"میدیا ئامانجی هۆشیاریی نییە تەنها کار لەسەر بینەر کۆکردنەوە دەکات"
دەزگاکانی ڕاگەیاندن کێبڕکێ لەسەر دەرکەوتنی دەموچاو و جەستەی جوان دەکەن لە شاشەکانیانەوە بۆ کۆکردنەوەی بینەر، بێگوێدانە شارەزایی و لێهاتووی ئەو کەسە لە بواری ڕاگەیاندندا، بە ناوی بەرنامەی چێژبەخشیشەوە ڕەفتار و قسەی دوور لە دابونەریتی کۆمەڵگا بڵاو دەکەنەوە.
شنیار بایز
سلێمانی- بەشداریکردنی ژنان لەناو دەزگاکانی میدیادا بەراورد بە ساڵانی پێشوو زیادیکردووە، بەڵام بە چ مەبەستێک و لەپێناو چیدا دەزگاکان ژنان وەردەگرن؟ کام دەموچاوانەن بوونەتە مۆرکی ئەو دەزگایانە؟
دەزگاکانی ڕاگەیاندن کاری بنەڕەتییان بڵاوکردنەوەی زانیاری، گەیاندنی هەواڵ و ئاشکراکردنی ڕاستییەکانە، بەڵام میدیای ئێستا کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین بینەر دەکات ئەگەرچی ئەوەی بڵاویدەکاتەوە هەواڵ و زانیاریش نەبێت. یەکێک لە ڕێگاکانیشی بۆ کۆکردنەوەی بینەر، خستەسەر شاشەی دەموچاوی جوانە، کە ئەمە لەسەر خودی ژنان و بە کاڵاکردنیان بەڕێوەدەچێت، ئەم سیاسەتەش لەلایەن سیستمی سەرمایەداری و خستنەپێشی ژنانی بەناو مۆدێلەوە بەرەوپێش چووە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوشان لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری ڕەنگێکی ژنیان دەرخستووە کە لەلایەن خودی میدیا و کۆمەڵگەوە ڕەتدەکرێنەوە، تێروانینی کۆمەڵگەش بۆ ژنانی ڕاگەیاندندکار بەرەو خراپی دەچێت، لەلایەکی دیکەشەوە هەلی کار بۆ ئەو ژنانە کەمبووەتەوە کە بەشی ڕاگەیاندنیان تەواو کردووە و شارەزای ئیتیکی ڕۆژنامەنوسین.
مامۆستا هەرمن شێرکۆ، مامۆستای زانکۆ لە پەیمانگای تەکنیکی دوکان پسپۆڕی میدیا، دەربارەی قسە و باسەکانی سەر ژنانی ڕاگەیاندکار وتی: "ژمارەیەک بە ناو ڕاگەیاندن لەسەر شاشەی کەناڵەکانەوە کار دەکەن و دەرکەووتوون کە دۆزی ژنیان ناشرین کردووە، بە جۆرێک کۆمەڵگا بە شێوەیەکی خراپ لە ژنانی ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار تێبگات."، ئەو مامۆستایە وەک پسپۆڕێکی بواری میدیا و کەسێک کە شارەزایی هەیە لە میدیادا دەڵێت: "میدیا بە ئاقارێکی تردا براوە، هێندەی گرنگی بە کەسانی بێ ئەزموون و دوور لە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی دەدرێت، هێندە گرنگی بە دەرچووانی بەشی ڕاگەیاندن نادرێت".
نمونەیەکی هێنایەوە و وتی "خوێندکارێکی کچم پێی وتم مامۆستا سیڤیم بۆ هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بردووە بە هەموو ڕەنگەکانەوە، بەڵام تا ئێستا تاکە دەزگایەک نەبووە بتوانم تواناکانی خۆم نیشانبدەم، بەڵکو لەبەر مۆدێل و گۆرانی بێژ بەر ئێمە ناکەوێت و ناتوانین کار بکەین".
ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا چەندین کەس هەن بە ناوی ڕاگەیاندنکار خۆی دەخزێنێتە ناو پیشەی ڕاگەیاندنەوە، لە کاتێکدا هەڵگری پیشەیەکی دیکەیە، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو کۆمپانیا بازرگانیانەی بە مەبەست کار دەکات لەسەر ئەو کەسایەتیانە و دەیانخاتە ژێر کاریگەری سیستمی سەرمایەداری و بە بابەتی بەتاڵ و و هیچ مێشکی وەرگر پڕدەکات وگەنج بە لاڕێدا دەبات، "تانانەت ئەو بابەت و میوانانی هەڵیدەبژێرن لەو ئاستەدا نین بینەر بتوانێت سودی لێوەربگرێت و فێری زانیاری تازە بن بەڵکو تەنها گەنجان دەکەونە ژێر کاریگەرییان و دەروونیان تێکدەچێت و دەبنە خاوەن کەسایەتیەکی ناتەندروست".
