"پەروەردە بە زمانی دایک و ڕزگاری گەلان یەکێکە لە بنەماکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی"

ژنانی سەردەشت پەروەردە بە زمانی دایکی خۆیان بە یەکێک لە بنەماکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەزانن و هەوڵی فێرکردن و بەکارهێنانی زمانی کوردی دەدەن.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- ژن سندوقی ڕەشی شارستانیەتن، سەرچاوەی ژیان و فەرهەنگی کۆمەڵگەیەکن، ئەو ژنانەی کە خوڵقێنەری ژیانن و کۆمەڵگەیان گەیاندە ئاستێکی بەرزی گەشەسەندن لە سەرەتای شارستانیەت و پێش پیاوسالاری، ئێستا بە پاراستنی زمانی دایکی خۆیان و کۆمەڵگە لە ئاسمیلەکردن-تواندنەوە دەپارێزن.

 

سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، کە دەرئەنجامی پەیمانی وێستفالی ساڵی ١٦٤٨ و دوای شەڕە ئایینییەکانی سی ساڵەی ئەوروپا بوو، دوای جەنگی جیهانیی یەکەم وردە وردە لە زۆربەی وڵاتاندا زاڵ بوو، کوردستان کەوتە ژێر کاریگەری ئەم سیستمە سیاسییە و لە نێوان وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش بوو، تەمەنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران لە ١٠٠ ساڵ کەمترە و پێش دامەزراندنی سیستمی پەروەردەیی کە تەنیا دان بە زمانی دەوڵەتدا دەنێت، هیچ مەترسییەکی جددی لەسەر زمانی دایک نەبووە؛ بەڵام لەگەڵ تەرخانکردنی هەموو سەرچاوەکان بۆ زمانی فارسی، مەیدان بۆ زمانەکانی دیکە بەرتەسک کرایەوە و مەترسی ئاسمیلەکردنی گەلانی دیکە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

 

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ژنانی شاری سەردەشت باس لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان دەکەن.

 

"مەترسی نەمان لەسەر زمانی کوردی هەیە"

ئەڤین مەعروفی، خوێندکارە و جگە لە خوێندنەکەی وانەی زمانی کوردی دەڵێتەوە، باسی لە گرنگی زمانی کوردی کرد و وتی: ئەگەر زمانی کوردی نەخوێندرێت و پەروەردە بە زمانی کوردی نەبێت، وردە وردە بوونی زمانەکە لەدەست دەچێت، زمانی کوردی نەک هەر لە گفتوگۆدا، بەڵکو دەبێت وەک زمانی زانستیش بەکاربهێنرێت و بابەتی زانستیش بەم زمانە بنووسرێت، ببێتە زمانێکی فەرمی و ئیداری، ئەمەش لەپاڵ مافە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی تردا دەبێت چونکە یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی ئێمە، ئەگەر زمانی کوردی لە هەموو ڕەهەندەکاندا بەکارنەهێنرێت و تەنیا زمانی شیعر و ئەدەب بێت، ئەوا مەترسی نەمانی لەسەرە.

 

"خۆم و منداڵەکانم فێری زمانی کوردی کرد"

نازەنین شێخی تەمەنی ٣٤ ساڵە، سەبارەت بە فێربوونی زمانی کوردی بە تەنیا و فێرکردنی منداڵەکانی دەڵێت: تا دەرچوونم بەردەوام بووم لە خوێندن، لەم ساڵانەدا هەمیشە کێشەم هەبوو لە چات و خوێندنەوە بە زمانی کوردی، ماوەی ساڵێکە لە خولێکدا بە ئۆنلاین ناوی خۆم تۆمارکردووە و فێری خوێندنەوە و نووسین بووم بە زمانی کوردی، لەم یەک ساڵەدا لە ماڵەوە زمانی کوردیم فێری کچ و کوڕەکەم کرد، هەفتەی ڕابردوو کوڕەکەم چووە کتێبخانە و کتێبی "چێشتی مجێور"ی دەستکەوت و ئێستا خەریکی خوێندنەوەیە.

 

"دوای زانکۆ دەستم بە وتنەوەی وانەی کوردی کرد"

سروە بایزیدی، مامۆستای زمانی کوردییە، سەبارەت بە وەرگرتنی خوێندنی زمانی کوردی دەڵێت: پرۆسەی زانکۆم ئەدەبی فارسی بوو، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن بە دوای کارێکدا نەگەڕام، هەر لە منداڵییەوە ڕۆمان و شیعری کوردیمان لە ماڵەوە هەبوو و تا ڕادەیەکی زۆر خۆم فێری زمانی کوردی کرد، دوای زانکۆ چەند کۆرسێکی زمانی کوردیم وەرگرت، ئێستاش چ لە قوتابخانەکان و چ لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە وانەی کوردی دەڵێمەوە، هەرچەندە لەم ماوەیەدا و بەهاری ڕابردوو بەهۆی چیرۆکێکەوە هەندێک کێشەیان بۆ دروستکردم و بانگهێشتی فەرمانگەی زانیاری کرام و هەڕەشەیان لێکردم، بەڵام هێشتا کارەکەمم خۆشدەوێت و بە ئەرکی خۆم دەزانم بەرامبەر کوردستان و بەردەوام دەبم، تەنانەت بیر لەوە دەکەمەوە پاکێجی ڕاهێنانەکە ئامادە بکەم و لە ئینتەرنێتدا بڵاوی بکەمەوە.

 

"بنەمایەکی شۆڕش مافی گەلانە"

ڤیان حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی دانیشتووی شاری سەردەشت، لە ڕۆژی زمانی دایکدا وتی: ئامانجمان تەنیا "فێرکردنی زمانی دایک" نییە بەڵکو "پەروەردە بە زمانی دایک"یشە، یەکێک لە بنەماکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پاراستنی زمان و ڕزگارکردنی هەموو گەلانە، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین بۆ ڕزگارکردنی ژنان، پێویستە وەک کوردێک مافە نەتەوەییەکانمان بەدیبهێنین، دەبێت بۆ هەردووکیان خەبات بکەین.