خێزانەکان هۆشیاری لەبارەی زیانەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە بە منداڵەکانیان نادەن

هەرچەندە هیچ ئامارێکی تەواو لەبەردەستدا نییە، بەڵام وەک چالاکوان و پارێزەران باسی دەکەن هاوسەرگیری پێشوەختە لە ڕانیە ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەشێک لە خێزانەکانیش تەنها دەیانەوێت کچەکانیان بدەن بە شوو، لە دەرەوەی دادگاش مارەیان دەکەن.

 

تەرزە تەها

ڕاپەڕین- سۆما، ناوێکی خوازراوە بۆ منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵان، لەبەر ئەوەی لە خێزانەکەیاندا منداڵی زۆریان هەیە، بە بڕێک پارە دەیدەن بە کوڕێکی تەمەن ١٦ ساڵ، سۆما لە تەمەنی ١١ ساڵیدا منداڵێکی دەبێت.

بەهۆی ڕەفتاری منداڵانە کە هێشتا لە جیهاندا منداڵیەکەیدا دەژی هیچ زانیارییەکی نییە، هاوسەرەکەشی بە لێدان و سەرتاشین دەیەوێت لە ماڵ نەچێتە دەر و بۆیە ڕووبەڕووی توندوتیژی زۆر دەبێتەوە.

دۆخی ئەم منداڵە دۆخی دەیان و سەدان ژنانی گەنجی ئەم سنوورەیە، کە هەر بە منداڵی و پێش تێگەیشتنی لە ژیان دەخرێتە ژێر باری بەرپرسیارێتی خێزان و هاوسەرگیری.

 

لەکاتێدا لە دوای ساڵانی نەوەدەکان ئەم دیاردەیە بەرەو نەمان چوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە، بەشێکی کچانی خوار ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن.

 

"تا ئەقڵێکی پێگەیشتووی نەبێت کچەکەم نادەم بە شوو"

هاوڵاتیانی ڕانییە، هاوسەرگیری پێشوەختە بە کارێکی نەگونجاو دەزانن، لەنێوان ئەو کەسانەی لێدوانمان لێوەرگرتن و پێش ١٨ ساڵی هاوسەرگیریان پێکرابوو، ئێستا نایانەوێت منداڵەکانیان لە تەمەنێکی وا زوودا هاوسەرگیری بکەن.

 

ڕوئیا ئیسماعیل، ژنێکی تەمەنی ٣٨ ساڵە، باس لەوەدەکات کاتێک کەسێک هاوسەرگیری دەکات دەبێت ئەقڵێکی پێگەیشتووی هەبێت، بەشێکی هۆکاری زیادبوونی جیابوونەوەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، "ئەوانەی کە ئێستا جیادەبنەوە، ئەوانەن کە بە زووی هاوسەرگیرییان کردووە".

 

لەنیا عەدنانی ٢١ ساڵ، لە تەمەنی ١١ ساڵ و نیودا هاوسەرگیری پێکراوە، بەڵام جەخت لەوەدەکاتەوە کە ژیانی هاوسەرگیری ژیانێکی قورس و جیاوازە، دەڵێت "منداڵەکانم تا ئەقڵێکی پیگەیشتوویان نەبێت ڕێگا نادام هاوسەگیری بکەن".

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هۆکارێک دادەنرێن

هێڤی عارف، ژنێکی گەنجی ١٩ ساڵە، وێڕای ئەوەی هاوسەرگیری پێشوەختە بە کارێکی هەڵە دەبینێت، هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە، "زیاتر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، جاری وا هەیە دایکوباوک هۆشیاری دەداتە منداڵەکانی، دەبێت دایکوباوکەکان ئاگاداربن تا ٢٥ ساڵ ئەو کەسە پێگەیشتوو نییە بۆ هاوسەرگیری".

 

فاتمە عەبدولڕەحمان، ٥٦ ساڵ، بە ١٧ ساڵی هاوسەرگیری کرووە، دەڵێت ژیانێکی قورس و ناخۆشی هەبووە، "ژن بە ژن بوو چارمان نەبوو، بەرێوەڵا هێندە ژیانمان ناخۆش بوو، لەگەڵ خەزور و خەسوو، نەبوونی و پیاو و بە شاخەوە بوین پێشمەرگایەتییمان کردووە".