"هەوڵ دەدرێت بۆ باشکردنی دۆخی میدیا بەڵام سودی نییە"
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا وەک مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان هەوڵی جدیمان داوە لە ڕێگای سیمینار، کۆڕ و کۆبوونەوە و توێژینەوە زانستییەکانی تایبەت بە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنکاران و خوێندکاران هۆشیار بکەینەوە، "کێشە و کەموکورتییەکانی ناو میدیاکانمان بەرزکردووەتەوە بە یاداشتنامە، ڕاسپاردە و پێشنیاریش بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی میدیای کوردی بە لاڕێدا نەبرێت و کلتور و دابونەریتی خۆی لەدەستنەدات، بەڵام بە داخەوە بە ئاستێکی کەم گوێ لە قسەکانمان دەگیرێت".
"میدیا چونکە میدیای حیزبە دەیەوێت کۆمەڵگا بە لاڕێدا ببات"
باسی لەوەشکرد کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە میدیایەکە دەست بخاتە سەر برینەکانی تاکی کۆمەڵگا و کێشەو گرفتەکان دیاری بکات و میدیایەکی تەندروست بێت، نەک میدیای حزبی بێت، "لە هەرێمی کوردستان میدیا میدیای حیزبە، وە دەرکەوتنی ئەم بە ناوی میدیاکارانە پلانێکی سیاسی و حیزبی لە پشتەوەیە، دەرئەنجام ئەوانن کە سامان و داهاتی وڵات بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەو کەسانەی مەبەستیانە بێتە سەر شاشەکان و ئامادەی دەکەن لە دەزگاکانیانەوە دەربچێت گرنگ نییە بۆیان لە ئیتیکی ڕؤژنامەنووسی بزانن و هاوڵاتی هۆشیار بکەنەوە بەڵکو دەیانەوێت چاوی خەڵک پڕ بکەن لە شتانێکی بێ سوود و بیریان فراوان نەبێت تا داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانیان بکەن
"لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی نادرێت"
سۆکار جەمال، خوێندکاری قۆناغی چوارەمە لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، ئاماژەی بەوەدا هەرکەسێک بچێتە سەر شاشەیەک و پەیامێک بگەیەنێت دەبێت شارەزایی لە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسیدا هەبێت، لە هەرێمی کوردستان ڕۆژنامەنووسان لە ٪٤٠ی ئەم ئیتیکی کارکردنە پەیڕەو ناکەن، "بۆنمونە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە دەزگایەکی هەواڵیدا کاردەکەن ئەگەر ڕووداوێکی بە پەلە هەبێت یاخود مردن و سوتانێک هەبێت ڕاستەوخۆ بە مایک و کامێراوە دەچنە بەردەم کەسوکاری کەسەکە، ئەمەش دوورە لە ئیتیکی ڕۆژنامەنووسیەوە".
"کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان کێبڕکێ دەکەن لە پێناو کۆکردنەوەی بینەر"
ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی دەزگاکان کاتێک بەرنامەیەک دادەڕێژن و پێشکەشکاری بۆ دیاریدەکەن ئەو کەسانەن کە سوود بە کۆمەڵگە ناگەیەنن، "دەزگاکان دەرچوانی وەک ئێمەیان قبوڵ نیە، لە کاتێکدا دەتوانن دەرچوانی ڕاگەیاندن وەربگرن، کە بۆ دەزگاکە باشترە، زانیاری زیاتری پێیە و زیاتر سود بە خەڵک دەگەیەنێت"، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ کێبڕکێی نێوان دەزگاکان و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان، کە بەردەوام لە کێبڕکێدان بۆ کۆکردنەوەی بینەر، بە پشتبەستن بە دەموچاوی کەسەکە، دەشڵێت "ئەم جۆرە سیاسەتی کارکردنە لە ڕووی پەروەردە و کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبات".
ئامانجی دەگازگاکانی ڕاگەیاندن سەرقاڵکردنی هاوڵاتییە نەک هۆشیارکردنەوەیان
سۆکار جەمال باسی لەوەکرد، چەندین جار چووەتە چاوپێکەوتنی کار بەڵام وەرنەگیراوە، "ئەگەر ئامانجی دەزگاکانی ڕاگەیاند و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتی بێت ئەوا زۆر بەرنامەی بەسود و کەسانی شارەزا هەن لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا دەتوانن کاریان پێبدەن، نەک بە کۆمەڵێک بەرنامەی بەزم و ڕەزم خەڵک و کۆمەڵگە سەرقاڵبکەن".
ت.پ