هەڕەشەی خێزانە داعشییەکان بۆ سەر ئاوارەکانی کامپی هۆل

کامیلە ئیبراهیم جابر، ئاوارەیەکی عێراقییە و ماوەی شەش ساڵە لە کامپی هۆل نێشتەجێیە، ئاماژەی بەوەدا کە مەترسی لەسەر ژیانیان لەدوای هاتنی خێزانی چەتەکانی داعش بۆ کامپەکە زیاتر بووە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بیانگەڕێنێتەوە بۆ ماڵەکانیان.

 

سۆرگول شێخۆ

حەسەکە- یەکێک لە مەترسیدارترین کامپەکانی جیهان، کامپی هۆلە، کە دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە هەرێمی جەزیرە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەپێی دواین ئامارەکان زیاتر لە ٣١ هەزار پەنابەری عێراقی، ٢١ هەزار کۆچبەری سوریا، ٨٧٠٠ خێزانی چەتە داعشییەکان و بیانییەکان لە کامپەکەدا دەژین.

 

لەدوای ڕزگارکردنی باغۆز، هەزاران خێزانی چەتەکانی داعش کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانی قەسەدە کردووە، لە کامپی هۆل جێگربوون، لەدوای ئەوەشەوە ڕۆژانە حاڵەتی کوشتنی کۆچبەر و پەنابەرانی سوریا و عێراق ڕوودەدەن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١یشەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٧ پەنابەر کە زۆربەیان عێراقی بوون لە کامپەکەدا کوژراون.

 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاری یەپەژە/یەپەگە و قەسەدە لە دژی شانە نهێنییەکانی داعش لەناو کامپەکەدا لە ٢٨ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد ، گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ کامپەکە، هەزاران کارمەند و شەڕڤان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون و لە بەشی ئاوارەکانی عێراقەوە دەستیان بە گەڕان و پشکنین کردووە.

 

کامیلە ئیبراهیم جەبار کە کۆچبەرێکی عێراقییە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی هێرشەکانی داعش بۆ موسڵ ئاوارەی خاکی سوریا بوون و لەکامپی هۆل نیشتەجێ بوون، بۆ ئاژانسی ژنها دوا.

 

"ماوەی ٦ ساڵە لەم کامپەدا ژیان بەسەر دەبەم"

کامیلە وەک هەزاران خێزانی دیکە لە عێراقە ئاوارەی خاکی سوریا بوون دەربارەی ژیانی خۆی وتی: "ماوەی شەش ساڵە چەندین خێزان بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە لەموسڵ کۆچیان کردووە، یەکێکیان ئێمەین، ماوەیەک لەمەوبەر گەڕایەنەوە بۆ موسڵ، بەڵام بەداخەوە ئێرانییەکان لە ناوچەکەی ئێمەدا بوون، لەوێ ئارامیم نەبینی، پاشان چووینە بەغداد و گەڕاینەوە بۆ "ئەنبار" و لەوێشەوە هاتینەوە کامپەکە، هەرچەندە زەحمەتە بەڵام لێرە کەمێک هەست بە ئارامی دەکەین، هێزەکانی ئاسایش هاوکاری ئێمە زۆر دەکەن".

 

"بەزۆر لەچکیان بە خۆمان و منداڵەکانمان کرد"

کامیلە ئاماژەی بە خراپی بارودۆخیان کرد لە دوای هاتنی خێزانی چەتەکانی داعش و وتی: لەدوای ڕزگاکردنی باغۆزە و هاتنی خێزانی چەتەکانی داعش بۆ کامپەکە، چەندین ڕووداو ڕوویان داوە، هەتا لە کۆتایدا گەیشتە ئاستی کوشتن، زۆرینەی ئەوانەی دەکوژران ئاوارە عێراقییەکان بوون، هاتن و هەبوونی خێزانە داعشییەکان لەسەر هەموو پەنابەران جێی مەترسییە، ئەو لەچکەی بە سەری ئێمە و منداڵەکانمانەوەیە بەزۆر بە ئێمەیان کرد، خێزانە داعشییەکان چەندین هێرش و کوشتن و بڕینیان ئەنجامدا و ئێمەش ناچاربووین لەچک بکەین".

 

"لە دژی هەڕەشە و گوشارەکان ئێمە ژیانمان هەڵبژارد"

ئەو ژنە باسی لەوەکرد ئەوەی ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە پەنابەرە عێراقییەکانن و وتی: " داعش کۆتایی پێنەهاتووە، خێزانەکانیان دەستیان خۆڕێکخستن کردن کردووە و مەترسی لەسەر ژیانی ئێمە هەیە، بە ئاشکرا بە منیان وت 'یان چادرەکانتان دەسوتێنین، یان لەگەڵتاندا دەژین'، ئێمە شانسمان هەبوو کە چادرەکانمانیان نەسوتاند، ژیانمان نائارامە، دەرگای چادرەکانمان لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر دەکەینەوە و سەرلەئێوارە دایدەخەین، کوشتنی پەنابەرەکان لە ئێواران و شەواندا ڕوودەدەن، بیر لە منداڵەکانم دەکەمەوە لە ترسان و تا دێم دەیانپارێزم.

 

"هەموو ڕۆژێک شەڕمان لەگەڵ دەکەن"

پەنابەر کامیلە ئەوەشی وت، کە ئەوان بەهۆی ئەوەی هاوکاری چەتەکان نین ڕۆژانە هەڕەشەیان لێدەکرێت و وتیشی: "ئێمە وەک خێزانە عێراقییەکان کە ماوەی شەش ساڵە لە کامپی هۆل جێگربووین، زۆرترین زیان و کۆمەڵکوژیان ڕووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کاتێک داعش دامەزرا و بڵاوبووەوە ئێمە نە یارمەتیماندان و نە بەشداریمان کرد".

کامیلە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی ئێمە لەبەر شەڕ ڕامان کردووە، چۆن ببینە هاوکاری داعش و شەر لە دژی خەڵکی سیڤیل و بێتاوان بکەین،  وتیشی "ئێمە خوشک و براکانمان هەرگیز ناکوژین".

 

ت.پ