کاری ڕێکخراوەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی ژنان نییە، بەڵکو لەپێناو ڕۆشنکردنەوەی ژیانیانە

ژنان لەوکاتەی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدەن، جا خودی خۆیان هەوڵبدەن یاخود ڕێکخراوەکان کاریان بۆ بکەن ڕووبەڕووی ڕەخنەی کۆمەڵگا دەبنەوە، چونکە کۆمەڵگەی کوردی قبوڵکردنی ژنی ئازادی بەلاوە قورسە، هەر بۆیە هەمیشە ئەو ژنانە دەبنە جێگای ڕەخنە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی ژنان تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەر کار و چالاکییەک ڕێکخراوەکانی ژنان ئەنجامی بدەن کە تایبەت بێت بە ژنان یاخود لەسەر پرسی هەق و مافی ژنان بێت، کۆمەڵگا بە گشتی و پیاوان بە تایبەتی بە جۆرێک لێکی دەدەنەوە کە لە دژی ئەوان ئەنجام درابێت و بۆ زاڵبوونی ژنان بێت بەسەر پیاواندا.

نازە شیروان، توێژەری کۆمەڵایەتی لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان و ئەندامی کەمپەینی "ناوی من ناوی دیکمە"، دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان بۆ ژنها دوا: "ئەوەی کاری ڕێکخراوەکانی بە لاڕێدا بردووە میدیا و سۆشیاڵ میدیایە، هەروەها ئەقڵیەتی پیاوسالاریە، جیا لەمەش کۆمەڵگا ئەرک و کاری ڕێکخراوەکان بە پێویست نازانێت، چونکە پێیان وایە کێشەی گەورەتر لە مافی ژنان هەیە بۆ نموونە کێشەی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان".

 

"تێڕوانین بۆ کاری ڕێکخراوەکانی ژنان تێڕوانینە بۆ مافی ژنان"

کاردانەوەی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان و ڕەخنەگرتن لێیان تەنها بۆ ڕێکخراوەکان نییە، بەڵکو بۆ ژنان و مافی ژنانە، نازە ئەوەشی ڕوونکردەوە، پێش دامەزراندنی ڕێکخراوەکان کۆمەڵگا هەر دژی مافی ژن بووە، پێیان وایە ژنان ناتوانن دەنگ هەڵبڕن و کار بکەن هەر بۆیە کە ڕێکخراوەکان کار دەکەن بۆ مافی ژنان، کۆمەڵگایەک کەلە مێژە ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەیە بە جۆرێک لێکی دەداتەوە کە ڕێکخراوەکان کۆمەڵگا تێکدەدەن و لەپێناو تێکدانی ڕەوشتی ژن کار دەکەن.

 

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک تێڕوانینی پیاوسالاری باڵ بکێشێت بەسەر کۆمەڵگادا هەموو چینەکان دەگرێتەوە، واتە نەک پیاوان هەندێک ژنیش ڕەخنە لە کاری ڕێکخراوەکان دەگرن، چونکە پەروەردەی دەستی ئەو دابونەریتەن کە ژنان بە پلە دوو دەزانن، کاری ڕێکخراوەکانیش ئەوەیە لە ڕووی یاساوە مافەکانی ژنان بە ژنان دەناسێنن.

 

"ڕێکخراوەکان مافی ژنان دەناسێنن"

نازە شیروان لە درێژەی قسەکانیدا وتی "لەوساتەی ژنێک لە هەر لایەنێکی ژیانییەوە بەرچاو ڕوون دەبێت و دەزانێک کە ماف چییە، هەرکاتێک توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت و لەسەری دێتە دەنگ، کۆمەڵگە پێی دەڵێت "ڕێکخراوەکان وایان لە ژنان کرد" و ڕووبەڕووی ڕەخنەی پیاوان دەبنەوە، لەکاتێکدا ڕێکخراوەکان تەنها مافەکانی ژنانیان بە ژنان دەناسێنن".

