خوێندکاران داوادەکەن مافەکانیان بدرێت و دەشڵێن بەردەوام دەبن لە ناڕازی

لە پاش ئاشکراکردنی ئەنجامی زانکۆڵاین و نەهاتنەوەی ناوی بەشێکی زۆری خوێندکاران و کەمکردنەوەی کورسی کۆلێژەکان، خوێندکارانی پۆلی ١٢ بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕازی و داوای زیادبوونی کورسیەکانی کۆلێژەکان دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- پاش بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکانی زانکۆلاین، ژمارەیەکی زۆر خوێندكارانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی لە سلێمانی، کۆیە، هەولێر، ڕانیە، قەڵادزی و گەرمیان و چەندین ناوچەی دیکە دژی ئەنجامەکانی زانکۆلاین و ئەو کۆلێژانەی ناویان لێی هاتووەتەوە ماوەی ٤ ڕۆژە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

 

دوێنێ ٢٩ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێم ڕایگەیاند "کۆنمرەی ٩٩ بەرەو سەرەوە کە ناویان لە کۆلێژکی پزیشکی گشتی نەهاتووەتەوە، لە پاش زیادکردنی ژمارەی کورسی بەخۆڕای لە کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی (هەولێر، سلێمانی، کۆیە، گەرمیان) وەردەگیرێن".

بەڵام ئەمڕۆ لە بەرامبەر جێبەجێکردنی داواکانیان خوێندکاران دووبارە گردوبوونەوەیان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى ڕۆژئاوایی سلێمانی ئەنجامدا و دواتر بە ڕێپێوان چوونە بەردەم بینایی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی لە قلیاسان، بەو هیوایەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و داهاتوویان لەناونەچێت، ڕاشیانگەیاند، تەنها داواکارییان لەسەر کۆنمرەی ٩٩ نییە بەڵکو لەسەر هەموو ئەو ناهەقیانەیە کە ئەمساڵ بەرامبەر بە خوێندکاران کراوە و زۆرینەی کۆنمرە بەرزەکان ناویان نەهاتووەتەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی،  بەیاننامەی خوێندکارانی ناڕازی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: بە هۆی خراپی سیستمی زانکۆلاین، بە ناوی خوێندکارانی ناڕازی داوا دەکەین پێداچوونەوە بکرێت بە سیستمی زانکۆلاین، چونکە ساڵانە بەهۆی خراپی ئەم سیستمەوە کێشە بۆ خوێندکاران دروست دەبێت، هەروەها داوای زیادکردنی ژمارەی کورسی وەک ساڵانی ڕابردوو یاخود زیاتر بەهۆی ئەوەی ساڵ بە ساڵ ژمارەی خوێندکار زیاددەکات.

 

لە بەیاننامەکەدا خوێندکاران داوایان کرد، بەشەکانی ئێواران بکرێنەوە و کێشەی ئەو خوێندکارانەی کۆنمرەیان ٦٥ تا ٨٠یە چارەسەر بکرێت، لە کۆتایدا داوای لە خوێندکاران کرد ڕوونەکەنە زانکۆ ناحکومییەکان بەڵکو بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان.

خوێندکارانی ناڕازای داواکاریان چیە؟

ئیڤان وەک خوێندکارێکی ناڕازی داوا دەکات، ئەنجامەکانی زانکۆڵاین هەڵبوەشێتەوە چونکە بە کۆنمرەی ٩١ لە بەشێک ناوی هاتۆتەوە لە ئاستی نمرەکەیدا نییە و دەڵێت: "داواکارین ژمارەی کورسی و کۆلێژی ئێواران بکرێتەوە".

 

ئەرخەوان ئەکرەم، قوتابی ناوچەی شارەزوور باسی لەوەکرد کەلە پێناو ڕێگریکردن لە لەناوچوونی هەوڵ و ماندووبوونی ١٢ ساڵەی خوێندنی هاتووەتە سەر شەقام و داکۆکی لە مافی گشت خوێندکاران دەکات، وتیشی: "حکومەت خەونی نەک تەنها کۆنمرەی ٩٩ بەڵکو خەونی هەموو ئەو خوێندکارانەی لەناوبرد کە بە درێژای ئەمساڵ هەوڵیاندەدا تا داهاتوو بۆ خۆیان بونیاد بنێن".

 

ئەرخەوان لە درێژەی قسەکانیدا وتی ئامانجی حکومەت لە کەمکردنەوەی کورسی بە خۆڕایی و زیادکردنی بە پارالێڵ تەنها لەو پێناوەدایە خوێندکار نەخوێنێت بە خۆڕایی بەڵکو پارە بدات لە پێناو گیرفانی خۆیدا، نەک خزمەتکردنی زانکۆکان بەو پارەیە.

 

هەندێک لە خوێندکاران دەڵێن حکومەت و خوێندنی باڵا، کۆلێژەکانی ئێوارانی سلێمانیان داخستووە لەکاتێکدا لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەیان دانەخستووە دەڵێن کە ناتوانن موچە بۆ مامۆستاکان دابین بکەن، لە کاتێکدا پارە لە خوێندنکار وەردەگرن لە بەرامبەردا بۆ نایدەن بە مامۆستاکانی کۆلێژەکانی ئێواران بۆ ئەوەی خوێندکار سوودمەند بێت؟، بەڵکو ئەو بڕە پارەیە تەنها بۆ گیرفانی لایەنە پەیوەندیدارەکانە و دەیانەوێت خوێندکار لەپێناو خوێندنەکەی بچێتە زانکۆ ناحکومیەکان و دووبارە سودی خۆیانی تێدابێت.

هەندێکی تریان دەڵێن "لێرە و لەوێ دەبیسترێت کە پرسیاری وزاری ئاسان کراوە، نەخێر ئەوە زۆر دوورە لە ڕاستیەوە چوونکە کە سیستم بوو بە هەڵبژاردن پرسیاری ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، خوێندکار دەزانێت چی وەک پرسیار دێتەوە، هەروەها ئێستا دنیا پێشکەوتووە هەموو خوێندکارێک دەتوانێت لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە زانیاری زیاتر بەدەستبهێنێت و بتوانێت نمرەی بەرز بهێنێت".

 

نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی ڕایگەیاند بەیانی ٣١ی تشرینی یەکەم دەچنە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی و داوا دەکەن پەرلەمانتارەکان وەک دەنگی هەقی هاوڵاتی مافی خوێندکاران دەستەبەربکەن لە پەرلەمان.

 

ت.پ