مینە چێنراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق مەترسین بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان
دوای ٣٥ ساڵ کاریگەری ئەم شەڕە درێژەی هەیە و تاوەکو ئیستا کاریگەری ئەم شەڕە بەسەر هاوڵاتیەوە ماوە، ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی بەرکەوتوانی مین نییە، بەڵام سەدان کەس هەن کە دەبنە قوربانی مینە چێنراوەکان.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- شەڕی ئێران-عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ دەستیپێكرد و لە ساڵی ١٩٨٨ كۆتاییهات، کە بە درێژخایانترین شەڕی سەدەی بیستەم دادەنرێت لە دوای شەڕی ڤێتنام.
ئەم شەڕە لە ئێران بەناوی بەرگری پیرۆز (دیفاع موقەدەس) و لە عێراق بەناوی قادسیەی سەدام و شەڕی یەكەمی كەنداو دەناسرێت، لە ئەنجامدا یەك ملیۆن مرۆڤ بوون بە قوربانی و بە ملیۆنان زیانی مادی و مەعنەوی لێكەوتەوە، کە تاکوو ئێستاش زەرەر و زیانەکانی بۆ مرۆڤایەتی درێژەی هەیە و بەرکەوتەکانی بۆردومان و بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، مانەوەی ئاسەوار و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان و بۆمبە چێنراوەکانیش لە ناوچە سنورییەکاندا مەترسین لەسەر ژیانی هەزاران کەس.
سنورەکانی عێراق و ئێران پێویستە پاک بکرێنەوە
دوای ٣٥ ساڵ کاریگەری ئەم شەڕە درێژەی هەیە و تاوەکو ئیستا کاریگەری ئەم شەڕە بەسەر هاوڵاتیەوە ماوە، ئەگەرچی ئامارێکی فەرمی بەرکەوتوانی مین نییە، بەڵام سەدان کەس هەن کە دەبنە قوربانی مینە چێنراوەکان.
کوێستان ئەکرم، سەرۆکی شارەوانی شاری هەڵەبجەیە و وەک هاوڵاتییەکی شارەکە باسی لەوەکرد، هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە سنوری نێوان عێراق ئێران کاریگەری شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لەسەرە و سەدان کەس بەهۆی مینە چێنراوەکانەوە ژیانیان بووەتە قوربانی، وتی: مینە چێنراوەکان بەتایبەت مەترسین بۆ سەر ژیانی ئەو گەنجانەی ئێستا کۆڵبەری دەکەن یان بە مەبەستی دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە چیاکان دەکەن بۆ هێنانی گژ و گیای بەهارە، وەک ئەو دوو گەنجەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بوونە قوربانی، زۆر گرنگە حکومەت کار بکات لەسەر پاک کردنەوەی سنورەکان لەبەر پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
پێویستە ڕێکخراوەکانی مین هەڵگرتنەوە نوسینگەکانیان بگەڕێننەوە سنوری پارێزگای هەڵەبجە
کوێستان ئەکرەم باسی لەوەشکرد، کە لە دوای شەڕی ناوخۆڕێکخراوەکانی مین هەڵگرتنەوە سنوری پارێزگای هەڵەبجەیان بەجێشتووە و پاکیان نەکردووەتەوە، بۆیە داواکارە کە لایەنی پەیوەندیدار میکانیزمی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین بەڕێوەببەن، چونکە دوای ٣٥ ساڵە هێشتا هاوڵاتی دەبێتە قوربانی دەستی شەڕی ئێران و عێراق.
وەزیری ژینگەی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا بەدواداچوون دەکات
قوربانیەکانی مین ساڵ بە ساڵ لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان زیاد دەبێت و ئەو هەوڵانەش تا ئیستا دراون بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە تاکە کەسی بووە، چرۆ حەمە شەریف، ئەندام پەرلەمانی عێراق تایبەت بە نوژنها وتی: پێش ئەوەی کۆتا قوربانی مین ڕووبدات، پێش دوو مانگ داوامان لە وەزیری ژینگەی عێراق کردووە کە بەدواداچوون بۆ سەرجەم سنورەکان بکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر مین هەیە و پاک نەکراوەتەوە، وەها بڕیارە بەدواداچوون بکرێت بۆ پاککردنەوەی ناوچە مین ڕێژکراوەکان.