 

فاتمە قادر، تەمەنی ٤٧ ساڵە دەڵێت پێویستە هاوسەرگیری لە تەمەنی ١٨ ساڵی کەمتر نەبێت.

 

"ئەوەی ئێستا هەیە تەنها حەزێکی کاتییە"

هەرچەندە هیچ ئامارێکی تەواو لەبەردەستدا نییە، وەک چالاکوانان باسی دەکەن لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە بەرزبووەتەوە.

 

ئاشنا حەسەن، بەرپرسی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی ڕانیە و چوارقوڕنە و حاجی ئاوا، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی هاوسەرگیری پێشوەختە بە چاولێکەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکدەداتەوە، کە بێ ئەوەی ئاگاداری بەرپرسیارێتییەکانی ژیانی هاوسەرگیری بن تەنها لەبەر حەزێکی کاتی هاوسەرگیری دەکەن.

 

"لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی فکریان کەمە، هاوسەرگیری دەکەن، لەدوای هاوسەرگیرییەکەش کێشە دەکەوێتە نێوانیان، بەڵام بە بڕوای من هیچ بنەمایەکی خۆشەویستی نییە، تەنها فەتریەکی زەمەنییە و هی گەنجێتیە، گەورەدەبن دەبین کەوتوونەتە چ گێژاوێکەوە".

 

ئاشا بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتی بۆ ڕێگری لە هاوسەرگیری پێشوەختە دەخاتە ئەستۆی دایکوباوکەکان، "بەڕاستی خێزانەکان ڕۆڵی ئەساسی دەبینن"، بەشێکی دیکەش دەخاتە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ڕۆڵ ببینن، بەرنامە ڕێگری بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە دابینین.

 

بە گرنگیشی دەزانێت ڕێکخراوەکانیش بەیەکەوە هەڵمەتی دژی هاوسەرگیری پێشوەختە ئەنجام بدەن، لەگەڵیشدا پیاوانیش وەک ژنان لەبارەی زیانەکانی هاوسەرگیری پێشوەختە هۆشیاربکرێنەوە.

 

هاوسەگیری پێشوەختە کارەساتە

تاڤان حەکیم، پارێزەر لە دادگای بەرایی ڕانیە، هاوسەرگیری پێشوەختە بە کارەسان ناودەبات، ئەمەش لەبەر ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی بۆ سەر ژنان هەیەتی، باس لەوەش دەکات ڕۆژ بەڕۆژ ئامارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕووی لە هەڵکشانە.

 

ئاشکراشی دەکات، ئەم هاوسەرگیریانە لە دەروەی دادگاکان ئەنجام دەدەرێت، "بەزۆری لە دەرەوەی دادگاکان ئەم هاوسەرگیرییە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە فرەیی تاوان، چونکە نەگەیشتووەتە تەمەنی یاسایی، هەمیش لەدەرەوەی دادگا بووە".

 

تاڤان وەک پارێزەرێک ڕەخنەی توند لە دایکوباوک و خێزانەکان دەگرێت، کە هانیان دەدەن بۆ هاوسەگیری لەبری پێدانی هۆشیاری بە منداڵەکانیان، ئەمەشی بۆ دابونەریت گێڕایەوە "دەڵێن هەتا زوو هاوسەرگیری بکرێت باشترە وا باوە"، بەمەش خێزانەکان کچەکانیان ڕووبەڕووی چارەنوسێکی دژوار دەکەنەوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، تێبینی ئەوایان کردوە کە بەردەوام هاوسەرگیری پێشوەختە ڕووی لە زیادبوونە، یەکێک لە دەرئەنجامکانیشی کە دەبیندرێت ئەوەیە، ئێستا جیابوونەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە بەتایبەت لەنێوان ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٢٥ ساڵیدایە.

 

لە کۆتایشدا یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان لای ئەو پارێزەرە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتییە بەجۆرێک کە ڕێگری لە هاوسەرگیری پێشوەختە بکات.

 

ت.پ