"ڕێکخراوی سارا پشتی ژنانی بێ پشتیوانە"

ڕەجا عیسا، ئەندامی ڕێکخراوی سارا، باسی لەوەکرد ڕێکخراوەکە لەپێناو ئاواکردنی ژیانێکی ئازاد و ئاسایشە بۆ ژنان تێدەکۆشێت، باسی لەوەشکرد کە ساڵی ٢٠٢١ کارێکی سەرکەوتوو بۆ ژنان ئەنجامدرا و ساڵی نوێش لقەکانی ڕێکخراوی سارا خۆی دەگەیەنێتە هەموو ژنان.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- ڕێکخراوی سارا، ڕێکخراوێکی ژنانی مەدەنی و کۆمەڵگەیە، لە دژی توندوتیژی و جیاکاری ڕەگەزی تێدەکۆشێت، سارا ژنانی هەموو لایەنەکان بێ جیاوازی باوەڕی و ئاین بە ئەندامی خۆی دادەنێت، لە ١ی تەمموزی ٢٠١٣ لە قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و پەیامی نێونەتەوەیی و میدیای جیهانییە بۆ تێکۆشان لە دژی توندوتیژی سەر ژنان، لە سەرەتای دامەزراندنیییەوە کاردەکات بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەلایەتی، هەوڵدەدات بۆ کەمکردنەوەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ڕێگەی سیمینار، چالاکی و بەرنامەکانی تواناسازی ژنان و پاراستنی ژنانی چەوساوەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی ٢٠٢٢، ڕەجا عیسا، ئەندامی ڕێکخراوی سارا، کاری ڕێکخراوەکەی بۆ ئاژانسی نوژنها هەڵسەنگاند.

 

ڕەجا لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوی سارا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان و ڕزگارکردنیانە لە توندوتیژی، "لە ڕێکخراوەکەدا ژنانی هەموو پێکهاتەکان کاری تێدادەکەن، لە کۆبانێ، حەسەکە، سڕین و قامیشلۆ لقمان هەیە و لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، نەهێشتنی توندوتیژی دژیان، بەدەستهێنانی مافەکانیان، پشتیوانی و پاراستنیان کاردەکات، سارا چاودێری دۆزی ژنان دەکات و وەکو ئەندامانیش هەمیشە داوامان لێدەکرێت کە هاوکاری ژنان بکەین و کێشەکانیان چارەسەر بکەین".

 

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی سارا ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی ئەمساڵدا کارەکانیان پەیوەست بووە بە توندوتیژی و یاسای ژنان و سیمیناریشیان لە قەزاکاندا سازکردووە بۆ زیاتر ئاشناکردنی ڕێکخراوەکەیان و پەیوەندیشیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەدا چڕ کردووەتەوە.

 

"تۆ هیوایت" کەمپەینی نەهێشتنی دیاردەی خۆکوشتنی ژنانی گەنجە

ڕەجا باسی لە خۆکوشتنی ژنانی گەنج و دەستپێکردنی کەمپەینی "تۆ هیوایت" کرد و وتی: بەم دواییە ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان زیادیکردووە، بۆیە بە پێویستمانزانی کەمپەینی "تۆ هیوایت" دەستپێبکەین و سەردانی چەندین خوێندنگەمان کرد، دیاریمان بەسەریاندا دابەشکرد و هۆشیاریمان بڵاوکردەوە، چاودێری پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکارانمان لەو تەمەنە هەستیارەدا کرد و باسمان لەوەکرد کە پێویستە پێداویستی خوێندکاران دابینبکرێت و ئاگاداری ژنانی گەنج بکرێت چونکە خوێندنگە، خێزان و کۆمەڵگە کاریگەری دەکاتە سەریان لەلایەنی دەروونییەوە، ئەمەش یەکێکە لە پلانەکانمان کە کاری لەسەر دەکەین.

