"پەروەردەکردنی کچان کاریگەری لەسەر بڕیاردان و باوەڕییان هەیە"

دیاری فەرەیدون، چالاکوانی مافی مرۆڤە، دەڵێت: ژنان ناچار دەکرێن بیروڕاکانیان بە ڕەگەزی بەرامبەر بسپێرن تا ئەنجامی بدات، بەڵام لە بنەڕەتدا مافی خۆیانە بۆ پشت بە بڕیار و بیروڕاکانی خۆیان ببەستن.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئەقڵیەتی پیاوسالاری هەمیشە ژنانی لە ژێر سێبەر و دەستی خۆیدا تەوق داوە، بەهۆی دابونەریتەوە بەردەوام هەوڵدراوە ژنان لە قاڵب بدرێن و لە چوارچێوەیەکدا کارەکانیان دەرنەچێت، ژنان بۆ پرسە تایبەتەکانیان بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ لایەنی دووەم و کارەکانیان بە پیاوان دەسپێرن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەکردنی منداڵ کە هەمیشە پیاوانی بە ڕاست و خاوەن باوەڕی نیشانداوە ژنیشی کردووەتە ئامێری ڕاپەڕاندنی خواستەکانی پیاوان.

 

"کچان وەها پەروەردە دەکرێن کە ژیانی تایبەتی بەردەوام لە ژێر چاودێری پیاوێکدایە"

دیاری فەرەیدون، چالاکوانی مافی مرۆڤ، باس لەوە دەکات، ژنان لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا بۆ پرسە تایبەتەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ڕەگەزی بەرامبەر، لە کۆنەوە ژنان کاتێک لە دایک دەبن کارپێکردنیان بۆ پیاوان دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: کاتێک کچان پەروەردە دەکرێن لە سەرەتایی تەمەنیاندا لەلایەن دایکیان یاخود خوشکیانەوە بەردەوام پێیان دەوترێت، پرس و ڕاکانت دەبێت لە ژێر فرمانی باوک یان برادا بێت، هەبوونی ئەو ئەقڵیەتە وای لە ژنانی ئێمە کردووە لە چوارچێوەی پیاوێکدا خۆیان بپارێزن.

 

هەروەها وتی: هەر ڕەگەزێک بین لە بەشێک لە کایەکانی ژیانماندا کاتێک دەمانەوێت کارێک بکەین بۆ بەشێک لە کایەکانیانی ژیانمان پێویستە ڕاوبۆچوونی بەشێک لە کەسە نزیکەکانمان وەربگرین، بەڵام کاتێک لە بابەتێک پرس بە ڕەگەزی بەرامبەر دەکەین، دەشێت ئەو بە فکرێکی نێرانە لێی بڕوانێت و ئاستەنگی لە کارەکەدا دروست ببێت، ئەو لایەنانەی من بە باشی دەزانم ڕەگەزی بەرامبەر بە باشی نەزانێت، هەروەها ژنان لە کاتی بڕیارداندا ئاستەنگی دەخرێتە سەر ڕێگایان، بە تایبەت لە کاتی بڕیاردانی ژیانی تایبەتیدا، ئێمەی ژنان لە بچوکترین کایەکانی ژیانمادان کاتێک بیروڕای کەسێک وەردەگرین بە ئاستی ڕۆشنبیری خۆی بڕیار دەدات، نەک ئاستی ڕۆشنبیری ئێمە کە دەمانەوێت ئەو کارە ئەنجام بدەین، بەڵام دەشێت کۆتا بڕیاری ژیانی ئێمە بەدەستی خۆمان بێت و بەو بیروبۆچونە کارەکانمان ئەنجام بدەین کە لە مێشکماندایە، نەک لەسەر هزری کەسێکی دیکە بڕیاری ژیانی تایبەتی خۆمان بدەین.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دیاری فەرەیدون ئاماژەی بەوەدا، مرۆڤ خاوەن بیروڕای جیاوازە و بە هەموویان خێزان و کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بۆیە ژنان پێویستە لە بابەتی تایبەتی ژیاندا کاتێک بڕیار دەدەن سەر پشک بن لە هەڵبژاردنی ئەو کایەیەی دەیخوازن، وتیشی: بەردەوام گۆڕینەوەی بیروڕاکان کارێکی دروستە، بەڵام لە بەشێک لە کایەکانی ژیانمان مافمان هەبێت ئەو کارەی دەمانەوێت بەبێ گەڕانەوە بۆ کەسی دووەم، کە پیاوانە، کارەکەمان ئەنجام بدەین، لە پەروەردەی منداڵەکانمانەوە دەست پێبکەین، ئەو پەروەردەیەی من بۆ منداڵەکەمی دەکەم دەبێت ئامۆژگاری بێت نەک ئەوەی من دەمەوێت سەپاندنی بۆ بکەم.

 

"لە شوێنی کاردا ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی ژنان دەکرێت"

دیاری فەرەیدون باسی لەوەشکرد، بەشێک لە ژنان لە شوێنی کارکردندا بۆ بەرز نەبوونەوەی تواناکانیان لەلایەن پیاوانەوە ڕێگریان لێ دەکرێت، دەشڵێت: بەشێک لە ژنان لە شوێنی کارەکەیدا کاتێک دەیانەوێت سودێک بگەیەنن بە فەرمانگەکە یاخود شوێنی کارکردنیان، لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرێت، بیروبۆچونیان بە شێوازێکە ئەگەر ژنان پۆستێکیان هەبێت لە پۆست و شکۆی خۆیان کەم دەبێتەوە، هەروەها پێمان دەوترێت تۆیەکی ژن ناتوانیت ئەو کارە بکەیت و ئەو کارەی تۆ دەیکەیت بۆ ژنان نابێت، بەڵام لە کۆتایدا ژنان دەتوانن ئەو بەربەستانە بشکێنن و ئەو کارەی دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی تواناکانیان پێویستە بیکەن و بەرەنگاری ئاستەنگیەکان ببنەوە.