‌هێزی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن: پاراستن ئەرکی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە

ئەندامانی هێزی پاراستنی کۆمەڵگە- ژن "HPC-JIN" داوایان لە خەڵکی ناوچەکە کرد هاوکاریان بن لە پێناو ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەکاندا و وتیان: پاراستن ئەرکی هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیەیە.

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە-هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە- ژن  "HPC-JIN" تا کۆتایی وەرزی کشتوکاڵ کاردەکەن بۆ پاراستنی زەوییەکان لە ئاگر، زاندراوە لە کاتی چاندنی زەوییەکاندا دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست تۆپ فڕێ دەداتە ناو کێڵگەکانی خەڵک و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەنجی ساڵێکی جوتیاران بەفیڕۆ بچێت، هێزی پاراستنی کۆمەڵگە- ژن HPC-JIN شەو و ڕۆژ لە ئەرکدان بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە، شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەی کشتوکاڵ لە زۆربەی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیادی کردووە.

 

"ئەرکی ئێمە پاراستنی نیشتمانە"

ڕیما فەیاد، ئەندامی هێزی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن لەسەر ئەو پرسە قسەی لەگەڵ کردین و وتی: سێ ساڵە ئەندامی هێزەکەم، شەو و ڕۆژ لە هەموو چالاکییەکان ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی بەپەلە چونکە ئەرکی ئێمەیە کە خۆمان و وڵات و خاک لە هەموو هەڕەشەکان بپارێزین، ساڵانە پاسەوان ڕێکدەخەین بۆ پاراستنی کێڵگەکان لە ئاگر، هەموو ڕۆژێک پاسەوانەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیەوە دەست پێدەکەن و تا کاتژمێر ٧ی ئێواران دەمێننەوە، کارەکانمان بەردەوام دەبێت تاوەکو بەروبوومەکان کۆدەکرێنەوە.

 

"دەبێت خاکەکەمان لە هەموو هەڕەشەیەک بپارێزین"

ڕیما فەیاد داوای لە خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەتی ژنان کرد کە بچنە پاڵ هێزی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن و لە تەنیشتی بوەستن بۆ پاراستنی زەوییەکان لە ئاگرەکە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە پێکەوە وڵاتەکەمان و خاکەکەمان و ڕزق و ڕۆزی خۆمان لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک بپارێزین.

 

"ئەرکی هەمووانە خاک بپارێزن"

ئەمینە شێخموس ئەندامی هێزی پاراستنی کۆمەڵگە-ژن ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی ڕابردوو زەوییەکی زۆر سووتاوە و جووتیاران بەهۆی ئاگرەکەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، ڕۆژانە نۆرە دەگرن، وتی: ئەرکی ئێمەیە و ئەرکی هەموو خەڵکە کە زەویەکانیان بپارێزن، لە ساڵانی پێشوودا زۆر زەوی سووتێندراون و جووتیاران زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، کێڵگە کشتوکاڵییەکان تەنها بۆ خاوەنەکانیان نییە، بەڵکو موڵکی خەڵکی ئەم هەرێمەیە و ئەرکی هەموو هاوڵاتییەکە کە کێڵگەکان لە ئاگر بپارێزێت.

 

ئەمینە شێخموس داوای لە گەلی ناوچەکە کرد گوێ لە هۆشدارییەکانی سەلامەتی بگرن بۆ ئەوەی ئاگر لە کێڵگەکان نەکەوێتەوە.