کۆچکردن لە وڵاتانی ناسەقامگیر و هەژارنشین بەردەوامی هەیە

ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن هەوڵدان بۆ کۆچکردن لە وڵاتانی هەژارنشینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بەردەوام جەنگ، ململانێ و قەیرانەکانی تێدایە، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە و ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە.

 

بێریڤان کەمال

بە درێژای مێژوو شەڕ و ململانێ و جەنگ لەبەر هەر هۆکارێک هەڵگیرسابێت، کەلە بەرژەوەندیی کەسی، یاخود ئایدۆلۆژیای گروپ و وڵاتێک بووبێت، بەرەنجام و لێکەوتەکانی ئاوارەیی، کۆچکردن، بێ کەسوکاری، هەژاری و بێدرەتانیی بووە، چونکە هیچ جەنگێک بەبێ کاولکاری، کوشتن و داڕووخانی ژێرخانی ئابوری، فەرهەنگی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی بنەماڵە، ئامانجەکانی خۆی بەدەستنەهێناوە کە وڵاتانی سەردەست و بەرژەوەندخوازی جیهان پێشەنگایەتی دەکەن.

 

بە درێژایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، کۆچکردن سەرباس بووە، هەرچەندە لە زۆربەی ئەو ناوچانەی ناکۆکی و ملمانێی تێدایە جەنگ ڕاوەستاوە، بەڵام بەشێکی زۆری نەهامەتییەکان بەردەوامی هەیە، وەک: ناسەقامگیری و قەیرانە ئابورییەکان کە لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بارودۆخەکە بەرەو خراپتر هەنگاوی ناوە.

شەڕ و ململانێکان بە جارێک چوار وڵاتی گرتەوە- سوریا، لیبیا، یەمەن و عێراق- ئەمەش ڕێگا خۆشکەربووە بۆ تێکشکانی ئابوری کە لە دەرەوەی سنوورەکانیان درێژ دەبێتەوە.

 

گەندەڵی حکومەتەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا، ڕوسیا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی زلهێز، شڵەژانی جیۆپۆلەتیکی دروستکردووە و کۆچکردنی ڕوو لەزیادبوون کردووە.

 

بە پێی ئامارەکان یەک لەسەر سێی گەنجان کۆچدەکەن

ڕاپرسییەکی جیهانی دەریخستووە کە یەک لەسەر سێی گەنجان لە ٢٠٠ ملیۆن گەنجی عەرەب و زیاتریش، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە هەرێمەکەنیاندا هەوڵی کۆچکردنیانداوە کە نزیکەی نیوەی هەموو گەنجانی عەرەب دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٥دا ملیۆنێک کەس کە زۆربەیان لە شەڕ لە سوریا هەڵهاتوون گەیشتوونەتە ئەوروپا.

 

دوای جەنگ و ململانێکان کێشەکان زۆر توند دەبێت لە ناوچەکاندا و ڕووبەڕووی ناسەقامگیری ئابوری دەبنەوە و لەو شوێنەی کە گەندەڵی تێدا گەشە کردووە، بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێستا لە سوریا، ڕێژەی هەژاری نزیکەی ٩٠٪ دەبێت، لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی ٥٠-٦٠٪ ڕێژەی توندوتیژییەکان بەربڵاوتر بووە.

 

ئەو کەسانەی کە بەشی پێویست خۆراکیان دەستناکەوێت ڕێژەکەی لە ٧.٩ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیادی کردووە.

 

کاتێک باس لە دەستنەکەوتنی بەشی پێویستی خۆراک دەکرێت لە بەشێکی زۆری خێزانەکانی سوریا باس لەو کەسانەی کە کاردەکەن و هەژارن، یەک ئیشکەر یان دوو ئیشکەر لە خێزانەکانیاندا هەیە، ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خواردن دابینبکەن، ژەمەکانیان کەمدەکەنەوە و لە قەرزدان، بە دوای خواردنی هەرزانتردا دەگەڕێن.

 

نزیکەی ٩٨٪ ی خەڵک کڕینی خواردن وەک خەرجییەکی گران باس دەکەن، چونکە میوە و سەوزەی تازە زۆر گرانبەهان، هەژارییەکی گەورە و سەختی سوریا بەهۆی بەستنەوەی داراییە لە لوبنانی دراوسێی کە لە ساڵی ٢٠١٩ دەستیپێکرد.

 

یەکێکی تر لە کێشەکانی وڵاتی سوریا لەدەستدانی کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموونە لە: نەخۆشخانە، خوێندنگا، کارگەکاندا چونکە بە گشتی دوای زیادبوونی قەیران و نائارامییەکان خەڵکی بە شوێن ڕێگاکانی جێهێشتنی وڵاتدا دەگەڕێن، هەرچەن سەختیش بێت و ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.

