هەزار و ٦٧٠ منداڵی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان هەیە

زۆرترین منداڵی ئیشکەر لە شەقامەکاندا لە پارێزگای دهۆکە، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان هەزار و ٦٧٠ منداڵ هەیە، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە پرۆژە یاسایەک بۆ مافەکانی منداڵ ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە تا ئێستا وەڵامی نەبووە، خانەی بێسەر پەرشتانیش ڕەزامەندە بۆ وەرگرتنی ئەو منداڵانە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕۆژی ٣١ی کانوونی دووەم، لەلایەن ڕێکخراوی "جۆگند ئین وێلت"ی نەمسایی کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە، بە ڕۆژی منداڵانی سەرشەقام دانراوە، کە ئامانجی سەرەکی لە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە فریاکەوتنی منداڵانی سەرشەقامە لە ڕووی خواردن و پەروەردە، بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەبارەی ئەو منداڵانە.

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە هەرێمی کوردستانەوە کاردەکەن و تایبەتە بە منداڵان، بەپێی ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوەش لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٦٧٠ منداڵ کە لەسەر شەقامەکان و شوێنەکان کاردەکەن هەیە، کە هەزار و ٢٨٧ کوڕە، ٣٨٣ کچە.

 

بەپێی ئەو ئامارەش، لە هەولێر ٤٨٨ منداڵی ئیشکەر هەیە، منداڵی ناوخۆ دووی کچ و ٣٥ کوڕە، ئاوارەی ناوخۆی عێراق ٢١ کچ و ٢٩٣ کوڕە، پەنابەران ٢٦ کچ و ٧٩ کوڕە، کۆچەری سێ کچ و ٢٩ کوڕ.

 

لە سلێمانی ١٦٠ منداڵی ئیشکەر هەیە، منداڵی ناوخۆ حەوت کوڕ هەیە، منداڵانی ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق ٢٠ کچ و ٦٦ کوڕە، پەنابەران ١٠ کچ و ٢٠ کوڕە، کۆچەری ١٩ کچ و ١٨ کوڕ.

 

لە دهۆک هەزار و ٢٢ منداڵ هەیە، منداڵانی ناوخۆ ٨٩ کچ و ٦٩٤ کوڕ، ئاوارەی ناوخۆی عێراق ٧٧ کچ و ٣٢ کوڕ، پەنابەر ١١٦ کچ و ١٤ کوڕ.

 

بەشێکی زۆری لەم منداڵانە لەلایەن خێزانێکەوە دێن و بێ سەرپەرشت نین، بەڵام هەر لە تەمەنێکی بچوکەوە دەخرێنە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و کاریان پێدەکرێت، هەرچەندە بەپێی یاسای چاودێری پاراستنی کۆمەڵایەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە یاسایەکی گشتییە، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەک لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان نییە.

 

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ پڕۆژە یاسایەک لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ مافەکانی منداڵان، بەڵام ئەوە زیاتر لە چوار مانگە هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە.

 

منداڵەکان لە خانەی منداڵان وەردەگیرێن

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە نوژنهای ڕاگەیاند، کە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی پڕۆژەیەکی بە هاوکاری ڕێکخراوی منداڵپارێزی کورستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ هەیە، بۆ وەرگرتنی ئەو منداڵانەی لەلایەن سەرپەرشتیارەکانیانەوە کاریان پێدەکرێت و خراپ بەکاردەهێندرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، دوای سەلماندنی بەکارهێنانی ئەو منداڵانە لە دادگاوە ئەوە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی دەتوانێت ئەو منداڵانە وەربگرێت.

منداڵەکان لە خوێندن دابڕاون

بۆ زانینی دۆخی منداڵەکان، چوینە ناوبازاڕی سلێمانی، بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە لە خوێندن دابڕاون، بە جلوبەرگێکی کەم و پێڵاوێکی کۆنەوە دەگەڕێن، عەلاگە، کلێنس و بنێشت دەفرۆشن.

 

زۆرینەی ئەو منداڵانە ئاوارە و پەنابەرانن، مێلا تەمەنی ١٢ ساڵە، یەکێک لە منداڵەکانە، ماڵیان نزیک مزگەوتی گەورەیە، سەرمایەتی و جلوبەرگێکی گەرمی نییە لەبەری بکات و دەڵێت باوکی نەخۆشە لەبەر ئەوە کلێنس دەفرۆشێت، بەڵام هێشتا لە جیهانە منداڵیەکەیدایە و بوکەشوشەکەی بەدەستەوەیە، لە قوتابخانە نییە.

 

تەمەنی هیچیان لە ١٣ ساڵ تێناپەڕێت، لە بەیانی ٨ بەیانی بۆ ٧ ئێوارە کاردەکەن و ڕۆژانە دەستماییەکی کەمیان هەیە، سەرمایانە، بەشێکیان لە قوتابخانەن و بەشێکیشیان دابڕاون، زۆرینەیان بە یەکەوەن و لەیەک دوور ناکەونەوە.

 

ئیسماعیل یەکێکە لە منداڵەکان کە خێزانەکەی لە ١٠ کەس پێکهاتووە، لە سەڵاحەدینەوە هاتوون بۆ سلێمانی، ناخوێنێت و دەڵێت سەرمایانە، دەیەوێت بۆ هاوکاری خێزانەکەی کاربکات، باوکی لە کاتی شەڕدا لە سەڵاحەدین مردووە.

 

توندوتیژی بەرامبەر منداڵەکان مەکەن

ناسک ئیسماعیل، سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کەیس لە بەشی پاراستنی منداڵ لە ڕێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە ئەوان بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی نەوجەوانان و قائیمقامیەتی سلێمانی لیژنەیان بۆ گەڕان و بەدواداچوونی دۆخی ئەو منداڵەنە هەیە.

 

هاوکات ئەو دایکوباوکانەی کە کار بە منداڵەکان دەکەن، لە پۆلسی نەوجەوانان بە هەماهەنگی بەشی یاسای قائیمقامیەتی سلێمانی بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە، ئەگەریش پێشێلکاری بکەن، ئەوا لە ڕێگای پۆلیسی نەوجەوانانەوە دەگوازرێنەوە بۆ داواکاری گشتی و دادگای لیکۆڵینەوە لێکۆڵینەوەی یاسای دەکات.

 

ئەو دەڵێت، ئەو منداڵانەی لە شەقام و شوێنەکاندا کاردەکەن، منداڵی ئیشکەرن و زۆرینەیان سەرپەرشتیاریان هەیە، بەڵام لەلایەن خێزانەکانیانەوە بە هۆکاری جیاوازی وەک دۆخی ئابوری کاریان پێدەکرێت.

 

ناسک ئیسماعیل داواش لە هاوڵاتیان دەکات بە چاوی بەزەییوە سەیری منداڵەکان نەکەن و هاوکاریان نەکەن چونکە بەو شێوەیە ئەو دیاردە و کارکردنە بە منداڵەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها داواشدەکات کە توندوتیژی بەرامبەر منداڵەکان بەکارنەهێندرێت و هۆشیاری بە منداڵەکان بدرێت، چونکە ئەو منداڵەنە نەوەی داهاتووی کۆمەڵگان.

 

ت.پ