لە شەوێکی باراناویدا نەدیمە خۆی و منداڵەکانی لە ئەنفال ڕزگار دەکات

ئەنفال ئازارێکی ساڕێژنەبووی لای ژنانی گەرمیان بەجێهێشتووە و نەدیمە محەمەد کە خاوەنی ١٠ شەهیدە: دەڵێت حکومەت گوێ لە داواکاریەکانم ناگرێت.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان-کۆمەڵکوژی ئەنفال لە کاتی کۆتایهاتن بە شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٨٨ بە هەشت قۆناغ دەستی پێکرد، لە ڕۆژی ١٤ی نسانی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوکردنی کوردان بە تایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، ٤ هەزار گوندی وێران کرد و زیاتر لە ١٨٢ هەزار کەسیشی شەهید و بێسەرو شوێن کرد، ئەم شاڵاوانەش لە ساڵی ١٩٨٩ کۆتایهات، دوای ڕووخانی ڕژێمیش بەشێک لە ئازارەکانی کەسوکاری ئەنفال سارێژ بوو، بەڵام نەبووە هۆی لەبیرکردنی تەواوی ئازارەکانیان، لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارەساتی ئەنفالی گەلی کوردی بە جینۆساید ناساند، هەروەها وڵاتانی سوید، نەرویج و بەریتانیا بەفەرمی ئەنفالیان بە جینۆساید ناساندووە ١٤ نیسانی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی ئەنفال یاد دەکرێتەوە.

 

تۆپبارانکردن نەبووە هۆی ترس لای نەدیمە و خێزانەکەی

نەدیمە محەمەد دانیشتوی گوندی دۆڕاجییە لە ناوچەی داوێ، هاوژینەکەی پێشـمەرگەی کوردستان بوو وەکو هەر خێزانێکی تری ئەم نیشتیمانە خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان دەبن و کۆمەڵێک هیوایان دەبێت بۆ داهاتوو، نەدیمە هیچ لەو باوەڕەدا نابێت کە ڕۆژێک توشی ئاوارەیی و دەربەدەری ببن، لە مانگی ئاداردا کاتێک نەدیمە و منداڵەکانی لە ماڵەوە دەبن سوپای عێراق دەست دەکات بەهێرش و تۆپبارانکردنی گوندەکەیان، بەڵام خەڵکەکە گوندەکە چۆڵ ناکەن، تا هاوژینەکەی نەدیمە لەگەڵ پێشمەرگەکانی تر دەڕۆنە هەڵەبجە و خەبەری ئەوە دەگەڕێننەوە کە ڕژێمی بەعس هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵەدا ترس لای خەڵکی گوندەکە و خێزانەکەی نەدیمە دروست دەبێت.

 

دوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە نەدیمە و خەڵکی گوندەکەی چیر بە هیوای ژیان نامێنن، هەواڵ بۆ خەڵکی گوندەکە دێت کە سوپای ڕژێمی بەعس لێیان نزیک بووەنەتەوە بۆیە هەمووی گوندەکە چۆڵ دەکات و تەنها نەدیمە و منداڵەکانی لە گوندەکە دەمێننەوە، کاتێک هاوژینەکەی نەدیمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خێزانەکەی ڕزگار بکات نەدیمە نکۆڵی دەکات لەوەی بڕوات، چونکە منداڵەکانی تەمەنیان کەمە.

 

مامی نەدیمە دێت بەزۆر قەناعەت بە نەدیمە دەهێنێت کە بڕۆن، هاوژینەکەی نەدیمە تراکتۆرێک دەهێنێت و هەندێک پێداویستی و منداڵەکانیان دەبەن و لە گوندەکە دەردەچن، لە نێوان شارۆچکەی دوز و کفریدا شەوێک دەمێننەوە، لەوێش هەواڵیان پێدەدرێت کە دەبێت ئە شوێنەش چۆڵ بکەن، ژن و منداڵ و پیاو هەمووی بە بێ پێڵاو و بە گریانەوە ئاوارەی ناوچەکانی لای دوبز دەبن.

 

نەدیمە و خێزانەکەی دەکەونە ناو پلانی سیخوڕەکانی سەر بە ڕژێمی بەعسەوە

لە ١٤ی نیساندا کاتێک بە بەرچاویانەوە ڕژێمی بەعس خەڵکی دەبرد و ئەنفالی دەکرد سیخورەکان بە نەدیمە و خێزانەکەی دەڵێن وەرن بۆ ماڵی ئێمە دەتانپارێزین لە ڕژێمی بەعس، بۆیە ئەمانیش بۆ پارێزگاری کردن لە ژیانی خۆیان دەڕۆن، دواتر سیخوڕەکان ڕژێمی بەعس دەهێنن و ڕەسمی نەدیمە و خێزانەکەی دەگرن و قسەیان لێوەردەگرن بە بیانووی ئەوەی ڕژێمی بەعس یارمەتیان دەدات، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ لەوێ دەمیننەوە و بە هاوژینەکەی نەدیمە و پیاوەکانی تری خێزانەکەی دەوترێت ڕژێمی بەعس بانگیان دەکات بۆ ئەوەی زەوی و خانویان پێ بدەن.

