ڕێکخراوەکانی ژنان: دەبێت ساڵی ئایندە هەمووان دژی توندتیژییەکان بوەستینەوە

ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ساڵانە بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، بۆیە ڕێکخراوەکان باس لە دیارترین هۆکارەکانی توندوتیژییەکانی ساڵی ٢٠٢١ دەکەن، دەڵێن ساڵێکە ژنان زیاتر هۆشیاربوونەتەوە و ڕێکاری یاسایی دەگرنە بەر، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانە پێویستە بە یەکدەنگ و یەکڕیزی کار بۆ ژنان و بەرگری لە مافەکانیان بکرێت.

 

تەرزە تەها

هەولێر/سلێمانی- ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکی پڕ لە توندوتیژی و ئازار بووە بۆ ژنان، لە ماوەی ١٠ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا ١١ ١هەزار و ٧٧٧ توندوتیژی بەرامبەر ژن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، چەندین حاڵەتی کوشتن، خۆکوشتن و خۆسوتان تۆمارکراوە، سەرباری بەرزبوونەوەی ئەو دەستدرێژییە سێکسیانەی تۆمارکراون.

 

لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەکان بەردەوام هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دەدەن، بەڵام وەک خۆیان باسی دەکەن قەیران و دۆخە سیاسییەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر مانەوەی توندوتیژییەکان هەیە، هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانەوە بەردەوام ماندوون و دەروونیان نائارامە.

 

"هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان زۆرن، یەکێک لەوانە هۆکاری ئابووریە"

لە دیدی ڕێکخراوەکاندا هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان زۆر و جۆراوجۆران، یەکێک لەو هۆکارانەی ئامینە محمود، پارێزەر و ئەندامی ڕێکخراوی پاو لە هەولێر باسی دەکات، هۆکاری ئابووریە، کە کاریگەرییەکی تەواوی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاماری توندوتیژییەکان هەیە، خەڵک لە ماڵەوە لەبەر بێ پارەیی توڕەیی خۆی بەسەر خێزانەکەیدا بەتاڵ دەکاتەوە.

 

"هۆکاری ئابوری زۆر کاریگەری لە خەڵک کردووە کە توندوتیژی زۆربێت، خەڵک لە ماڵەوە بێ پارەیە توندوتیژی بەرامبەر یەکتری دەکەن، نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، نەبوونی هۆشیاری ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری توندوتیژییەکانی زیاتر کردووە" .

 

ئەو لەپێناو کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان پێشنیاری ئەوە دەکات، هۆشیارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هۆشیاری یاسایی بکرێتە پڕۆگرامێک لە ناوەندەکانی خوێندندا بە گوێرەی تەمەنی قوتابییەکان بخوێندرێت، بە پێویستیشی دەزانێت کە ڕێکخراوەکان ڕۆڵ ببین و چالاکییەکانیان لەناو خەڵک و کۆڵانەکاندا ئەنجام بدەن.

 

"دۆخی ڕێکخراوەکان لەسەر پشتگیری حکومەت و ڕێکخراوە جیهانییەکان بەندە"

ئەگەرچی ڕێکخراوەکان پێشتر بەشە بودجەیەکیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دانرابوو، بەڵام چەند ساڵێکە بە بیانووی قەیرانی داراییەوە ئەو بەشە بودجەیە بڕاوە، وەک گەزەنگ سەلام، پارێزەر لە ڕێکخراوی ئێمە ڕوونیدەکاتەوە، کە دۆخی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان پەیوەستە بە پشتگیری حکومەت و ڕێکخراوە جیهانی و نێودەڵەتییەکان، تا زیاتر هاوکاریی ماددی و مەعنەوی بکرێن و فەندیان پێندرێت، ئەوا دەتوانن باشتر چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن.

 

ڕێکخراوەکان ساڵانە ئامانج و پڕۆژەی تایبەتی خۆیان هەیە، لەسەرەتایی ساڵدا پلانەکانیان دادەڕێژن، کە دەیانەویت بۆ ئەو ساڵە کار لەسەر چ پلان و پڕۆژەیەک بکەن، باس لەوەش دەکات کە پێویستە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ کار لەسەر توندوتیژی و گێچەڵ لەسەر ژنان بکرێت، چونکە توندوتیژییەکان تەنها لە ماڵدا ئەنجام نادرێت بەڵکو لە دەرەوە و لە شوێنی کاریشدا ڕووبەڕووی توندوتیژی و گێچەڵ دەبنەوە.

 

"ژن ئێستا ئەو بوێرییەی هەیە بێت و سکاڵا تۆمار بکات"

هۆشیاربوونەوەی ژنان بەیەکەم هەنگاو بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان و داواکاریی مافەکانیان دادەنرێت، وەک نەسرین عومەر پارێزەر لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێستا ژنان هۆشیاربوونەتەوە لە مافەکانی خۆیان، بەشێک لە هۆکاری زیادبوونی ئامارەکانی توندوتیژیشی بۆ ئەوە گەڕاندەووە، کە ژنان ئێستا بوێریان هەیە بێن و سکاڵا تۆماربکەن.

