کارەساتی تەندروستی لە غەززە: ئاوەڕۆ و تەرمی ڕزیو

لە کەرتی غەززە شیبوونەوەی تەنەکان و ئاوەڕۆکان مەترسی لەسەر ژیانی هەموو مرۆڤەکان بەتایبەت منداڵان دروست دەکات، چارەسەرنەکردنی کێشەکانی ژێرخانی قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.

ڕەفیف ئیسلیم

 

غەززە- بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە ژیان لە کەرتی غەززە تادێت قورستر دەبێت، ئاوەڕۆ و داروپەردووی بەجێماو مەترسیین بۆ سەر ژیانی خەڵک، ئەو ژنانەی ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لە ژێر چادردا لە بارودۆخێکی تەنگدا ژیان بەسەر دەبەن، تەنانەت ئەوانەی توانای گەڕانەوەیان هەیە ناچارن بەردەوام بن لە ژیان لە ماڵە وێرانبووەکانیاندا، ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە منداڵن، چونکە منداڵان بێبەشن لە ئاوی پاک و دەرمانی پێویست، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کەمی پێداویستی پزیشکی بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کەرتی غەززە.

 

کاریگەری کارەساتی ژینگەیی لەسەر ژنان

بارودۆخی ژینگەی غەززە خراپتر دەبێت، ویسام سەدودی دانیشتووی غەززە ڕایگەیاند، ڕۆژانە دۆخی شارەکە خراپتر دەبێت و نزیکەی هەموو باڵەخانەکان ڕووخێندراون، چادرەکانیش گونجاو نین بۆ بارودۆخی ژیان، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای ئەم دواییە، زۆرێک لە چادرەکان داڕماون و ژنان و منداڵان لە تێکەڵاوی ئاوی باران و ئاوەڕۆدا گیریان خواردووە، جلوبەرگ و بەتانی بەتەواوی تەڕ بووە، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زیاتر دەکات، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا ژێرخانەکە بە تەواوی لەناوچووە و ئاوەڕۆکە ڕژاوەتە دەرەوە و سیستمی گەڕانەوەی لەناوچووە، ئەم دۆخە بارگرانییەکی دەروونی قورسی خستۆتە سەر ژنان بەتایبەتی و ژنان پێویستیان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.

 

مەترسی زیادبوونی نەخۆشی بۆ ئافرەتان و منداڵان

بە گوتەی ویسام سەدودی، کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی ئاوەڕۆ، کێشەی تەندروستی بە تایبەتی بۆ منداڵ و دایکان دروست دەکات، سەبارەت بەم مەترسییە، ویسام وتی: هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکانی پێست بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە بەخێرایی بڵاودەبێتەوە. بەڵام هیچ بنکەیەکی تەندروستی لە کامپەکان یان گەڕەکەکاندا نییە کە بتوانێت نەخۆشی دەستنیشان بکات و چارەسەری بکات، ئەم دۆخە بەتایبەتی ژنان و منداڵانی نەپارێزراو بەرەوڕووی مەترسیی گەورەتر دەبنەوە، لەبەر ئەوەی ژنان ناتوانن دەستیان بە کەرەستەی پاکوخاوێنی بگات، ناچارن منداڵەکانیان لە ماڵەوە بەجێبهێڵن. ئەم دۆخە مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی منداڵان دروست دەکات، دایکان دەترسن منداڵەکانیان ببەنە دەرەوە، منداڵان گەیشتوونەتە ئاستێک کە چیتر یاری ناکەن، زۆرێکیان بەهۆی دابڕانی کۆمەڵایەتییەوە تووشی کێشەی تەندروستی دەروونی دەبن، بە تایبەتی نیشانەکانی ئۆتیزم دەبینرێن، شوێنێک نییە بۆ یاریکردنی منداڵان.

 

ئازادیی هاتوچۆی ژنان بەرتەسک دەکرێتەوە

ویسام سەدودی ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاوەڕۆکانەوە، بە سەختی جوڵەیان هەیە و ناچارن بە پێ مەودای دوور ببڕن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، ژنان ناچارن مەودای دوور ببڕن بۆ ئەوەی لە ڕێگا لافاواوییەکان دەرباز بن، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک هەوڵ دەدەن لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوان بەردەوامن لە خەباتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان.

 

"پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزین"

 

ویسام سەدودی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت ئاوی ئاوەڕۆ پاک بکرێتەوە و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویش پیس بوون، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە غەززە و وتی: بۆ خەڵکی غەززە تاکە سەرچاوەی ئاو ئاوی ژێر زەوییە، بەڵام بڵاوبوونەوەی کۆنترۆڵنەکراوی ئاوەڕۆ سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویش پیس دەکات، ئەمەش خەڵک رووبەڕووی بێئاوی دەکاتەوە.

 

"ئێمە مافە بنەڕەتییەکانمان دەوێت"

ویسام سەدودی ڕایگەیاند کە ژنانی فەلەستینی خەباتێکی گەورە دەکەن بۆ مانەوە و ئێستا دەیانەوێت دەستیان بە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیان بگات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ژنانی فەلەستینی بێزارن لە تەنها هەوڵدان بۆ مانەوە، ئێمە شایەنی ئەوەین وەک ژنانی دیکەی جیهان دەستمان بە مافە سەرەتاییەکانمان بگات، دەمانەوێت وەک مرۆڤ بژین، ژن و منداڵانی غەززە نابێت بە ناچاری لە ناو کارەساتدا بژین، هەروەها دەبێت بتوانین داهاتوویەکی پڕ لە هیوا بونیاد بنێین.