"درامای تورکی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کێشە خێزانییەکان هەیە"

کێشە خێزانەییەکان ڕۆژ بەڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و شارەزایەکیش هۆکارێکی ئەم کێشانە بۆ دراما تورکیەکان دەگەڕێنێتەوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە کاتێکدا بەرەوپێشچوونی بوارەکانی ژیان و تۆڕی کۆمەڵایەتی چەندین سوودیان بە کۆمەڵگە گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کێشەیان دروست کردوە، بەتایبەتی کێشە خێزانییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا درامای تورکی کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر خێزانەکان دروست کردوە و شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو داڕمان بردوە.

 

کەژاڵ عەبدوڵا شارەزا لە بواری پەروەردەی منداڵ و خێزان، باس لە کارییەکارییەکانی درامای تورکی و زیادبوونی کێشە خێزانییەکان دەکات و ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا دۆخی کۆمەڵگە لە ڕووی کێشە خێزانییەکانەوە بەرەو خراپبوون دەڕوات، چاوەرێی ئامارێکی مەترسیدار دەکەین، چونکە ڕێژەی جیابوونەوەش ڕووی لە زیادبوون کردوە، ئەم ئامارە ترسێکی لای تاکەکانی تریش دروست کردوە لە پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، هۆکارێکی زیادبوونی ئەم کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی پیاوان بۆ خیزانەکانیان کە وا دەکات بۆشاییەک دروست ببێت و لە دواتردا ئەم بۆشاییە بە شتێكی تر یان کەسیکی تر پڕ بکەنەوە، هۆکارێکی تریش دەگەڕێتەوە بۆ چاولێکەری و بەشێک لە خێزانەکان قەناعەتیان بە ژیانی خۆیان نییە و چاویان لە ژیانی کەسانی ترە بۆ ئەوەی وەکو ئەوان بن.

 

"بەهۆی نەبووی بەرپرسیارێتی تاکەکان بۆ کێشە بچووکەکانیش پەنا دەبەنە بەر جیابوونەوە"

کەژاڵ عەبدوڵا ڕوونی کردەوە، چۆن شۆڕشی پیشەسازی کراوە لە هەمان کاتدا شۆڕشێکی بە بازاڕکردنی ژنان هاتووەتە ئاراوە، زۆری ئەنجامدانی جوانکارییەکان ژنانی لە سروشتی خۆیان دەرکردوە و وای کردوە کێبڕکێیەک دروست ببێت لە ئەنجامدانی ئەم جوانکاریانە، خراپی باری دارایش هۆکارە، بەڵام ئەگەر کێشەکان خۆی لە بنەڕەتدا گەورە نەبن دەتوارێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، کەیسی وا هەیە سێ مانگە ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، بەڵام لەسەر چوونە دەرەوەیەک کێشەیان دروست کردوە.

 

وتیشی: ژیانی هاوژینی تەنها خۆشی نییە، بەڵکو بارگرانی و ناڕەحەتیش دێتە پێشەوە، کاتێک دوو کەس ئامادەن ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا یەکیان بوێت نەک تەنها لە کاتی خۆشیدا، لە کۆمەڵگە بۆ زۆربەی بوارەکان شوێن هەیە، بەڵام بەداخەوە بە پێی پێویست شوێن بۆ ئەو کەسانەی بە تەمای پێکهێنانی ژیانی هاوژینین نییە، نەبوونی ئەم شوێنانەش وای کردوە تاکەکان زانیارییەکی ئەوتۆیان نەبێت و بۆ هەر کێشەیەک پەنا ببەنە بەر جیابوونەوە.

 

"درامای تورکی کێشەی خستوەتە ناو کۆمەڵگەی کوردیەوە"

کەژاڵ عەبدوڵا ئەوەشی خستەڕوو، جیابوونەوە خۆی بۆ چارەسەری هەندێک کێشە دانراوە بۆ ئەوەی گەورەتر نەبێت، بەڵام بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە جۆرێتر جیابوونەوە بەکاردەهێنرێت، هاتنە ناوەوەی درامای تورکی کۆمەڵگەی کوردی بەرەو داڕمان بردوە، ئەو لەقتە نەشیاوانەی لەو درامایانەدا هەیە ڕاستەوخۆ بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە دەگوازرێتەوە، هەر وڵاتە و بە جۆرێک هەوڵی داگیرکردنمان دەدات، دەوڵەتی تورکیاش لە ڕێگەی دراماکانیەوە هەوڵ دەدات شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی تێکبدات و داگیرمان بکات.

 

دەشڵێت: دراما تورکییەکان ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دروست کردوە وایان کردوە خێزانەکان کاتێکی زۆری خۆیان بەفیڕۆ بدەن لەسەیرکردنی ئەو درامایانەدا، نابێت ئێمە چاو لە ژیانی ئەو درامایەنە بکەین، بەڵکو دەبێت ژیانی هەریەکەمان وەکو هی خۆمان بێت، چونکە کاتێک خێزانێک سەیری درامایەکی تورکی دەکەن منداڵەکانیان پشتگوێ دەخەن و منداڵیش بیر لە لەقتە نەشیاوەکانی ئەو درامایە دەکاتەوە و کاردانەوەی دەروونی دەبێت لەسەر منداڵ.

 

"نابێت کێشە خێزانییەکان لە پێش چاوی منداڵدا باس بکرێت"

کەژاڵ عەبدوڵا لە کۆتایدا وتی: بۆ ئەوەی کێشە خێزانەییەکان بەرەو کەم بوونەوە بڕۆن دەبێت تاکەکان لە تەمەنی پێگەشتن و تێگەشتنێکی باشیان لە ژیانی خێزانی هەبێت دواتر ژیانی هاوژینی پێکبهێنن، تاکەکانی خێزان کاتیان هەبێت بۆ یەک و نەهێڵن بۆشاییەک لە نێوانیان دروست ببێت، وە داوا دەکەمکەس سەیری درامای تورکی نەکات کە هەموو بەها جوانەکانی ژیانی خێزانی تێکدەدات، هەروەها کێشە خێزانەییەکان لە پێشچاوی منداڵدا باس نەکرێت و بۆ چارەسەری کێشەکان پەنا نەبەنە بەر جیابوونەوە.