 

دەربارەی هەڵە تێگەیشتن لە کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" نازە ئاماژە بەوەدا، میدیاکان و سۆشیاڵ میدیا بەشێوەیەک ئەم کەمپەینەیان بڵاوکردەوە کە ئێمە بمانەوێت ناوی باوک بسڕینەوە یاخود باوک ڕەت بکەینەوە، لە بنەڕەتدا مەبەستی ئەو کەمپەینە پێدانی ناسنامەی ئەو ژنانە بوو بە منداڵەکانیان کە هاوژینەکانیان جێیان هێشتوون، یاخود دەستدرێژی کراوەتە سەر ئەو ژنانە، بۆ نمونە ئەو ژنانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە توندوتیژی کراوەتە سەریان و بەهۆیەوە منداڵێکیان هەیە.

"هاوڵاتیان شارەزییان نییە لە کاری ڕێکخراوەکان"

ناسک واحید، بەرپرسی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ، وتی هاوڵاتیان بە هۆی نەشارەزاییان دەربارەی کاری ڕێکخراوەکان بەردەوام ڕەخنەیان لێدەگرن، وا دەزانن ڕێکخراوەکان کێشەی خێزانەکان گەورە دەکەن، بەڵام چەندین ژن هەن بۆ ڕۆژێکیش سەردانی ڕێکخراوێکیان نەکردووە کەچی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت تەنانەت هەندێکیان دەشکوژرێن.

دەربارەی چالاکی ڕێکخراوەکان وتی: "هیچ کارێک بێ کەموکورتی نییە بەڵام ڕاستیەک هەیە دژایەتی ڕێکخراوەکان لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە سنور دەرچووە، هەمیشە پیاوان و کۆمەڵگا ژنێکیان لا قبوڵە بێدەنگ بێت لە ئاست مافەکانی، وە ئەگەر لە ژێر چەتری پیاوسالاری نەمێنێت ژنە باش و قبوڵکراوەکەی ناو کۆمەڵگا نییە".

"تەنانەت لە لافیتەی پرسەش ناوی دایک و ژن نانوسرێت"

ناسک ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی بڵاوکردنەوەی کەمپەینی "ناوی من ناوی دایکمە" کەموکورتی هەبوو لە گەیاندنی مەبەستەکەیدا بەڵام هەرچەند بە باشی بکرایە دواجار هەر ڕەخنەی لێدەگیرا و تۆمەتی ئەخلاقیان بۆ هەڵدەبەست، چونکە لە کۆمەڵگای پیاوسالاری قبوڵ ناکرێت ژنان پێگەیان بەرز بکرێتەوە تەنانەت لە لافیتەی پرسەش ناویان نانوسرێت.

 

ناسک ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەرکاتێک ژنێک باڵادەست بێت پیاو خۆی بە نیوەناچڵ دەبینێت، وا هەست دەکات کەمترە لە ژنەکە، بۆیە هەبوونی ڕێکخراوەکانی ژنان مەترسییە بۆ سەر ئەو پیاوانەی کە ژنان بە بێتوانا و دەسەڵات دەزانن، وتیشی: ئەم ئەقڵیەتە دواکەوتووە وای کردووە ڕێکخراوەکانی ژنان ئازادانە کارەکانیان جێبەجێ نەکەن، هەمیشە لە خەمی ئەوەدابن دڵی کۆمەڵگە نەڕەنجێنن.

 

"بەهۆی ئەوەی هەندێک لە ڕێکخراوەکان حزبین بۆیە هاوڵاتیان بڕوا بە کارەکانیان ناکەن"

ناسک واحید ئاماژەی بەوەشدا ڕاستە کۆمەڵگا ناهەقی بەرامبەر ڕێکخراوەکان دەکات، بەڵام ڕێکخراوەکان بەشێکی زۆریان حزبین، حزبەکانیش ئەوەندە چەواشەی خەڵکیان کردووە و ناڕاست بوون لەگەڵ خەڵکی ئەوەندە سیاسەتی شکستخواردوویان بەکارهێناوە، بۆیە هاوڵاتیانیش باوەڕیان پێناکەن و ڕەخنەیان لێدەگرن.

 

هەروەها داوا دەکات ژنان و بە تایبەت ئەو ژنانەی کار بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان دەکەن، گوێ بەوتەی ناو سۆشیاڵ میدیا نەدەن، چونکە جێگەیەکە هەموو ئاستێکی تێدایە، "پێویستە ڕێگەیەک بگرنەبەر کە بیسەلمێنن ژنان توانای بەدەستهێنانی هەموو شتە مەحاڵەکانیان هەیە".

ت.پ