ئاوات حیسامەدین: سەرجەم بیر و باوەڕیەکان بانگەوازی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن
لە مێژووەوە تا ئێستا ژنان هۆکاری سەرەکی مانەوەی باوەڕی و نەتەوە جیاوازەکانن لە ناو گەلی کورددا، هەمیشە پەیامی ئاشتی و پێکەوە ژیانیان لە نەوەیەکەوە گواستووەتەوە بۆ نەوەیەکی دیکە.
سلێمانی-لە مێژوەوە تا ئێستا چەندین کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەسەر نەتەوەی کورددا کراوە، بەشێکیان بەهۆی بوونی بیر و باوەڕی جیاوازەوە بەرامبەر کەمە نەتەوەییەکانی کورد ئەنجام دراوە، لەوانە کاکەیی و ئێزیدی و زەردەشتی، شەبەک و کلد و ئاشووری، هەوڵدراوە لە بیر و باوەڕی خۆیان دایانماڵن، بەڵام ئەوان وەک نەتەوەی کورد هەمیشە هەوڵی مانەوەیان داوە و تێکۆشانیان کردووە لەپێناو بیر و باوەڕەکەیان.
گومانی تێدا نییە ژنان ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە مانەوەی بیر و باوەڕی و نەتەوە جیاوازەکانی ناو گەلی کورد، چونکە ژنان هۆکار بوون بۆ گواستنەوەی ئەو بیر و باوەڕانە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو، هەمیشەش سیمبولی پێکەوەژیان بوون.
"مانەوەی بیر و باوەڕی جیاواز مانەوەی ئاشتی و پێکەوە ژیانە"
ئاوات حیسامەدین، نوێنەری باوەڕیی زەردەشتییەکان باسی لەوەکرد، باوەڕیی زەردەشتی، کاکەیی و یەزیدی باوەڕیی ڕەسەنی کوردن و لە کوردستانەوە هەڵقوڵاون، نەک تەنها ئەوەش یەکەم باوەڕین لە جیهاندا، گەلان بە گشتی بت و مانگ و شتی دیکەیان دەپەرست، تەنها کورد بەو جۆرە نەبووە، تەنانەت لەو سەردەمانەی پەیامی خواشیان پێنەگەیشتبوو ڕۆژیان پەرستووە و پێیان وابووە ڕۆژ نەبێت ژیان نابێت.
سەرەڕای چەوساندنەوەکان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان، بەڵام ئەم باوەڕیانە هەمیشە هەوڵیان داوە لەسەر بیروڕای خۆیان بمێننەوە، ئاوات حیسامەدین دەشڵێت: ساڵانە چەندین داهات دابین دەکرێت بۆ مافی مرۆڤ و کاری تێدا دەکرێت، بەڵام لە ئاست بیر و باوەڕیە جیاوازەکان و هەوڵدان بۆ لەناوبردنیان هیچ کارێک ناکرێت و مافی مرۆڤ بۆ خۆی بێدەنگە".
"ژنان هەمیشە ڕۆڵیان هەبووە لە مانەوەی بیر و باوەڕیە جیاوازەکاندا"
ئاوات حیسامەدین باسی لەوەکرد لە جیهاندا پیاوان زۆرداری دەکەن و ژنان هەوڵی بەرپاکردنی ئاشتی دەدەن، ژن دایک و چەک هەڵگر بووە، هەمیشە هەوڵی داوە داکۆکی لە بیر و باوەڕیە کولتوورییەکەی خۆی بکات، ژنی کورد بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە ماف و بیر و باوەڕیەکان کردووە، دەشڵێت "گەلی کورد بۆ ئەوەی بگاتە سەربەخۆیی دەبێت ئاین لە سیاسەت و بازرگان لە سیاسەت جیابکاتەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەموو باوەڕیەکان بانگەوازی بۆ خودا دەکەن، هەموو ئاین و باوەڕیەکان بانگەوازی ئاشتی و پێکەوەژیانی دەکەن، لە هیچ ئاینێکدا نەهاتووە گەل یەکتر بکوژێت و زوڵم و زۆرداری هەبێت، بەڵکو هەمیشە بانگەوازی بۆ ئاشتی دەکەن، ئەو توندوتیژی و کوشتارەی داعش ئەنجامی دەدات لە هیچ باوەڕیێکیشدا نەهاتووە، بەڵکو ئەم کۆمەڵانە بە ناوی ئاینەوە توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
"ناکرێت تا ئێستاش بە باوەڕیەکانی ئێزیدی، زەردەشتی و کاکەیی بوترێت کەمە نەتەوە"
ئاوات حیسامەدین باسی لەوەشکرد، وەک باوەڕیی زەردەشتی هەمیشە پەیامی پێکەوەژیانی و ئاشتیان هەبووە، بەڵام چەندین جار لەلایەن کەسانی توندڕەوەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و باوەڕیەکەیان ڕەت دەکەنەوە، دەشڵێت: بە ئێستاشەوە باوەڕیی زەردەشتی هێرشی دەکرێتە سەر، هێرشەکان بە گشتی هێرشی ڕاگەیاندنن کە زۆرترین قسەی نەشیاومان پێ دەوترێت، بەوەی ئێمە ئاگر دەپەرستین لە کاتێکدا ئێمە خودای تاک و تەنها دەپەرستین.
لە کۆتایدا دەڵێت: باوەڕیی زەردەشتی، یەزێدی و کاکەیی کە هەموان پێی دەڵێن کەمە نەتەوە باوەڕییەکن، کە لە میزۆپۆتامیاوە هەڵقوڵاون و باوەڕیی ڕەسەنی کوردن، بۆیە مافیان دەخورێت ئەگەر پێیان بوترێت کەمە نەتەوە، بەڵام هەندێک لایەن هەیە بەڵێ دەڵێن کەمە نەتەوە لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و سودی خۆیان، هەندێک لەو هێرشە توندڕەوانەش هۆکارەکەی بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە لە دەسەڵاتدا، چونکە دەسەڵات بۆ خۆی کۆمەڵگە لەسەر ئەقڵیەتی پیاو دەبات بەڕێوە.