ژنان جەخت لە پەروەردەی تاک دەکەنەوە بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیەکان

ناهۆشیاری کۆمەڵگە و زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری توندوتیژیەکانی زیاد کردوە و ژنانیش دەڵێن: ئەگەر تاک پەروەردە بکرێت توندوتیژیەکان کەم دەبنەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-٢٥ی تشرینی دووەم بە دەستپێکی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دانراوە، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان و زیاتر هۆشیارکردنەوەی تاک بەرامبەر ئەرک و مافەکانی ژنان، لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

 

"پێویستە ژن، ژیان، ئازادی بکەنە ڕێگەیەک بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیەکان"

مەهاباد شێخ حەمە ئەمین، ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان ئاماژەی بەوەکرد، ٢٥ی تشرینی دووەم کە بە دەستپێکی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دادەنرێت، لە پێناو توندوتیژی کردن و دواجار کوشتنی سێ ژن ئەم ڕۆژە دانراوە، بۆیە ئێمە وەکو ژنانی ڕێکخراوەکان بە پێویستمان زانی ئەمساڵ کار و چالاکیەکانمان قوڵتر بکەینەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی لە ناو خێزانەکاندا هەیە و بەرەنگاری ببینەوە، کە هۆکارێکی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی بەرنامەی خوێندن لە قوتابخانەکاندا، ئێمەش کار دەکەین لەسەر ئەوەی بەرنامەیەکی تایبەت هەبێت بە خوێندن، بۆ ئەوەی تاکێکی هۆشیار بخەینە ناو کۆمەڵگەوە، هەروەها بێ کاری لەناو گەنجاندا هۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی توندوتژیە دەروونییەکان.

 

مەهاباد شێخ حەمەئەمین ڕوونی کردەوە، توندوتیژیەکان بە ئاستێک ڕووی لە زیادبوون کردوە گەشتوە بە کوشتنی دایک و باوک و بە گشتی کوشتنی ژنان زیادی کردوە، قەیرانەکانی باشووری کوردستانیش هۆکاری سەرەکی ئەم حاڵەتانەن، بۆیە دۆخی ژنان بە گشتی لە ئاستێکی باشدا نییە و گێچەڵ پێکردنی ژنان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە شوێنی کاردا بووە بە دیاردە، بۆیە پێویستە ژنان دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بکەنە ڕێگەیەک بۆ کەم کردنەوەی توندوتیژیەکان، چونکە ژن بە مانای ژیان دێت و ژیانیش واتە ئازادی، پێویستە ژنان ئیرادەیەکیان هەبێت هەموو ئەو توندوتیژیانە ڕەتبکەنەوە کە دەکرێتە سەریان، لە پیناو ئازادکردنی خۆمان و کۆمەڵگەکەماندا.

 

"توندوتیژیەکان تێڕوانینی ژن بۆ ژیان دەگۆڕێت"

ساکار لەتیف، توێژەری دەروونی و ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە ڕووی لە زیادبوون کردوە، بە تایبەتی توندوتیژی دەروونی کە کەمتر باس دەکرێت، بەڵام کاریگەری زیاتر بەجێ دەهێڵێت بە شێوەیەک تێڕوانینی ژن بۆ ژیان و کۆمەڵگەکەی دەگۆڕێت و راستەوخۆ لە ژیانی ژناندا ڕەنگدانەوەی دەبێت، ئەم دۆخە تەنها زیانی بۆ ژنان نییە، بەڵکو بۆ منداڵانی ناو خێزانیش ئەو کاریگەریانە دەگوازرێتەوە.

 

وتیشی: پێش ئەوەی بگەڕێین بەدوای چارەسەری توندوتیژیەکاندا دەبێت هەر لە سەرەتاوە ڕێگری لە ئەنجامدانی بکەین و یاساکانی تایبەت بەو بوارە بەهێز بکرێت، بزانین ئەو چارەسەریانەی لە لایەن توێژەرەی دەروونیەوە لە سەنتەرەکاندا پێشکەش بە ژنان دەکرێت بە شێوەیەک بێت دواتر ژنان بتوانن وەکو ژنێکی بەهێز بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە و کۆمەڵگەش قبوڵیان بکات.

 

ساکار لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان پێش هەموو شتێک دەبێت لە پەروەردەوە دەست پێبکەین و تاکی هۆشیار بخەینە ناو کۆمەڵگەوە، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی و یاساکانیش دژی توندوتیژیەکان بوەستنەوە، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان و منداڵان زۆرن و یاساش بە پێی پێویست کاری نەکردوە لەسەر ئەم بابەتە.