"شەنگال هی ئێمەیە و ئێمەش خاوەنداری لێدەکەین"

ئەڵماس نایف، هاوسەرۆکی شارەوانی سیبا شێخ خدر تیشکی خستە سەر سیاسەتی شەڕی تایبەت کە ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی خەڵکی شەنگال دروست دەکات وتی: شەنگال هی ئێمەیە و ئێمەش خاوەنداری لێدەکەین.

نوژیان ئێزدی

 

شەنگال- ٩ ساڵ بەسەر ئەو فەرمانە تێدەپەڕێت کە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە جێبەجێکرا، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کۆمەڵگەی ئێزدی ڕۆژ بە ڕۆژ، مانگ بە مانگ بێ ڕاوەستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال خەباتی کردو شەنگال ئاوەدان کرایەوە، یەکێک لەو خەباتکارانە ئەڵماس نایف، هاوسەرۆکی شارەوانی سیبا شێخ خدر بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد و ڕایگەیاند، ئەوان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی خەڵکدا بوون و باسی گرنگی گەڕانەوەیانی بۆ شەنگال کرد.

 

"کۆچبەری هەڕەشەیە بۆ سەر کولتوورەکەمان"

ئەڵماس نایف رایگەیاند، هەزاران کەس لە ئەنجامی فەرمانی ٧٤ەم کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر کولتووری ئێزدی و وتی: دەیان کامپی پەنابەران لە باشووری کوردستان هەن و ئەمە دۆخێکە کە نابێت قبوڵ بکرێت، چونکە لەو کەمپانەدا گەلەکەمان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێک دەبنەوە، پەدەکە سیاسەتی شەڕی تایبەت لەوێ پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی گەلەکەمان نەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، بە تایبەتی، بە وشەی "شەنگال سەلامەت نییە، فڕۆکەکان هەموو ڕۆژێک دەفڕن، هیچ شتێک لەوێ نییە" دەیانەوێت گەل نەگەڕێنەوە، بەڵام گەلەکەمان لەکاتی فەرمانەکەوە شەنگالیان نەبینیوە، تەنها وێنەی فەرمانەکە لە سەریان ماوەتەوە، بەڵام زۆر شت نەگۆڕاوە، ئەو شەهیدانەی لە بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری شەنگال گیانیان لەدەستدا، بۆ ماوەی ڕۆژێک لە خەبات نەوەستان و گەیشتنە ئەو ئاستەی کە دەیان دەزگا و دامەزراوە لە شەنگال دروسبن، سیستمی خۆبەڕێوەبەری و هێزی خۆپاراستن هەن، خەڵک نابێت گوێ لە درۆکانیان بگرن و هیوادارین بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان.

 

"هیوای گەل لە هەموو شتێک گەورەترە"

ئەڵماس نایف بەردەوام بوو لە لێدوانەکانی سەبارەت بە هیوای گەل و وتی: تا ئەو کاتەی گەلەکەمان لە کۆچ نەگەڕێنەوە، دروستکردنی شەنگال هەمیشە کەم دەبێتەوە، بەڵام دەبێت گەلەکەمان باش بزانن کە شەنگال بۆ ئەوانە و دەبێت خاوەنداری لێبکەن، چونکە ئەگەر ئێمە خاوەنداری لە خاکی خۆمان بکەین، ئەوا خاوەنی خاکی خۆمان دەبین. هەموو کەسێک پلان بۆ شەنگال دادەڕێژێت، بەڵام تەنها ئێمە، خاوەنی ئەم خاکەین، دەتوانین بڕیار لەسەر خاکی خۆمان بدەین. دەبێت گەلەکەمان بگەڕێنەوە و ئەمە نیشانی خیانەتکارەکان و دوژمن بدەن.

 

"بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتی گەلەکەمانداین"

ئەڵماس نایف، هاوسەرۆکی شارەوانی سیبا شێخ خدر باسی لە کارەکان کرد و وتی: وەک شارەوانییەک، لەو ڕۆژەوەی دامەزراوەکەمان دامەزراند بە بەردەوامی کار دەکەین، چی بۆ گەلی خۆمان بکەین کەمە، بەبێ جیاوازی کار دەکەین و پێداویستییەکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکەین کە دەگەڕێنەوە، کاتێک خەڵکەکە دەگەڕێنەوە، ئێمە کارەکانمان زیاتر ئەنجام دەدەین. لەگەڵ هاتنی بەهاریش وەک هەموو ساڵێک دار بەسەر گوندەکاندا دابەش دەکەین بۆ جوانکردنی شەنگالمان ئێمە نابێت خاکی خۆمان بەجێ بهێڵین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەڵماس نایف پیرۆزبایی نەورۆزی لە هەموو ئێزدییەکان و گەلی کورد کرد و وتی: هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە ئامڕازێک بۆ گەڕاندنەوەی گەلەکەمان و بینادنانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال.