لە حوزەیراندا ٨ ژن کوژراون، وەزارەتی ڕۆشنبیریش گوێی خۆی لێدەگرێت

وەزارەتی ڕۆشنبیری بە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان پێیوایە ترس و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە، بەڵام ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هۆشیاری دەگرێت تا کۆمەڵگە ئاگادار نەبێت لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی بۆسەر ژنان ئەنجام دەدرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان ڕوو لە هەڵکشانە، هەموو مانگێک ژمارەیەک ژن دەکوژرێن یاخود ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، ئەمە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە دەکەونە دەست میدیاکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی، بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت چەندین حاڵەتی دیکە هەن ناخرێنە بەر باس و کپ دەکرێن.

 

بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا ٨ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، ڕووداوەکان زۆرینەیان لە شاری هەولێر ڕوویانداوە، بە پێی ئەو ئامارانەی دەست نوژنها کەوتووە لە کۆی شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٠ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، تا ئێستاش بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هیچ ئامارێکی نەخستۆتە ڕوو دەشڵێن ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن ئاشکرا ناکەین.

 

ڕووداوەکانی مانگی حوزەیران بەم جۆرە بوون:

٣ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٠ ساڵان لە گەڕەکی ٣٢ی پارک لە شاری هەولێر لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەخنکێندرێت و دەوترێت ماوەی ساڵێکە هاوسەرگیری کردووە، ژنەکە ناوی ساریە فەرحانە، خەڵکی شاری خەلیفانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

 

١٠ی حوزەیران، لە شارۆچکەی خانەقین، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ بەهۆکارێکی نادیار لە ڕێگای هەڵواسینەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، بە گوێرەی زانیارییەکان ژنەکە دایکی دوو منداڵە.

 

١١ی حوزەیران، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی (ش.ئ)، بەهۆی سوتاوییەوە گیانی لەدەستدا، ژنەکە دانیشتووی شارەدێی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و دەرچووی زانکۆ بووە، ٧٠٪ی جەستەی سووتاوە و کەسوکارەکەی دەڵێن، خۆی سووتاندووە و هۆکاری خۆسووتانەکەشی نازانن، دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانی، گیانی لەدەستدا.

 

١٢ی حوزەیران لە گەڕەکی ئارى شاری هەولێر ژنێک بەناوی جوان عەزیز حەسەن، کە تەمەنى ٣٨ ساڵە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بەناوی (ع. خ.) لەسەر کێشەیەکی خێزانیی کوژراوە.

 

١٨ی حوزەیران له‌ نهۆمی ١٧ی كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبونی MRF لە شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هه‌ولێر ئاگرێک كه‌وته‌وه‌ و بەهۆیەوە ژنێک دوای تووشبوونی بە تەنگەنەفەسی گیانی لەدەستداوە، ژنەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و ٣٠ ساڵە.

 

دوو ژنی گەنج لە کەلار خۆیان کوشتووە، ئەوانیش، ڕاز محەمەد، ١٦ ساڵ، ٢٤ی حوزەیران لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و بکوژ دەستگیرکراوە، هەر لە کەلار ژنێکی گەنجی دیکە بە ناوی سایە مستەفا، تەمەن ١٦ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٢٥ی حوزەیران بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات.

 

٣٠ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵان بە ناوی "سومەییە س. ا." لە گەرەکی ساڵاحەدین لە شەقامی سورچیانی شاری هەولێر لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی زەکەریا ڕۆستەم، لەلایەن برایەکییەوە دەکوژرێن، بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو هاوژینە لە ساڵی ڕابردوودا هاوسەرگیرییان کردووە بەڵام لەو کاتەدا ماڵی کچەکە ڕازی نەبوون، بۆ ئەوەی ژیان پێکبهێنن و کوشتن دروستنەبێت ماڵی زەکەریا سێ کچی خێزانەکە دەدەنە ماڵی سومەییە، بەڵام دوای ساڵێک زەکەریا و سومەییە لەلایەن برایەکی سومەییەوە دەکوژرێن.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری بڵاکردنەوەی هەواڵەکان قەدەغە دەکات

هەرچەندە ئامارەکان و حاڵەتەکانی توندوتیژی و ژن کوشتن تا دێت زیاد دەکات، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکیدا کەلە ڕێگای ڕاگەیەندراوێکەوە لە بەرواری ٨ی حوزەیران ئاڕاستەی سەرجەم میدیا بینراو و بیستراوەکانی کردبوو تیایدا هاتبووە هەواڵی "کوشتن و خۆکوشتن و سوتاندن" قەدەغە دەکەن.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەر و هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک لە ڕێگای پڕۆگرام و ڕاپۆرت هەڵدەستێت بە قەدەغەکردنی ڕووماڵکردنی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن، هەرچەندە هۆکاری ئەم بڕیارەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو ترسەی لە ئەنجامی ئەم هەواڵانەوە دروست دەبێت، بەڵام دەتوانرا وەزارەت ڕێگە چارەسەری بۆ حاڵەتەکانی کوشتن دابنێت.

 

"ڕێگریکردن لە پەخشکردنی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان گومان دروست دەکات"

ئەڤین ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، دەربارەی بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی بۆ نوژنها وتی: هەواڵەکانی کوشتنی ژنان و خستنەڕووی ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی پێویستییەکی یەکجار گرنگە، مافی گشتییە و پێویستە کۆمەڵگە زانیاری لە بارەوە هەبێت چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئاسایشی خێزانییەوە هەیە، هاوکات ڕۆڵی گەورە دەگێڕێت لە دیاریکردنی هۆکارەکانی زیادبوونی ئەم حاڵەتانە، بە بڵاوکردنەوەی ئەم حاڵەتانە هۆشیاری زیاتر بڵاو دەبێتەوە لەناو کۆمەڵگەدا، ڕێگریکردن لە پەخشکردنی هەواڵەکانی کوشتنی ژنان گومان دروستدەکات، کە بۆچی وەزارەت کە سەر بە حکومەتە ڕێگە نادات ئەم ڕووداوانە ئاشکرا ببن، لای گشت کۆمەڵگە و ڕێکخراوەکانی ژنان دەبێتە پرسیار کە ئایا کێ سودمەند دەبێت لە شاردنەوەی ڕاستییەکان و نەخستنەڕووی ئامارەکان

 

"وەزارەتی ڕۆشنبیری دەتوانێت بە ڕێگای دیکە ترس لە هەواڵەکانی کوشتن کەمبکاتەوە"

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت وەزارەتی ڕۆشنبیری بە دەرکردنی ئەم بڕیارە دیدێکی جیاوازی هەیە لەسەر ئامارەکانی کوشتنی ژنان، ئەگەر لە خەمی کۆمەڵگە و دروستکردنی ترسە بۆ هاوڵاتیان، دەتوانێت لە بری ئەم بڕیارە کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکە بگرێتەبەر وەک داخستنی هەموو ئەو کەناڵانەی ڕۆژانە لە ڕێگای بەرنامەکانیان ژەهر دەڕێژنە نێو کۆمەڵگە و بوونەتە هۆکار بۆ زیادبوونی هۆکارەکانی توندوتیژی بۆ سەر ژنان، ڕێگری لە بەشێک لەو بەناو مەلایانە بکرێت کە مینبەر و کەناڵە تایبەتەکانی خۆیان لە میدیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کردووەتە سەکۆیەک بۆ بەرهەمێنانی ئایدیای دژە ژنی وتوندوتیژی دژ بە ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگەشدا.

 

ئاماژەی بەوەدا، ڕێگری بکرێت لەو بەرنامانەی کە دژی ژن بەرهەمدێت و کۆمەڵێک کەس و لایەن هەن کە لە هەبوونی ژن دەدەن ڕێگریان لێبکرێت، بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە گشتی و وەزارەتی ڕۆشنبیری بە تایبەت ئەم ڕێگە چارەسەریانە بگرێتە بەر.

 

"بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی ژنان هۆشیارییە نەک مەترسی"

ئەڤین ئەحمەد باسی لەوەکرد، کاتێک هەر کەس و لایەنێک ئەم هەواڵانە بەر گوێی دەکەوێت بەدواداچوونی بۆدەکات و لە هۆکارەکەی دەکۆڵێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵات و کۆمەڵگە ئەقڵەیەتێکی پیاوسالارییان هەیە، بێگوومان ئازادبوونی ژن و واڵاکردنی فکری ئازادی ژن مەترسی دروستدەکات بۆ سەر ئەقڵیەتی پیاوسالارییان، بۆیە حکومەت و دەسەڵات کاری لەسەر ناکات یاخود ئەگەر بیشیکات تا ئەوکاتە دەیکات کە خۆی بەرژەوەندی تیایدا هەبێت، "خستنەڕووی ئەم هەواڵانە و ڕاگەیاندنی ئامارەکان خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، نەک مەترسی دروستبکات بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی".

 

"یاسا کاری پێناکرێت، زۆرینەی ڕێکخراوەکانیش لە بنەڕەتدا پیاوسالارن"

ئەو ڕۆژنامەنووسە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکانی گەڕاندەوە بۆ یاسا، وتی "کاتێک توندوتیژییەک بەرامبەر بە ژنێک دەکرێت پێویستە یاسا بەرقەرار بێت، لەبەرئەوەی یاسا کاری پێناکرێت، ڕێکخراوەکانیش چارەسەری کاتیان هەیە و ناتوانن ڕووبەڕووی دەسەڵات ببنەوە، چونکە زۆرینەیان خۆیان لە بنەڕەتدا پیاوسالارن و گەشە بە بیری پیاوسالاری دەدەن، بۆیە ئامارەکان لە زیادبووندان".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر پرسی ژن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا تا بێت بەرەو دواوە دەچێت، چونکە ژنان بوونەتە زەرەرمەند لە بەرامبەر دەسەڵات، بیری کۆمەڵایەتی و بیری بەشێک لەوانەی داکۆکی لە مافی ژن دەکەن، بۆیە ئەوەی پێویستە بکرێت لە ئێستادا دەنگ هەڵبڕینی ژنانە و زەختکردنە لەسەر لایەنە یاساییەکان بۆ ئەوەی هێندە پاڵەپەستۆ دروست کەن دەسەڵات بە یاسا و بەڕێوەبردنەکەیدا بچێتەوە و یاسا بەرقەرار بکات.