 

"ژن ئێستا ئەزانێت مافی خۆی چییە، یاساکان دەزانێت بەرەو دادگاکان و مافی خۆی دێت، ئێستا ژن هۆشیار بووەتەوە، ئەوەی بەرامبەری دەکرێت ناحەقیە بۆیە ڕێژەکان بەرزبووبێتەوە".

 

نەسرین عومەر وەک پارێزەرێک باس لە کێشەکانی ژنان لەم ساڵدا لە بواری یاساییدا دەکات، لەوانە ڕۆتیناتی ناو دادگاکان و زۆری ماوەی یەکلایی بوونەوەی کەیسێک، کە بووەتە هۆی ئەوەی بەدەگمەن کەیسەکان بچنە شووێنی خۆیان، هاوکات جەخت لەوەشدەکاتەوە، کە دەبێت بەشێک لە یاساکان هەمواربکرێنەوە، هەروەها بەشێکی دیکە لە کێشەکان جێبەجێنەکردنی یاساکانە بەهەۆی بەلارێدابردن و "واستە".

 

بەپێی بینینەکانی خۆی بۆ ئەو ڕووداوانەی لە دادگاکان بینوویەتی دیقەتی ئەوەی داوە کە ژنان هەست بە نەبوونی پاڵپشتی دەکەن، بۆیە هۆشیارکردنەوەی ژنان لە نەبوونی ترس لەکاتی گرتنەبەری ڕێگای یاسایی بە حەتمییەکی تەواوەتی دەزانێت، کە دەبێت ژن چیتر نەترسێت لە تۆمارکردنی سکاڵا و پاشگەزنەبێتەوە لە سکاڵاکەی، پێویستە ژنان تێبگەیەندرێن کە بەتەنها نین و یاسایان لە پشتە.

 

ساڵی ٢٠٢١ بۆ ژنان

لە ساڵی ٢٠٢١ چەندین حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بوونە بابەتی گەرمی ڕاگەیاندنەکان، چەندین ژن بەشێوەیەکی قێزەونانە و دوور لە ئاکاری مرۆڤایەتی کوژران، لەوانەش کوشتنی زەهرای ٢١ ساڵ، دۆزینەوەی تەرمی ژنان لە گۆڕستانەکان و چۆڵەوانییەکاندا، خۆکوشتنی قوتابییەکان بە چەک لە قوتابخانەکان و کوشتنی ژنێکی فەرمانبەر لە دامەزراوەیەکی فەرمی حکومەتدا.

 

لە کۆتا ڕووداوەکانی ساڵیشدا دۆزینەوە تەرمی ژنێک لە گۆڕستانێک، کوشتنی ئەفسەرێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی و خۆکوشتن، ئەمەش سەرباری دەستگیرنەکردنی تاوانبارەکان، وا لە ژینۆ حەمە ڕەشید ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان دەکات کە بڵێت "ساڵی ٢٠٢١ بۆ ژن نەهامەتی بوو، چونکە وەک خۆشتان دەزانن ڕۆژانە ژن دەکوژرێت، دەستدرێژی، گێچەڵ و بوختان بە ژنان دەکرێن، ئەوانە هەموو کارەساتی گەورەن کە ڕووبەڕووی ژن دەبێتەوە".

 

ئەو وێرای ئەوەی دڵخۆشە بەو دەستکەوتانەی ژنی کورد لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە "چنگەکڕێ"ی خۆیان توانیوویانە سەرکەوتن بەدەستبهێنن، بەڵام نەهامەتییەکان بۆ ژنان لە سەرکەوتنەکان زۆر زیاتر بووە، لەبەر ئەوەش بەپێویستی دەزانێت کە ژنان لە دەسەڵات و حزبەکاندا شان بە شانی ژنانی ناو ڕێکخراوەکان و چالاکوانان کار و ئەرکی قورس بگرنە دەست، بە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست دژی توندوتیژییەکان بوەستنەوە.

 

"ئەگەر ژنان بە یەکدەنگ هەڵوێستمان هەبێت، یەک دەنگ و یەکڕیز بین، دژی ئەو هەموو بوختان، دەستدرێژی و تاوانانە بۆ ژنان دەکرێت بەڕاستی دەتوانین هەنگاوی باشتر بنێین و کاریگەری دروست بکەین، بەڵام نەکراوە!!!".

 

"پێویستە هەموو ژنان پێکەوە، ژنانی ناو حزبەکان، ژنانی مامۆستایان، هەموو توێژەکان بەیەکەوە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بە هزرێکی ژنانە بتوانین هیچ نەبێت ئەو کارەسات، دەستدرێژی و توندوتیژیانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کەم بکەینەوە".

 

ت.پ