 

هەڵمەتی "دەنگم لەگەڵ دەنگی تۆیە، نا بۆ کوشتنی ژنان"

هەروەها باسی لەوەکرد "ڕێکخستنی سارا ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژییە لەسەر ژنان، لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان خاوەن واتایەکی قوڵە بۆ ئێمە، بۆیە دەستمان بە هەڵمەتی "دەنگم لەگەڵ دەنگی تۆیە، نا بۆ کوشتنی ژنان" کرد و لە قامیشلۆ، کۆبانێ، حەسەکە و سڕین درێژەمان پێدا، چەندین بڵاوکراوە، فلێکس و کورتە ڤیدیۆمان لەسەر توندوتیژییەکان بڵاوکردەوە، بەداخەوە گەلێک پیاو کە مێژووی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییان نەدەزانی، ئێمە باسمان لە تێکۆشانی خوشکانی میرابیل کرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا سەردانی گوندی ژنوارمان کرد و سیمینارمان لە قامیشلۆ پێشکەشکرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان بەناوی "لەبەر ئەوەی تۆ ئازادیت"ڕێکخست لەگەڵ تۆڕی پێشەنگانی ژن و کۆمەڵەی شاویشکای ژنان لەسەر توندوتیژی سەر ژنان.

 

"سارا چاودێری کەیسی ژنان لە دادگا دەکات"

"لیژنەیەک هەیە بەناوی 'لیژنەی چاودێری توندوتیژی' لە رێکخراوی سارا، ڕۆڵی ئەم لیژنەیە چاودێریکردنی کەیسەکانی وەک دەستدرێژی سێکسی و لێدان و کوشتن و خۆکوشتنی ژنانە لە دادگاکاندا، لەم بوارەدا دادگاکان و ماڵی ژنان هاوکاریمان دەکەن و دەیانەوێت هاوکارییان پێشکەش بکەین، ئێمە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی کاردەکەین، بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر دادگا مافی ژنان نەدات ئەوا مافی ئەوەمان هەیە بڕیارەکە قبوڵ نەکەین، ئێمە قبوڵناکەین کە بێ مافی بەرامبەر ژنێک بکرێت، ئەگەر خێزانەکەشی قبوڵی بکەن، ئێمە وەک ڕێکخراوی سارا قبوڵی ناکەین و پێویستە مافی ژنان بەتەواوی بدرێت.

 

"سارا ژیانێکی تەندروست و سەلامەتی بۆ ژنان بنیاد دەنێت"

ڕەجا باس لە تێکۆشانی ڕێکخراوی سارا دەکات و دەڵێت: "توندوتیژی لە جیهاندا بە گشتی و بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، چونکە ئێمە لە دۆخێکی شەڕدا دەژین دەوڵەتەکانی جیهان هەموو شەڕەکانیان لەسەر ئێمە و بەتایبەتی لەڕێی شەڕی دەروونییەوە، بۆیە دەبینین توندوتیژی و کوشتن و خۆکوشتن ڕوودەدات، لەمساڵدا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٣٩ حاڵەتی کوشتن، ٩٢ لێدان، ٢٤ هەڕەشەی کوشتن، ٥ دەستدرێژی سێکسی و ٩ دەستدرێژی، ٣٩ حاڵەتی ئازادکردن، ٣٤ حاڵەتی خۆکوشتن و ٣٤ هەوڵی خۆکوشتن هەبوون."

 

هەروەها وتی: ڕێکخراوەکەمان هەمیشە لە هەوڵی کەمکردنەوەی ڕێژەکەدایە تا ژیانێکی سەلامەت و تەندروست بۆ ژنان دەستەبەر بکات، ئەمساڵ توانیمان خۆمان بگەیەنینە زۆرترین ژن و لە توندوتیژی ڕزگاریان بکەین، هاوکات بەدواداچوون بۆ کەیسی کوشتنی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەین، زۆرجار ژن و پیاو ڕوویان تێدەکردین بۆ ئەوەی جیاببنەوە بەڵام ئێمە نەمانهێشت، چونکە ژیانێکی تەندروست و هاوبەش و سەلامەت بۆ هەمووان دەخوازین و هاوکاریمان کرد بۆ پێکەوە ژیانی شایستە.

 

کار و پلانەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕەجا، پلانی رێکخراوی سارای بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم شێوەیە ڕاگەیاند:

کردنەوەی فەرمانگە و زیادکردنی لقی ڕێکخراوەکە لە ناوچەکانی وەک دێرک، ڕەققە، عەین عیسا و ئەو ناوچانەی دەستیان پێی نەگەشتووە.

بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی کاری لەسەر دەکەن و چارەسەرکردنیان، تا بتوانین بیکەنە نمونەیەک لە سەرکەوتنەکانی ڕێکخراوی سارا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنانی چەوساوە.

بەردەوامبوونی سیمینار و هەڵمەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

 

ت.پ