ڕووکەن؛ یەکێک لە ٨٣ شەهیدەکەی کۆمەڵکوژی هەولێر
ناهیدە حەمەساڵح ناسراو بە ڕووکەن تێکۆشەرێکی باشووری کوردستان و ژنێکی ئازادیخوازی گەلی کورد، بە هەموو بڕوایەوە دەستی دایە تێکۆشان بۆ ئازادی گەلی کورد، بەڵام بە دەستی خیانەتی پەدەکە لە کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٩٧ی هەولێردا شەهید کرا.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- پەڕەکانی مێژووی کورد، بە دەستی خیانەتکارانەوە بوونەتە برینی گەلێک، ڕۆژ نییە ساڵیادی شەهیدبوونی تێکۆشەرێک نەکرێتەوە، کە بە بوێرانەوە بەرەو ڕووی مەرگ بووەوە و بەدەستی خیانەت شەهید کرا، ڕووکەن نموونەی سەدان شەهیدی گەلێکە، کە بە درێژایی هەبوونی خۆی شەڕی مانەوەی دژی داگیرکاری و خیانەت کردووە.
ئەمڕۆ، ١٦ی ئایار، ٢٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەولێردا تێدەپەڕێت، کە تیایدا ٨٣ کەس لە ڕۆژنامەنووس، چالاکوان، هونەرمەند و برینداران لە چەند ناوەندێکدا، لە یەک کاتدا بە دەستی پەدەکە کۆمەڵکوژ کران، ئەمەش دوای شکستێکی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدرا بەرامبەر بە هێزە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد.
هێرشەکە چۆن ڕوویدا؟
لە دوای دامەزراندنی ستاتۆی هەرێـمی کوردستان، بەردەوام ئەم هەرێمە بووە جێگەی هێرش و پلانەکانی دەوڵەتی تورکیا، پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە چیاکانەوە وەک پارێزەری کوردستان هەوڵی ڕێگریکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەدا، بە پێچەوانەوە پەدەکە هەمیشە ببووە دەستی خیانەت و هاوکاری دەوڵەتی تورکیای دەکرد، کە تا ئێستا بەردەوامە، لە ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٩٧، دەوڵەتی تورک هێرشێکی فراوانی داگیرکاریی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکرد، پەدەکەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای تورک بەشدارییکرد، لەو هێرشەدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەرباز و هەزاران چەکداری پەدەکە بەشداربوون، پەکەکە بۆ نەکەوتنە داوی خیانەتەوە، لە ئاستی سەرکردایەتیدا کۆبوونەوەیان لەگەڵ پەدەکەدا ئەنجامدا بۆ دانوستان و ئاشتەوایی، تا بەشداری شەڕی دەوڵەتی تورکیا نەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی بەشداری نەکردنیان دا، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی پەدەکە بەشداری شەڕی دژ بە پەکەکەی کرد.
بە گوێرەی سەرچاوەکان پەدەکە بە فەرمی داوای لە دەوڵەتی تورک کردووە کە لە دژی هێزەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان هێرش ئەنجام بدات، ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەش بە کۆمەڵکوژی هەولێر لە ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ بەردەوامی پێدرا.
ئەو کۆمەڵکوژیە لە کاتژمێر ١ی پاش نیوەرۆی ١٦ی ئایاری ١٩٩٧ لەسەر بارەگای یەکێتی ژنانی ئازادی کوردستان، بارەگای سەرەکی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، نوسینگەی ڕۆژنامەی وڵات و نەخۆشخانەی مانگی سوری کوردستان و بارەگای چاند و ھونەری میزۆپۆتامیا ئەنجامدرا، کە بەپێی هەندێک لە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان تیایدا زیاتر لە ٨٣ کەس بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژ کران.
دان بە کۆمەڵکوژییەکەدا نرا
جێی تێڕامانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار، بە بەرپرسیارانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی کۆمەڵکوژکراوانی هەولێردا نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی چەندین داواکاری لەلایەن ڕێکخراو و کەسوکاری شەهیدانەوە ئاڕاستەی حکومەت کراوە.
لە ساڵی ٢٠١١دا لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە یاداشتێک داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کرد چارەنووسی بێسەروشوێن کراوان ڕوونبکاتەوە، لە دوای ساڵێک، ساڵی ٢٠١٢، تاکە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەوەبوو کە، "هەمووان کۆمەڵکوژ کراون"، بێ ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکانیان و ئەو کەسانەی کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە.
