کێشە خێزانیەکان وایکردوە ژنان پەنا ببەنە بەر خۆسوتاندن

ئەقڵیەتی پیاو سالاری، کێشەی کۆمەڵایەتی، ئابووی، دەروونی و نەبوونی هۆشیاری وای کردووە خۆسوتاندنی ژنان زیاد بکات و ببێتە نەریتێک، کە نەک کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکو قوڵتری دەکاتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-خۆسوتاندن، بە ئازارترین جۆری خۆکوشتنە کە بە زۆری هۆکاری کولتووری لە پشتەوەیە وەک ئەوەی ژنان لە کەسەکانی پێش خۆیانەوە فێر بووبن، هەندێک کەس پێیان وایە ئەم دیاردەیە هاواری یارمەتیخوازی ژنانە لەو ناوچانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، خۆسوتاندن بە زۆری دەبێتە هۆی مردنی کەسەکان و ئەوانەشی لە مەرگ ڕزگاریان دەبێت ڕووبەڕووی خەرجییەکی زۆری پزیشک و دەرمان دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی ناگەڕێنەوە باری ئاسایی خۆیان، کێشەی خێزانی، ئابووری، دەروونی دیکەیان بۆ درووست دەکات.

 

هەڤین کەمال، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازارشکاندن، باسی لە خۆسوتاندی ژنان کرد، کە زۆریک لە ژنان وەک چارەسەری کێشەکان پەنا دەبەنە بەر خۆسوتاندن، کە دواتر ئاسەواری دەمینێتەوە لەسەر جەستەو حاڵەتی دەروونی کەسەکە دەگۆڕێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری و ئەو کێشانەی کە ڕودەدات لە کۆمەڵگە.

 

" ژنان خۆسوتاندن بە چارەسەری کێشەکان دەزانن"

هەڤین کەمال، باسی ئەزمونی کارەکەی کرد و وتی" ماوەی ١٩ ساڵە کار دەکەم لە نەخۆشخانەی سوتاوی، هەموو هەفتەیەک بە لایەنی کەمەوە دوو کەیسی خۆسوتاندنی ژنان دێنە لامان، خوسوتاندنی ژنان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی دەروونی، ژنان پێیان وایە کێشەکانیان بە خۆسوتاندن چارەسەر دەبێت، بەڵام بەداخەوە کێشەکان قوڵ تر دەکاتەوە و لایەنی دەروونی کەسەکە زیاتر تێکدەچێت، نەخۆشەکان کێشەکانی خۆیانم بۆ باس دەکەن و باسی ئازارەکانیان دەکەن کە پێیان شەرمە و ناتوانن ڕوخساریان یان جەستەیان دەربخەن لە بەر سوتاوی، بەڵام ئێمە توانیومانە بە وشەیەکیش بێت هاوکاریان بکەین."

 

"ژنان لە دوای خۆسوتاندن ئازاری دەروونیان زیاترە"

هەڤین کەمال، باسی ئازارەکانی ژنانی کرد لە کاتی خۆسوتاندا و وتی" زۆربەی ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسوتێنن ئەوەنە ئازاری دەروونیان زیاترە نیو هێندە ئازاری جەستەییان نیە، هەندێک لە پزیشکەکان دەڵێن کاتێک دەچینە نەخۆشخانەی سوتاویەکە پێمان شەرمە خۆمان جوان بکەین کە نەخۆشەکان بەو جۆرە دەبینین، مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی سوتاودا زۆر قورسە بۆ ئێمە چونکە ناتوانین تەنانەت دەستیان لێبدەین، هەموو بەشێکی جەستەیان ئازاری هەیە، دەبێت زۆر بە هەستیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین و زۆر میهرەبان بین لەگەڵیان، چونکە لەوانەیە هەندێک جار قسەیەک کار دەکاتە سەر دڵی ئەوان و خەفەتی لێدەخۆن."

 

"ژنان دوای خۆسوتاندن پەشیمان دەبنەوە"

هەڤین کەمال ئاماژەی بەوەکرد، ٩٩٪ی ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسووتێنن دواتر پەشیمان دەبنەوە، چونکە کیشەکانیان گەورەتر بووە و ناتوانن بە جەستەیەکی شێواوەوە بچنە ناو کۆمەڵگەوە و وەکو کەسێکی ئاسایی بژین، بەڵام ئەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن نازانن کە دوای خۆسوتاندن چیان لێ بەسەر دێت.

 

هەڤین کەمال وتیشی "خۆزگە ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت خۆیان بسوتێنن یەک جار سەردانی نەخۆشخانەی سووتاویان دەکرد و نەخۆشەکانیان دەبینی بۆئەوەی قەت بیر لە خۆسوتاندن نەکەنەوە، چونکە زۆر جار ژنان بەهۆی تێکچوونی ڕوخساریان بە سووتاوی نەک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە لایەن پیاوانەوە بەڵکو وازیان لێ دەهێنرێت و دۆخیان سەخت تر دەبێت."

