کۆچبەرانی شەهبا لەژێر گەمارۆی ژیاندان

لە سەرەتای کۆچکردنی خەڵکی عەفرینەوەو جێگیربوونیان لە کانتۆنی شەهبا، حکومەتی شام گەمارۆیەکی بەسەر کانتۆنی شەهبادا سەپاندووە و پێداویستییەکانی ژیان بۆ هەرێمەکە دەرباز نابێت ئەوەش ئاڵۆزیی زیاتر کردووە، هاوکات بەهۆی گەمارۆوە نرخی هەموو شتێک بەرز بووەتەوە.

 

حەسنا محەمەد

شەهبا- دوای ئەوەی عەفرین لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٧ لەلایەن دەوڵەتی تورک و گروپە چەکدارەکانیەوە داگیرکرا، هەزاران هاوڵاتی عەفرین بەهۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکەوە کۆچیان کردو لە کانتۆنی شەهبا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بوون هەروەها لە شەهبا ڕۆژانە خەڵکی کۆچبەر لەژێر گەمارۆی حکومەتی شامدان و لە سەختی و دژواریدا دەژین،  ئەم گەمارۆیە ڕێگە دەدات نرخی پێداویستییەکانی ژیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە، سەرەڕای گەمارۆی سەر شەهبا، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی هێشتا هەوڵ دەدات بەپێی دەرفەتەکان یارمەتی خەڵک بدات و بەربەستەکانی بەردەمیان ئاسان بکات ژنانی عەفرین و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی عەفرین بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی سەر هەرێمەکە لەگەڵ ئاژانسەکەماندا بڵاوکردەوە.

 

"ئامانجی ئەو گەمارۆیە قورسترکردنی ژیانی کۆچبەرانە"

ئارین بەکر، ئەندامی کۆمیتەی کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، کە بەپێی ئەو دۆخەی ئێستا لە کانتۆنی شەهبا هەیە، کۆچبەران لەژێر گەمارۆی قورسدان و وتی: "ئەو کەسانەی لە کانتۆنی عەفرینەوە کۆچیان کردووە بۆ شەهبا لە ژێر گەمارۆو زەحمەتیدان، ڕژێمی سوریا ڕێگە نادات پێداویستییەکانی ژیانی کۆچبەران بچنە ناو شەهبا وەک سوتەمەنی و دەرمان ئامانجەکە قورسترکردنی ژیانی کۆچبەرانە، ڕێکخراو خۆبەڕێوەبەری لە کانتۆنی شەهبا لەگەڵ کۆچبەرانن و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن".

 

"گەمارۆکە زەحمەتییەکانی ژیان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت"

نەسرین عەلی بەکرۆ، خەڵکی گوندی ئیسکۆی ناوچەی شێراوای عەفرین، تیشکی خستە سەر سەختییەکانی ژیان لە گەمارۆی ڕژێمی سوریا و وتی: "دوای ئەوەی لە عەفرینەوە کۆچمان کرد بۆ کامپەکان ، لە وەرزی زستاندا زەحمەتیەکان زیاتر دەبن بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی، دڵۆپی باران دەچیتە ناو چادرەکانەوە و منداڵان نەخۆش دەکەون، حکومەتی شامیش ڕێگە نادات خەڵک بچنە ناو شەهبا ئێمە وەک ژنانی عەفرین زۆرجار دەرمان بە دەستی خۆمان دابین دەکەین بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکانمان و ڕێگەش نادەین گەمارۆکە کاریگەری لەسەر بەرخۆدانی ئێمە دروست بکات ئیرادەی ئێمە لە گەمارۆی ئەوان بەهێزترە".

 

 "پێویستە حکمەتی شام خزمەتی کۆچبەران بکات"

ئەمین حەیدەر، کە لە کامپی سەردەم بەرخۆدان دەکات، وتی: "نزیکەی چوار ساڵە لە کانتۆنی شەهبا دەژین و ئەمانە ئەو سەختی و ئاستەنگانەن کە بۆ گەڕانەوەی عەفرین دەیبینین، حکومەتی سوریا دەیەوێت بە سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر کۆچبەرانی عەفرین بەرخۆدان و ئیرادە بشکێنێت, پێداویستی تەندروستی زۆر کەمە، بەتایبەتی لەگەڵ گەیشتنی زستان ڕژێم بە نرخێکی زۆر گرانەوە پێداویستیەکان بە خەڵک دەدات، بۆیە خەڵک بە گرژی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت پێویستە کەلوپەلەکان تێپەڕێنین و پێویستە حکومەتی شام خزمەتی بە کۆچبەران بکات و هاوکاریان بکات".