پاش ٢٤ ساڵ لەو تاوانە، ئەو شوێنانەی کۆمەڵکوژییەکەیان تێدا ئەنجامدراوە، کە بەشێکیان لە گۆڕستانی مەعمەل قیر و بەشێکیان لە سەربازگەی ڕەشکین و چەند شوێنێکی دیکەن، خاپوور کراون و بینا و باڵەخانە لە شوێنەکانیان دروستکراوە، لەکاتێکدا گومان هەیە هێشتا ئێسک و پروسکی شەهیدانی ئەو تاوانە لەو شوێنەدا هەبن.
ڕووکەن نمونەی تێکۆشان و شەهیدی دەستی خیانەتە
ناهیدە حەمە ساڵح، ناسراو بە ڕووکەن، لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، دەرچووی بەشی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بوو، کەسایەتییەکی بێدەنگ و هێمن، لە هەمان کاتدا، لێهاتوو و گەنجێکی خاوەن پرسیار بووە، هەر لە منداڵییەوە پرسی ژن و کۆمەڵگە بۆ ئەو بووەتە جێگەی نیشانە و کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگەی پەسەند نەکردووە و بە نووسین و خوێندنەوە دەری بڕیوە، خوێنەری پەرتوکەکانی حەمە دۆک، ژانی گەل و "دایک"ی مەکسیم گۆرکی و دەیان پەرتوکی دیکە بووە، لە ساڵانی ١٩٩٥-١٩٩٦دا بە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ئاشنا دەبێت و لە ساڵی ١٩٩٦دا بەشداری ڕیزەکانی گەریلا دەبێت، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کاری کردووە و کۆتا وێستگەی کارکردنیشی لە شاری هەولێر وەک خەباتکار و ڕۆژنامەنووس کاری بووە.
ڕووکەن بە ڕووکەنیی(دەم بە خەندە)ییەکەیەوە بووەتە نمونەی ژنی ئازاد کە چەقبەستووی و کۆت و بەندەکانی پەسەند نەکردووە، ناسینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بۆ ڕووکەن قۆناغێکی نوێ بوو لە ژیانیدا، هەمیشە بە خێزانەکەی وتووە، هەتا ئەم بزووتنەوەیە نەناسیت، نازانیت ژیانی خەڵک چۆنە.
ئەدیبە حەمە ساڵح، خوشکی شەهید ڕووکەن، باس لە ژیانی ڕووکەن دەکات، کە گەنجێکی خوێنەر بووە و بەردەوام حەزی بە نووسین بووە، دوای ناسینی بزووتنەوەی ڕزگاریخواز بەردەوام لەگەڵ خەڵکدا گفتوگۆی کردووە و مێژووی کوردستانی باسکردووە و هەڵسەنگاندی بۆ ژیانی کۆمەڵگە کردووە، دەڵێت: من سەرسام بووم بە کەسایەتی شەهید ڕووکەن، کاتێک ساڵی ١٩٩٦ هاتەوە، من دووگیان بووم، پێی وتم کە ناوی دەنێم چی، لەو کاتەدا پێم وت من لە تۆوە ناوی دەنێم ڕووکەن".
ڕووکەن لە نووسینەکانیدا هەمیشە باسی ژنان و خۆشەویستی خاکی دەکرد، کێشەکانی دەخستەڕوو و ڕێگەچارەسەری نیشان دەدا، ئەدیبە حەمە ساڵح دەڵێت: کاتێک ساڵی ١٩٩٦ شەڕی ناوخۆ ڕوویدا، ڕووکەن بیرکردنەوەیەکی قوڵی لەسەری هەبوو، کاتێک بینی کۆمەڵێکی زۆر گەنج لە شەڕی ناوخۆدا لەناوچوون، کۆمەڵێک لە کۆچیان کرد، ئەو هەمیشە بیری دەکردەوە کە بۆچی دەبێت کۆمەڵگە وەهای لێبێت، شەڕ ببێت و گەنج لەناو بچێت.
خوشکەکەی ڕووکەن باس لە کۆمەڵکوژی هەولێر دەکات، دەڵێت: پێویستە لێپرسینەوە لە سەرکردەکان بکەین، کە بۆچی گەنجەکانمان لەناو هەولێردا کۆمەڵکوژ کران، دەبێت پرسیار بکەین، کاتێک دەسەڵات یارمەتی وڵاتێکی تر دەدات تا گەنجی خۆی لەناو ببات و کۆمەڵکوژ بکات، لەپێناو خۆی و بنەماڵەکەیدا، ئەو دەسەڵاتە کاتێک دەستی دەچێتە کوشتنی گەنجی وڵاتی خۆی، ئەوکاتە وڵات چی لێدێت؟، ئەو وڵاتە سەرەوژێر دەبێت.