 

"ژنان بە هۆی سوتاوی جەستەیانەوە منداڵەکانیان لێدەسەنرێتەوە "

هەڤین کەمال ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک لە ژنان کاتێک خۆیان دەسوتێنن، لە لایەن کەسوکاریانەوە قسەیان لەگەڵدا ناکرێت یان لە هەمووی قورس تر منداڵەکانیان لێ دەسەنرێتەوە، هەندێک جاریش کەسوکاری ژنەکە ڕازی نابن کە منداڵەکانی ژنەکە بەخێوبکەن بۆیە ژنان لە هەردوولاوە زەرەرمەند دەبن، هەندێک لە ژنان پێش ئەوەی بێهۆشکاریان بۆ بکەم داوای منداڵەکانی دەکات، چونکە ماوەیەکی زۆرە منداڵەکانی نەبینیوە، لەبەرئەوەی کەسوکاری هاوژینەکە و ژنەکە یان هاوژینەکە خۆی ڕێگە نادات کە منداڵەکانی دایکیان ببینن.

 

هەڤین کەمال جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لە نەخۆشخانەکەماندا هاوکاری زۆری ژنانی سوتاو دەکەین و پزیشکی پسپۆری دەروونیمان هەیە کە لەگەڵ نەخۆشەکاندا گفتوگۆ دەکات، بەڵام کێشەکە ئەوە نیە کە جوانکاری بکەین بۆ ژنانی سوتاو، چونکە هەرگیز وەکو پێشتریان لێ نایەتەوە، بەڵکو کێشکە ئەوەیە کە ناتوانن پەلەکانیان بەکاربهێننەوە کە بەهۆی سوتاویەوە تووشی شێواوی بووە و ناتوانێت دەست، مل، قاچی بەکاربهێنێت یان ڕۆشتنی تێکدەچێت، بۆیە ئێمە زیاتر هەوڵدەدەین کە ڕێککاری بۆ بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت ژیانی خۆی بەڕێبکات.

 

"ژنان دوای خۆسووتاندن دەروونیان دەگۆڕێت"

هەڤین کەمال وتیشی" ژنان دوای ئەوەی خۆیان دەسوتێنن دەروونیان دەگۆڕێت و قەت نابنەوە بە کەسەکەی جاران، چونکە لە کۆمەڵگەیەک دەژین کە عەیب لە کەسە ساغەکان دەگرن چی بگات بەوەی کە کەسێکی سوتاو بێت و جەستەی تێکچوبێت، بەڵام باشترین ڕێگە ئەوەیە کە قسەیان بۆ بکرێت و وایان لێبکرێت زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەبێت.

 

هەڤین کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێک لە خێزانەکان هاوکاری ژنان دەکەن، بەڵام زۆربەی خێزانەکان دوای ماوەیەک بێزار دەبن لێیان و ناتوانن هاوکاری دارایی، ئابوری یان کۆمەڵایەتیان بکەن، وە ئەرکی حکومەتە کە هاوکاری دارایان بکات، چونکە مەسرەفی سوتاوی کەم نیە تا هەموو خێزانێک بتوانێت بیکات.

 

ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسوتێنن لە هەموو تەمەنێکی تێدایە، هەرچەندە پێشتر ئەو ژنانەی کە خۆیان دەسوتاند زیاتر لە تەمەنی ٢٥ تا ٤٥ ساڵی بوو، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەسوتێنن ژنانی گەنجن، بەڵام حاڵەتی واش هەیە کە تەمەنی نزیکە لە ٧٠ ساڵیەوە خۆی دەسوتێنێت.

 

"زۆرجار ئەو ژنانەی خۆیان دەسوتێنن ناڵێن خۆمان سوتاندوە"

هەڤین کەمال ئەوەشی وت، کاتێک ژنان خۆیان دەسوتێنن ناڵێن خۆمان سوتاندوە، بەڵکو غاز تەقیوەتەوە یان سۆپا بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە زۆر جار ژنان وابیردەکەنەوە ئەگەر بڵێن خۆمان سوتاندوە کەیسەکە دەچێتە دادگا و کێشەکە گەورەتر دەبێت.

 

هەڤین کەمال لە کۆتایدا وتی "ژنان دەبێت هۆشیار بکرێنەوە، کە ئەمەش لە پەروەردەی خێزانەوە دەست پیدەکات و دایکەکە لە کاتی هەبوونی کێشەدا نەڵێت خۆم دەسوتێنم، هەروەها لە قوتابخانەکاندا وانە هەبێت لەسەر خۆسوتاندن و وێنەی ئەو کەسانەیان پێشان بدەن کە خۆیان سوتاندوە و لە دوای خۆسوتاندنەکە چیان لێبەسەر هاتووە و کێشەی کۆمەڵایەتی لێ کەوتوەتەوە."