست زۆر زیاتر ئازار دەچێژن چونکە خێزانەکان ڕێگەمان پێنادەن بچینە دەرەوە.

 

ئەسرا باسی لەوەکرد، هەرچەندە خێزان و کۆمەڵگە لە زۆربەی شتەکاندا بیروڕای ئەوان وەرناگرن بەڵام ئەوان خۆیان پاڵپشتنی یەکترن، نابیستەکان هەمیشە لە پشت یەکەوەن چونکە باشتر لەیەکتر تێدەگەن و هەمیشە هەوڵدەدەن یارمەتی لەیەکتر وەربگرین.

 

ئەسرا شەریعەتی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە تەلەفزیۆنەکان وەرگێڕ یان ژێرنووس دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە بێ هاوکاری کەسانی دیکە بەدواداچوون بۆ بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان بکەین، هەروەها له نەخۆشخانه ، فەرمانگه ، زانکۆ و هتد، پێویسته خۆیان بگونجێنن یان زمانی ئاماژە بزانن بۆ ئەوەی بتوانین بەئاسانی کارەکانمان بکەین، هەروەها بتوانین پەیوەندی بکەین لەگەڵ بنکەی فریاکەوتنی وەک تیمی ئاگرکوژێنەوە یان پۆلیس و هتد.