کۆمەڵەی دار ڕێگای یاسایی بۆ کۆچبەران لە سەرێکانی داگیرکراو نیشان دەدات

ئێڤا ئیبراهیم، ئەندامی کۆمەڵەی دار بۆ زیانبەرکەوتووانی کۆچبەرانی زۆرەملێ دەڵێت: پێش قۆناغی گەڕانەوە پڕۆژەیەکی گرنگمان بۆ کۆچبەرانی ژنان لە سەرێکانی دەستپێکردووە و زۆر گرنگە ئێمە وەک ژنان ئاگاداری چۆنیەتی زانینی ڕێکارە یاساییەکان بین.

سۆرگول شێخۆ

 

قامیشلۆ-کۆمەڵەی دار بە پشتبەستن بە ڕێبازی مافی مرۆڤ، لە ڕێگەی بەرنامەکانی بنەمادار بە پێداویستییەکان، نیگەرانییەکانی کۆچبەران و پەنابەرانی ناوخۆ چارەسەر دەکات، کۆمەڵەکە لە ڕێگەی بەرنامەکانەوە لەسەر بنەمای پێداویستییەکان داکۆکی لە مافەکانیان دەکات.

 

کۆمەڵەکە سەکۆیەکە بۆ مافەکانی کۆچبەرانی زۆرەملێ، دڵنیای دەدات لە گەڕانەوەیان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە و پارێزراو بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان، قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە تووشی بوون، بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە کاتی کۆچکردنی زۆرەملێیاندا تووشی بوون.

 

کۆمەڵەی دار پڕۆژەیەکی تایبەتی بۆ ژنانی کۆچبەرانی سەرێکانی داگیرکراوی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە کامپەکانی کۆچکردنی نیشتەجێی دەستپێکردووە، ئیڤا ئیبراهیم، ئەندامی کۆمەڵەی دار بۆ زیانبەرکەوتووانی کۆچبەرانی زۆرەملێ، سەبارەت بە وردەکاری و ئامانجەکانی پڕۆژەکەی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.

 

”کۆچبەران دوای گەڕانەوەیان ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە”

ئێڤا ئیبراهیم لە سەرەتادا، ئاماژەی بەوەدا، کە گرنگترین خاڵی پەیماننامەی ٢٩ی کانوونی دووەم نێوان هێزەکانی قەسەدە و دیمەشق گەڕانەوەی کۆچبەران بووە بۆ شارە ڕەسەنەکانیان و وتی: دوای گەڕانەوەی هەزاران کەس لە عەفرینەوە، چاو لە ڕێگای گەڕانەوەی کۆچبەرانی سەرێکانی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بناغەی بۆ گەڕانەوەیان نەنراوە، دوای گەڕانەوەی تاکەکەسی زۆرێک لە خەڵکی کۆچبەر بۆ شارە داگیرکراوەکانیان، ڕووبەڕووی کێشەی یاسایی دەبنەوە لە گەڕانەوەی موڵکەکانیان، بینیمان کە ئەمە کێشەیەکی گرنگە وەک کۆمەڵەی دار بە گرنگمان زانی کە سەرنجمان لەسەر ئەم کێشەیە بێت و چۆن دەتوانین پشتگیری و هۆشیارکردنەوەی ژنان و پیاوانی کۆچبەر بکەین.

 

پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ کۆچبەران

ئێڤا ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، کە پڕۆژەیەکی تایبەتیان بۆ کۆچبەران دەستپێکردووە و وتی: ئامانجی پڕۆژەکە بەرەوپێشبردنی دادپەروەری گوازراوەیە لە سووریا لەڕێگەی پشتیوانیکردنی کۆچبەران و پاراستنی مافەکانیان، هەروەها ژنانی کۆچبەر بەهێز دەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگ لە هەوڵەکانی داکۆکیکردندا بگێڕن، لە هەمان کاتدا گرنگی دەدات بە خستنەڕووی پرسی ئاوارەبوونی زۆرەملێ و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ لە چوارچێوەی دادپەروەری گوازراوەدا، ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەتی خەڵکی کۆچبەری سەرێکانی.

 

”ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە٥٠٪ی ژنان دەکاتە ئامانج”

ڕوونیکردەوە، کە ئامانجی ئەم پڕۆژەیە هۆشیاری کۆچبەرانە بۆ ئەوەی ئاگاداری پرسی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی و یاسا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بن، وتی: ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ٥٠٪ی ژنان دەکاتە ئامانج، چالاکییەکانی پڕۆژەکە لە ٢٢ دانیشتن پێکدێت، ١٣ لەوانە تیشک دەخەنە سەر گەڕاندنەوەی موڵک و هەستیارکردنی کۆچبەران سەبارەت بە میکانیزمە یاساییەکان و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی تایبەتییان و چۆنیەتی بەڵگەنامەکردنی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە کاتی کۆچکردندا بەجێیان هێشتووە.