 

باوکی هاوژینەکەی نەدیمە هەست بەوە دەکات ڕژێمی بەعس پلانی بۆ داناون، ڕۆژێک کاتێک خێزانەکەی نەدیمە کۆدەبنەوە بۆ نان خواردن ڕژێمی بەعس دێت و هەموویان دەستگیر دەکات و هەر لەو کاتەدا ژن و پیاویان لەیەک جیا دەکەنەوە و ئەوەش دەبێتە دوا دیداری نەدیمە و هاوژین و کوڕێکی، ژن و منداڵەکان دەبەن بۆ قوتابخانەیەک لە دوبز و زیندانیان دەکەن وەک نەدیمە خۆی دەڵێت"کاتێک گەشتمە ئەو قوتابخانەیە ڕۆژی دوایم بە چاوی خۆم بینی"، سیخوڕەکان گاڵتە بە هەموویان دەکەن، نەدیمە بە دووگیانیەوە لە ناو زینداندا دەبێت.

 

لە شەوێکی باراناویدا نەدیمە خۆی و منداڵەکانی ڕزگار دەکات

هەر لە ناو زینداندا نەدیمە گوێی لەوە دەبێت ڕژێمی بەعس بەتەمایە ژنەکان ببات و بیفرۆشێت بە میسرییەکان، نەدیمەش بۆ پارێزگاری کردن لە منداڵەکانی دایانکاتە ژوورێکەوە و دەرگاکەی دادەخات و خۆی لەبەردەم ژوورەکەدا دادەنیشێت، ڕژێم بەشێک لە ژن و منداڵەکات دەبات و ئەنفالیان دەکات و دوای ئەوە خۆپیشاندان دەست پێدەکات و ڕژێم دەوەستێت لە بردنی ژن و منداڵەکان، شەوێکیان نزیک کاتژمێر ١٢و لە کاتی بارانی و بەخوڕ و تەقەی سوپای ڕژێمدا پیاوێک دێت یارمەتی ژنە دەسەتگیرکراوەکان دەدات و ئەفسەرانی ڕژێم سەرقاڵ دەکات بۆ ئەوەی ژن و منداڵەکان هەڵبێن، نەدیمەش هی چ کەسێکی لەگەڵدا نابێت یارمەتی خۆی و ٨ منداڵەکەی بدات.

 

دواجار نەدیمە لەگەڵ منداڵەکانی لە زیندان هەڵدێن و چەند ژنێک دەیانبەنە ماڵ و خزمەتیان دەکەن، بەڵام نەدیمە بۆ ئەنفالکردنی هاوژین و کەسوکارەی هەر دەگری، لەو کاتەشدا هەڕەشە لەسەر گیانی نەدیمە دەبێت و ناشتوانێک بڕواتە شارەکان، چونکە ناسنامەیان نییە، خەڵکی ناوچەکە حەزدەکەن یارمەتی نەدیمە بدەن، بەڵام لە ترسی ڕژێمی بەعس ناوێرن، بۆ ماوەی دوو مانگ نەدیمە هەر ڕۆژە و لە ماڵێکدا دەبێت.

 

دوای ٨ مانگ و ٩ ڕۆژ لە ئەنفال کردنی هاوژینەکەی نەدیمە منداڵێکی لە دایک دەبێت، ڕژێمی بەعس لە تکریتەوە شاڵاوێکی تر دەست پێدەکات بۆ ئەو کەسانەی کە ماون و دەستگیر نەکراون، نەدیمە لەو شاڵاوەش ڕزگاری دەبێت تا ڕژێمی بەعس لێخۆشبوونێک دەردەکات، نەدیمەش لە خانوویەکی نزیک دوبز دەمێنێتەوە، دوای دوو ساڵ دووبارە دەڕۆنە سەر نەدیمە و لەو شوێنە باری دەکەن بەرەو نێوان موسڵ و هەولێر.

 

نەدیمە خاوەنی ١٠ شەهیدە و حکومەت کەمتەرخەمە لە جێىەجێکردنی داواکاریەکانی

ئەنفال تەنها ئازار وناڕەحەتی بۆ نەدیمە بەجێهێشتووە، بە تەنها و لە دوای ئەنفال کردنی هاوژینەکەی ٩ منداڵی بەخێو کردووە، ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشێک لە ئازارەکانی نەدیمەی کەم کردەوە، دایک و باوکی هاوژینەکەی نەدیمە کە ٤ منداڵیان شەهید ببوو لە دوای ڕووخانی ڕژێم و لە چاوەڕوانی منداڵە ئەنفالکراوەکانیان کۆچی دواییان کرد، وەک نەدیمە خۆی دەڵێت " جێگەی داخە کە ئێمە ئەو هەموو شەهیدەمان دا لە پێناو ئەم حکومەتەدا و ئەویش کەسوکاری ئەنفالی پشتگوێ خستووە، ئێمە هەموو هەقێکمان هەیە لەسەر حکومەت و تا ئێستا هیچ بەرپرسێک نەهاتووە هەواڵێکم بپرسێ و بڵێ خۆت خۆش بی کە خاوەنی ١٠ شەهیدی."