کاتێک دەرگاکان لەسەر خەونەکان دادەخرێن... چیرۆکی ژنێکی گەنجی ئەفغانی کە خوێندنی لێ بێبەش کراوە

ئەفغانستان پێنج ساڵە لە ژێر سایەی کۆتوبەندە خنکێنەرەکانی تاڵیباندا دەژی، کە تێیدا کچان لە خوێندن بێبەش کراون، کوالیتی فێربوون و ژمارەی ستافی ئەکادیمی پاشەکشەی کردووە، و شایەتحاڵی خوێندکارانیش باس لە خراپتربوونی بەردەوامی دۆخەکە دەکەن.

بەهاران لەهیب

 

کابول-دەسەڵاتی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا لە پێنجەمین ساڵی خۆی نزیک دەبێتەوە، لەو ماوەیەدا منداڵانی کچ ڕێگرییان لێکراوە کە لەدوای پۆلی شەشەمەوە درێژە بە خوێندن بدەن، بۆ مانەوە، هەندێک قوتابخانە بە تایبەتی قوتابخانە تایبەتەکان خۆیان ناویان ناوە "مكتب" قوتابخانەی ئایینی یان "دار العلوم" ماڵی زانستەکان، ئەو دامەزراوانەی کە نزیکەی بیست بابەت وانە دەڵێنەوە و زۆرینەیان پەروەردەی ئایینییە.

                                     

بەڵام دەرچوون لەو دامەزراوانە دەرگا بۆ منداڵانی کچ ناکاتەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن، تەنانەت ئەگەر توانای داراییشیان هەبێت، تەنها بژاردەیان دامەزراندنی قوتابخانەی ئایینی خۆیانە.

 

هەروەها قوتابخانە و زانکۆکانی کوڕان بەدەست دابەزینێکی ڕوونی کوالیتی خوێندنەوە دەناڵێنن، جگە لە فراوانکردنی خوێندنی ئایینی، ئەم دامەزراوانە ڕووبەڕووی کەمییەکی زۆری مامۆستا و پرۆفیسۆری شارەزا دەبنەوە، دوابەدوای بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ داخستنی زانکۆکان بەڕووی منداڵانی کچدا، ژمارەیەکی زۆر لە پرۆفیسۆری پیاو لە ناڕەزایەتیدا دەستیان لەکارکێشایەوە و ئەوانی تریش هاوشێوەی ملیۆنان ئەفغانی تر وڵاتیان بەجێهێشت، لە هەمان کاتدا، مامۆستایانی ژن بە تەواوی قەدەغە کران لە وانەوتنەوە، هەرچەندە ئەفغانستان لە ئێستاوە بەدەست کەمیی کارمەندانی ئەکادیمی شارەزاوە دەناڵێنێت.

 

بە وتەی چەند منداڵێکی قوتابخانە و خوێندکارانی زانکۆ، هەموو ئەوەی تاڵیبان گرنگی پێدەدات جلوبەرگ و سیما و عەمامەیە و ئەمساڵ مۆبایلە زیرەکەکانمان بۆتە وەسوەسەیەکی نوێ بۆیان، شێوازی وانەوتنەوە و نەبوونی مامۆستا لەکاتی وانەوتنەوە و خراپی کوالێتی خوێندن هەرگیز نەبووەتە خەمی تاڵیبان.

 

ئەمساڵ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆش بەبێ خوێندکاری ژنانی گەنج ئەنجامدرا، چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش ئەنجامەکانی ڕاگەیاندرا، چالاکوانانی مافی ژنان ئەم ڕێوشوێنە لەلایەن تاڵیبانەوە بە دوورخستنەوەی ئاشکرای ژنان لە سیستەمی پەروەردە و هەڵاواردنی ڕەگەزی و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی خوێندنیان دەزانن.

 

فایقە نوورزی، یەکێکە لەو کچانەی کە لە قۆناغی حەوتەمی ئامادەیی بووە، کاتێک تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، لە پارێزگای کابول دەژی و باسی لە خەونەکانی و چۆنیەتی ڕێگری کردنی لە تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ کرد.

 

فەیقە نوورزی، ویێ: خەونم دەبینی ببمە فڕۆکەوان، یەکێک بم لە فڕۆکەوانە بەناوبانگەکانی جیهان، هەروها کاری زۆرم کرد بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە، بەڵام تاڵیبان ڕێگەی پێنەدام.

 

پاشان بە بێدەنگی سەیری دەوروبەری خۆی کرد و وتی: هەمیشە لە خۆم دەپرسم لەم سەردەمی تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەدا، ئایا هێشتا کەسانێک هەن کە ڕێگری لە فێربوونی ئەوانی دیکە دەکەن؟ ئایا هەموو وڵاتانی ئیسلامی و خودی ئیسلام بەم شێوەیەن؟ ئایا منداڵانی تاڵیبان تووشی هەمان ئازار دەبن کە من دەیچێژم، ناتوانن بگەنە خەون و ئاواتەکانیان؟ ئەم پرسیارانە بەردەوام لەخۆمی دەکەم، شەوانە خەوم لێ دەدزێت تاکە شتێک کە هەندێک جار ئارامم دەکاتەوە، بینینی هەموو ژنانی ئەفغانستانە کە لە هەمان چارەنووسدا گیریان خواردووە کە بەسەرمدا هاتووە.

 

ئازارێکی قووڵ لە چاوەکانی فایقە نورزیدا هەبوو؛ ئازارێک کە نامۆ نەبوو، چونکە هەموو منداڵێکێ کچ و ژنێک لە ئەفغانستان هەموو ڕۆژێک لەسەر شانی هەڵیدەگرن، لە کاتی گفتوگۆکەدا لەناکاو هەستا و ژوورەکەی بەجێهێشت بۆ چەند چرکەیەک، پاشان گەڕایەوە و داوای لێبوردنی کرد و وتی: هەرکاتێک بیر لە داهاتووی خۆم و داهاتووی دوو خوشکە بچووکەکەم دەکەمەوە دڵم ئازاری هەیە، هەرچەندە خێزانەکەم پشتیوانمان دەکەن، بەڵام ئازارەکە بەردەوامە، هەمیشە پێی دەوتم ئەم شەوە تاریکە ڕۆژێک، لەڕێگەی ململانێی ژنانەوە، دەگۆڕێت بۆ بەیانییەکی گەش.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ، دیسانەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کاتێک ئەنجامەکان ڕاگەیاندرا، هەستم دەکرد وەک ئەوەی هەموو جیهان لەسەر سەرم دەڕووخێت، ئەگەر تاڵیبان لە دەسەڵاتدا نەبووایە، من لەنێو ئەو خوێندکارانەدا دەبووم کە ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتن ئەنجامدەدەن، بە تەواوی دڵنیام یەکێک لە بەرزترین نمرەکانم بەدەستدەهێنا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فایقە نورزی وتی: سەرەڕای ئەو هەموو ئازارانەی کە ڕۆژانە دڵم دەگرێت، دڵنیام کە ژنانی هۆشیار لە کۆمەڵگەکەماندا ئەم ڕاستیە دەگۆڕن، باوەڕم وایە کە ژنان ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە بونیادنانی داهاتووی ئەفغانستان، ئەرکی ئێمەیە هەر ئێستا دەست بە ئەم گۆڕانکارییە بکەین لەناو کۆمەڵگەکەماندا.