ژنانی هەڵەبجە داوای وەستاندنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی کورد دەکەن

بریندارانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە هاوخەمی خۆیان دەردەبڕن و باس لەوە دەکەن ئەگەر ٣٤ ساڵ بەر لە ئیستا بە بیانووی نەبوونی ڕاگەیاندنەوە دەنگیان نەگەشتووە، ئەوە ئێستا هەموو ماڵێک ڕاگەیاندنی تێدایە و پێویستە کیمیابارانی کورد و قڕ کردنیان بوەستێنن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ٣٥ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت کە بە هەزاران کەس بوونە قوربانی و ئاوارە بوون و بەشێکی دانیشتوانی هەڵەبجە تا ئێستاش کاریگەری چەکی کیمیاییان لەسەرە، سەرەڕای ئەمەش تاوەکو ئێستا هەوڵی کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە ئاراداییە لەلایەن داگیرکارانەوە و سنورەکانی کوردستان بە چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردومان دەرێت.

 

"ئێستا خوێندکار لە ڕۆژهەڵات و گەریلا لە چیاکان چەکی کیمییان لە دژ بەکاردێت"

کەلسوم محەمەد، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەدا، کورد لە هەر شوێنێک بێت هەر کوردە، کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا ئێمە دەمانوت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هیچمان نەوتووە و دەوڵەتە زلهێزەکان بێ ئاگان، بۆیە لەسەر هەڵەبجە وەک پێویست نەهاتونەتە دەنگ، تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستاش هەوڵی لەناوبردنی ئەو بەڵگانە دەدرێت کە هەڵەبجەی پێ کیمیابارانکراوە، لەسەر ئاستی جیهانیش نەک هەرێمی و حزب.

 

کەلسوم محەمەد وتیشی: کورد وەکو کاڵایەکی لێهاتووە کە دەسەڵاتداران و سیستەمی سەرمایەداری مامەڵەی پێوە دەکات، بەداخەوە دوای هەڵەبجە، دەبینین ڕۆژانە خوێندکاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەریلاکان لە چیاکانی کوردستان چەکی کیمیاییان لە دژ بەکاردەهێنرێت و دەوڵەتانی زلهێز ئەمە دەبینن و دەزانن کە چەکێکی قەدەغەکراوە و نابێت بەکاربهێنرێت، بەڵام بێدەنگن، کورد لە شوێنێک هەبێت، هێرش و داگیرکاری لەسەرە و ئێمەش وەکو هەڵەبجەیی دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر پشتیوانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان بکەین لە کاتی هێرشەکاندا.

 

"کیمیابارانکردنی کوردان بەردەوامە"

سوران حەمە فرەج کوێخا، برینداری چەکی کیمیایی، لە پاش ٣٥ ساڵ لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە باسی لەوەکرد کە هەر ساتێک باسی کیمیایی و برینداری کیمیایی دەکرێت ئاواتەخوازن کە لەگەڵ شەهیدەکانیان شەهید بوونایە، چونکە لە سەرجەم کایەکانی ژیان ڕووخاون، وتیشی: بۆیە ئەو قسانە دەکەم، چونکە سەرەڕای کیمیابارانی هەڵەبجە هێشتا بۆردومانی کوردان بەردەوامە بە چەکی کیمیایی و بە هەر پاساوێک بێت.

 

"با چیتر چیرۆکە تاڵەکانمان دووبارە نەبێتەوە"

سوران حمە فرەج کوێخا باس لەوە دەکات، کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا، نەتوانرا دەنگی کورد بگەیەنرێت و وڵاتانی دراوسێش باوەڕیان نەکردووە کە هەڵەبجە کیمیاباران کرابێت، ئیستا لە هەر دەقەیەک بێت هەر ڕووداوێک خێرا بە جیهان بڵاودەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە بۆ کورد سودی نەبووە و لەدوای چەندین سەدە برینەکانمان چارەسەر نابێت، بۆیە پێویستە حکومەت و دەسەڵات ڕێگا بگرنەبەر و هەم بە هانای خەڵکی هەڵەبجەوە بێن، هەم ڕێگایەک بگیرێتەبەر تاوەکو چیرۆکە تاڵەکانمان دووبارە نەبێتەوە و نیشتمانمان بریندار نەبێتەوە، چیتر چیرۆکی تاڵ نەنووسینەوە.

 

"کورد وەکو کاڵایەکی سیستەمی سەرمایەداری لێهاتووە"

جوان محەمەد، بریندارێکی دیکەی چەکی کیمیاییە، تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، باس لەوەدەکات پێویستە ڕێگری لە کیمیابارانکردنی کوردان لە چیاکانی کوردستان بکرێت تا و وتی: با ئەوەی بەسەر ئێمەدا هات، ئەو ژیانەی ئێمەی تێکەوتووە بەسەر کوردان نەیەت، چونکە ئەوەی شەهید دەبێت ئیسراحەت دەکات، بەڵام شەهیدانی زیندوو ئیسراحەت ناکەن و پێویستە حکومەت و دەسەڵات بێنە سەر خەت، تاوەکو هەڵەبجەیەکی تر دووبارە نەبێتەوە.

 

هەڵوێستە وەرگرتنی بریندارانی چەکی کیمیایی لەکاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا کوردان بە چەکی کیمیایی بریندار و شەهید دەکرێن و سەرجەم وڵاتان و ڕێکخروەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستیدا بێدەنگن.