بۆ پاراستنی ژنان و مافەکانیان هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی یاسای خێزان دەدرێت

ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵدەدات بەشداری بکات لە ئامادەکردنی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی یاسای خێزان، بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کە دادپەروەری و یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان تێیدا باڵا بێت.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- بە پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و ژنان و ئاشناکردنیان بە گرنگی یاسای خێزان، کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی دیاردە نەرێنییە کۆمەڵایەتییەکان، بەمەبەستی چەسپاندنی پرەنسیپی ژیانی هاوبەش لەنێوان ڕەگەزەکاندا بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی ئازاد.

 

خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاسای خێزانی دەرکرد و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانەوە پەسەند کرا، کە لە ڕاسپاردەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە سەریهەڵدا و پێویستییەکی جددی بوو بۆ دۆخی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تا کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک کە مافی ژنان تیایدا پارێزراو بێت و چەمکی خێزانی دیموکراتیک و پێکەوە ژیان بنیاد بنرێت و هەڵوەشاندنەوەی خێزان بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد کەمبکرێتەوە.

 

کار بۆ ناساندنی یاسای خێزان دەکرێت

ئیمان خەلەف، کارگێڕی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە پارێزگای ڕەققە، سەبارەت بە گرنگی جێبەجێکردنی یاسای خێزان وتی: ژنان لە سەردەمی شۆڕشی ڕۆژئاوادا دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێنا و توانیان خۆیان بسەلمێنن و ڕۆڵی خۆیان لە هاوسەرۆکایەتیدا نیشاندا، بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتانە پێویست بە جێبەجێکردنی یاسای خێزان دەکات، کە هەنگاوێکی چۆنایەتی و سەرەتای نوێ لە ڕاستینەی ژناندا پێکدەهێنێت.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشناکردنی کۆمەڵگە بە یاسای خێزان، ڕوونی کردەوە کە چەندین سیمینار و دیالۆگ و وۆرک شۆپ و کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، لە گەڕەکەکانەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی شارەوە تا دەگاتە کەمپەکان بەردەوام دەبێت، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و ژنان و دۆزینەوەی چارەسەری، کەمکردنەوەی دیاردە نەرێنییەکان، ئاشناکردنیان بە چەمکی یاسای خێزان و گرنگییەکەی بەو پێیەی مافی هەمووان دەپارێزێت.

 

وتیشی: دەسەڵاتی پیاوسالاری و ئەو سیستمەی کە لەژێر ناوی دابونەریتی بەسەرچوودا بەسەر ژناندا سەپێنراوە و کەڵەکەبوونی ئەو پرسانەی کە کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەجێیان هێشتووە، جگە لە شەرعیەتدان بە چەندین دیاردەی نەرێنی وەک هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و ئاڵوگۆڕی ژنان، فرەژنی و جیابوونەوە، کە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە و بڵاوبوونەوەی کوشتن و خۆکوشتن لە ئەنجامی فشارەکاندا، دۆخێکی دەروونیشی بۆ ژنان دروستکردووە، کە جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی بەپەلەی یاسای خێزان دەکاتەوە.

 

یاسای خێزان لێپرسینەوە لە توندوتیژیکار دەکات

سەبارەت بەو گۆڕانکاریانەی کە بە هۆی جێبەجێکردنی یاسای خێزانەوە لە ژیانی ژناندا ڕوودەدەن، ئیمان خەلەف دەڵێت: ژنان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەدەست پەراوێزخستن و گۆشەگیری و تاڵانکاری و دوورخستنەوە و سنووردارکردنەوە دەناڵێنن، لە چوارچێوەیەکی چەقبەستوودا کە کۆمەڵگە دیاری دەکات، ژنان ڕۆڵیان تەنها لە پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزاندا سنووردار بووە و هەموو مافەکانیان لێسەندراوەتەوە، بەهۆی دۆخی دوای داعشەوە ژنان دەترسن کە توانا و بەهرەکانیان دەربخەن و لە ماڵەکان بێنە دەرەوە، بە بوونی یاسای خێزان پشتگیریکردن و هاندانی ژنان بۆ شکاندنی بەربەست و ترسەکان دێتە ئاراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بڕگەکانی یاسای خێزان پاراستنی ژنان و مافەکانیان دیاریکردووە، کە لێپرسینەوە لە هاوژین دەکات ئەگەر هەریەکێک لە مافەکانی ژنان پێشێل بکات، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ ژنان تا بەسەر ترسەکاندا زاڵ ببن و سکاڵا تۆمار دەکات ئەگەر بەرکەوتەی هەر توندوتیژییەک دەبێت، جا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بێت یان خێزانەکەی.

 

ئیمان خەلەف لە کۆتاییدا وتی: وەک ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، کارێکی زۆر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە هەموو ژنان و ئاستی هۆشیارییان بەرز بکەینەوە و ئاشنایان بکەین بە ماف و ئەرک و پاراستنیان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای خێزانەوە، کە ئامانجی ڕزگارکردنیان و پاراستنی مافەکانیان و بنیادنانی خێزانێکی دیموکراتیکە، کە دادپەروەری و یەکسانی ڕەگەزی تیایدا باڵا بێت و کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی ئازاد بنیاد بنێت.