بارودۆخی عێراق کاریکردووەتە سەر ژیانی خەڵكی خانەخوێ و پەنابەر

عێراق کە بە چەندین شەڕی وێرانکەر و بەتایبەت دژی داعشدا تێپەڕیوە، ئابوری و سەقامگیرییەکەی هەمیشە تێکدەدرێت، هەستێکی نائومێدی وڵاتەکەی گرتوەتەوە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوام کێشەی هەیە، دەرفەتی کارکردن سفرە، گەندەڵی تەواوی وڵاتی گرتوەتەوە، توندوتیژییەکان بەردەوامە.

 

سەرباری ناجێگیری بارودۆخی عێراق و بەردەوامی قەیرانەکان تیایدا بەڵام دوایی تێکچوونی بارودۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان، نزیکەی ٣٢٩ هەزار و ٥٠٠ ئاوارە ڕوویان لە عێراق کردووە، کە ٢٤١ هەزار و ٦٥٠ ئاوارەی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و ٤٠ هەزار و ٨٥ پەنابەری وڵاتانی دیکەیە، ٩٩٪ ی پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەژین، نزیکەی ٦٠ ٪ی ئەو پەنابەرانە لە ناوچە شارنشینەکان نیشتەجێن، لە کاتێکدا ئەوانی تر لە نۆ کەمپدا دەژین.

 

بەهۆی پشتبەستن بەداهاتی نەوت و دابەزینی نرخەکەی و خراپبوونی بارودۆخی ئابوری کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیانی هەردوو پەنابەرانی عێراقی و سوری لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گشتی و دەستگەیشتن بە هەلی دامەزراندن و بژێوی ژیانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، نەبوونی ژیانێکی ئارام هۆکاری بنەڕەتی زۆرێک لە کێشەکانی تایبەت بە مافەکانی منداڵ و و پەروەردەیە، ئەمەش چەندین دەرەنجامی هەیە وەک: کارکردنی منداڵ و هاوسەرگیری پێشوەختە، دەستنەکەوتنی بژێوی ژیان و خواردنی پێویست بۆ دانیشتوان و پەنابەران، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین

 

بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ دۆخەکەی زیاتر بۆ پەنابەران خراپتر کردووە بە سەپاندنی جوڵە و سنوردارکردن، ئەمەش دەبێتە هۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابوری کە کاریگەری خراپی لەسەر ئاسایشی خۆراک هەیە.

 

ڕێگاکانی کۆچکردن بووەتە ڕێگای مەرگ بۆ کۆچبەران

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی کە هەوڵیان دەدا بگەنە ئەوروپا لە دەریای مەترسیدار زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، لە ماوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەپێی ڕاپۆرتێکی IOM زیاتر لە هەزار و ١٤٦ کەس لەهەوڵی گەیشتنیان بە ئەوروپا لە نێوان کانوونی دووەم و حوزەیراندا گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئەو ڕێگایە دەگرنە بەر ٪٥٦ زیادی کردووە.

 

ڕێڕەوی ناوەڕاستی نێوان لیبیا و ئیتالیا کوشندەترین ڕێگا بووە و ٧٤١ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە زەریای ئەتلانتیک لە نێوان ڕۆژئاوای ئەفریقا و دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.

 

سەرباری ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کەشتی و بەلەمە ونبووەکان نەدۆزراونەتەوە و ڕێژەی مردنەکانیان نەخراوەتەڕوو کە ڕەنگە ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە زۆر زیاتر بێت لە ئامارە فەرمییەکان کە بڵاودەکرێتەوە.

نەبوونی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردنی کۆچبەرەکان لەلایەن وڵاتە ئەوروپییەکان و سنووردارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هۆکاری سەرەکی مردنەکان بوون، هەروەها نەبوونی کەشتیەکانی گەڕان و ڕزگارکردن، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی دەریاکاندا پەڕینەوەی کۆچبەران مەترسیدارتر دەکات.

 

هەروەها وڵاتانی ناوەڕاستی وەک ئیتالیا و ماڵتا و ئیسپانیا و یۆنان چەندین جار داوای یارمەتییان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە بۆ گرنگیدان بەو کۆچبەرانەی کە ڕزگارکراون و هێنراونە کەنارەکانیان، گروپەکانی مافی مرۆڤ لەم ساڵانەی دواییدا ڕایانگەیاندووە کە کۆچبەران و پەنابەران لە لایەن ئەفسەرانی پاسەوانی کەنارەکانی لیبیاوە گیراون و لە بنکەکانی دەستبەسەرکردن کە بارودۆخی مرۆییان لەبار نییە، ئەشکەنجە و پێشێلکاریان بەرامبەر کراوە.

 

ت.پ