 

”بۆمان دەرکەوت کە گەشتی کۆچکردن یەکێک بوو لە سەختترین گەشتەکان بۆ ژنان”

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دانیشتنانەی کە دەمێننەوە بە تایبەتی تیشک دەخەنە سەر ڕاستی ژنان و ئەو سەختییانەی کە بەر لە گەڕانەوەیان و دوای گەڕانەوەیان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و وتی: لە ڕێگەی ئەو سێ دانیشتنەی کە ئەنجامماندا، یەکێکیان لە کامپی واشۆکانی و ئەوی دیکەیان لە قامیشلۆ، بە چاوی خۆمان ئەو سەختییانەمان بینی کە ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە لە کامپەکەدا ژنان زیاتر بەدەست سەختییەکانی کۆکردنەوە دەناڵێنن. چونکە گەشتی کۆچکردن یەکێک بوو لە سەختترین گەشتەکان بۆ ژنان، زۆر باسمان لە بارودۆخی ژنان کرد لە ئەگەری گەڕانەوەیان، دانیشتنەکانمان بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت، لە کۆتاییدا بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە لە شێوەی پەڕەیەکی بنەمایدا کۆتایی بە پڕۆژەکەمان کۆچکردن کە باس لە ئازارەکانی خەڵکی سەرێکانی لە کاتی کۆچکردن زو داواکارییەکانیان دەکات.

 

ئەو ٢٢ دانیشتنە لە ئەنجامدا دوو توێژینەوەی سەرەکی دەبێت

جەختی کردەوە لە پڕۆژەکەیدا گرنگی بە دوو توێژینەوە دەدات ووتی: دوو توێژینەوەکە کورتەیەک لە سەرجەم دانیشتنەکان لەگەڵ ژنانی کۆچبەردا دەخەنە ڕوو، یەکێکیان لەسەر میکانیزمە یاساییەکان دەبێت و ئەوی دیکەیان لەسەر ڕاستی ژنان و ئەوەی کە لە کاتی کۆچکردندا ئەزموونیان کردووە، هەروەها داواکارییەکانیان پێش و دوای گەڕانەوەیان دەبێت، سەرنج دەخەینە سەر کەیس و چیرۆکی سەرکەوتنی ژنان لە کاتی گەشتی کۆچکردنیان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی میدیاییەوە.

 

مەشقی تایبەت بۆ پارێزەرانی کۆچبەران

تیشکی خستە سەر خاڵێکی گرنگ و وتی: مەشقەکانی تایبەت بۆ ژنان ئەنجام دەدرێت و ئێمە ٥ بۆ ١٠ ژن هەڵدەبژێرین بۆ بەهێزکردنیان لە بواری داکۆکیکاری نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەی هەستیاری ڕەگەز، بۆ ئەوەی بتوانن سەرکردایەتی لیژنەکانی داکۆکیکردن بکەن، بۆیە ئێمە پارێزەرانی ژنانی کۆچبەران هەڵدەبژێرین، ئەم بەهێزکردنە بە دابینکردنی ئامرازەکانی داکۆکیکردنیان، واتە ڕێگا و میکانیزمێک کە ئەوان بەکاریدەهێنێت بۆ کاریگەریکردن لەسەر بڕیاردەران، گۆڕینی سیاسەتەکان یان کۆکردنەوەی پشتیوانی گشتی بۆ ڕووداوێکی دیاریکراو.

 

گرنگە کۆچبەران پێش گەڕانەوەیان داوای ڕاوێژی یاسایی بکەن

ئێڤا ئیبراهیم ئاماژەی بە چالاکیەکی تری ناو پرۆژەکە کرد، کە ڕاوێژکاری یاسایی لەخۆدەگرێت و وتی: دەرگاکانی کۆمەڵەی دار کراوەن بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ڕاوێژکاری یاسایییان دەوێت، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تۆڕی دیجیتاڵیەوە، کردنەوەی دەرگای ڕاوێژکاری یاساییمان بۆ ژنان و پیاوانی کۆچبەر ڕاگەیاند، بەمەبەستی پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری بێبەرامبەریان، ئامۆژگارییەکان بە تایبەتی بۆ ئەو کۆچبەرانە دەدرێن کە هیچ بەڵگەنامەیەکیان لەگەڵ خۆیان نەهێناوە و نازانن لەم قۆناغەدا، واتە قۆناغی گەڕانەوە چۆن بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەڵگەنامە و موڵکەکانیان بەڵگەنامە بکەن، چونکە بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکانیان بۆ ماڵ و زەویەکانیان لە کاتی کۆچکردندا لەدەستداوە،  لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ شارەکانیان ڕووبەڕووی ئەو جۆرە سەختییانە دەبنەوە.

 

”پێویستە کۆچبەران ئاگاداری چۆنیەتی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بن لە قۆناغی پێش گەڕانەوەدا”

ئێڤا ئیبراهیم بەم پەیامە کۆتایی بە قسەکانی هێناو وتی: پەیامی من بۆ هەموو ژنانی کۆچبەر ئەوەیە کە لە قۆناغی پێش گەڕانەوە، واتە لەم قۆناغەی ئێستادا زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەک ژنان ئاگاداری چۆنیەتی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بین، دەبێت بزانین پێش گەڕانەوە و دوای گەڕانەوە چ ڕێکارێکی یاسایی پەیڕەو بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو موڵکەکانمان بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی ئێستا لە سەرێکانی دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی ئێمەدا گرتووە، داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی، ئێمە نهێنی تەواو دەپارێزین سەبارەت بەو زانیاریانەی کە کۆچبەران پێشکەشی کۆمەڵەکە دەکەن.