ژنانی تونس ئازارەکانی ڕۆژانەیان لە هاوینێکی بێ ئاو و کارەبا دەگێڕنەوە

ژنانی تونس دەڵێن: پچڕانی ئاو و کارەبا لە کاتی شەپۆلەکانی گەرماوە هاوینەکەی کردووە بە ئازارێکی ڕۆژانە، داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پەیڕەوکردنی پلانی پێشوەختە دەکەن کە خێزانەکان، بەتایبەت ژنان، بەتەمەنەکان و نەخۆشەکان بپارێزێت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس ـ شەپۆلە توندەکانی گەرما کە تونس لەم هاوینەدا بەخۆیەوە بینی، تەنها سەختی نەبوو کە ڕووبەڕووی خێزانەکان بووەوە، بەڵکو بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوکات بوو لەگەڵ پچڕانی دووبارەبووەوەی ئاو و کارەبا لە ژمارەیەک ناوچەدا، ئەمەش ڕۆژەکانی هاوینی کردە ئەزموونێکی ڕۆژانەی سەخت، بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی چاودێریکردنی خێزان، بەڕێکردنی کاروباری ماڵ و دابینکردن پێویستیەکان لە ئەستۆ دەگرن.

 

لە پارێزگای سیدی بوزید، بەتایبەتی لە گوندەکانی ڕەقاب و جەلمە، بەردەوامی پچڕانی کارەبا کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر و ڕۆژێک لە هەندێک ناوچەدا دەخایەنێت، بە بەراورد لەگەڵ پچڕانە کورتەکان کە لە ساڵانی پێشوودا لە کاتژمێرێک زیاتر نەبووە، وایکردووە زۆرێک لە خێزانەکان کێشەیان هەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پاراستنی خۆراک و کارپێکردنی ئامێرەکانی ساردکەرەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی بەرچاو بۆ نەخۆش و بەتەمەنەکان و ئەو کەسانە دروست دەکات کە پشت بە ئامێرە پزیشکییە کارەباییەکان دەبەستن، جگە لەوەش، بڕینی ئاو کە ئێستا تا سێ ڕۆژی دە خایێنێت، کە پێشتر نیو ڕۆژی پێدەچوو، ئەموش کاریگەری زۆری لەسەر ژیانیان هەبووە.

 

هاوینێکی سەخت و پچڕانی دووبارەبووەوە

حەلیمە فالحی ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوینی ئێستا یەکێک بووە لە سەختترین ئەو سەردەمانەی کە ژیاوە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هاوکات بوو لەگەڵ پچڕانی درێژخایەنی ئاو و کارەبا وتی: ئێمە سەردەمێکی سەخت و زۆر دژوارمان بەڕێکرد، کە جیاکرایەوە بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستی نائاسایی، و حکومەت لە بری ئەوەی بارودۆخەکەمان بۆ ئاسان بکات، ئازارەکانمانی زیاتر کرد.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە دەستڕاگەیشتن بە ئاو دەگۆڕێت بۆ پێشبڕکێیەک بەرامبەر بەکات، چونکە خێزانەکان لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەن تانکی و دەفرەکان پڕبکەنەوە و جلوبەرگ بشۆن و خۆیان بشۆن و پێداویستییەکانی ئاژەڵان مسۆگەر بکەن، پێش ئەوەی ئاوەکە دووبارە ببڕدرێتەوە.

 

کاریگەرییەکانی کەمئاوی تەنها ئەندامانی خێزان ناگرێتەوە، وتی: ئەو ژمارەیەک ئاژەڵ بەخێو دەکات کە ئەوانیش بەهۆی کەمئاوی کاریگەرییان لەسەر دروستبووە، ئەمەش خێزانەکەی دەخاتە بەردەم هاوکێشەیەکی سەخت سەبارەت بە دابەشکردنی بڕە سنووردارەکان لە نێوان پێداویستیی مرۆڤ و ئاژەڵدا.

 

جەختی کەوەشکردەوە، کە خێزانەکان ناچاربوون ئاوی دەبە بکڕن بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانیان، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخیان فشارێکی خستە سەر بودجەکەیان، لەو کاتەی خەرجییەکانی ڕۆژانە لە زیادبووندان و توانای بەرگەگرتنی تێچووی زیاتر کەمدەبێتەوە، پرسیار دەکات کە چۆن خێزانەکان دەبنە دابینکەری ئەو پارەیەی پێویستە بۆ کڕینی بڕێکی زۆر لە ئاو، لە کاتێکدا لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی جیاوازی تێچووی ژیان دەبنەوە؟

 

نەخۆش و بەتەمەنەکان لە بازنەی مەترسیدا

حەلیمە فالحی ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێکەوتەکانی پچڕانی کارەبا تەنها لە لەکارکەوتنی ئامێرە ناوخۆییەکان تێدەپەڕێنێت، تا دەگاتە حاڵەتە تەندروستییەکان کە تیایاندا کارەبا پێویستییەکی ژیانییە وتی: پچڕانی کارەبا و ئاو چارەسەر نییە، نەخۆش هەن کە پشت بە ئامێرە پزیشکییەکان دەبەستن، کەسانی تریش هەن کە پێویستیان بە ئامێری ئۆکسجین هەیە بۆ هەناسەدان، هەروەها بیستویەتی سەبارەت بە هەندێک حاڵەتی گیانلەدەستدان کە خاوەنەکانیان پەیوەندییان بە خراپبوونی دۆخی تەندروستییان و پچڕانی دووبارە و ڕایگەیەنراوی کارەباوە هەبووە.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە گەیشتنی ئاو دەبێتە پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا، کە تیایدا خێزانەکان لە هەمان کاتدا هەوڵی پڕکردنەوەی تانک و دەفرەکان، شتنی جلوبەرگ، خۆشتن، دابینکردنی پێداویستیی ئاژەڵەکان دەدەن، پێش ئەوەی ئاوەکە دووبارە بپچڕێتەوە، هەروەها ژنان بڕێکی زۆر لەم قورسییانە هەڵدەگرن، چونکە زۆرجار ئەوان بەرپرسن لە ڕێکخستنی کاروباری ماڵ و دابینکردنی پێداویستیی ئەندامانی خێزان، ئەوەش وادوکات کە پچڕانی ئاو و کارەبا بارگرانییەکی زیاتر بێت کە دەکەوێتە سەر شانیان، گەرما و پچڕانەکان کاریگەرییان لەسەر تەندروستیشی هەبووە وتی: توشی توندی هەناسەدان بووم و لە سەختی فشار و بیرکردنەوەوە ناتوانم قسە بکەم.

 

حەلیمە فالحی پرسیار دەکات سەبارەت بە هۆکارەکانی نەبوونی ئامادەکاریی پێشوەختە، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەکان سەبارەت بە شەپۆلەکانی گەرما، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەندێک بنکەی تەندروستی، لەوانەش بەشەکانی منداڵبوون لە هەندێک نەخۆشخانەدا، بەشییان لە پچڕانی ئاو و کارەبایان بەخۆیانەوە بینی، کە ئەوەش مەترسییەکان لەسەر نەخۆش و کارمەندانی پزیشکی زیاتر دەکات.

سێ ڕۆژ بێ ئاو و کارەبا

فاتمە خەسخوسی دووپاتیکردەوە، کە دانیشتوانی ناوچەکە هاوینی پێشتریان بە هەموو ئەو بارودۆخانەدا نەژیابوو،  شەپۆلەکانی گەرما هاوکات بوون لەگەڵ پچڕانی درێژخایەنی ئاو و کارەبا کە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ سێ ڕۆژی بەدوای یەکدا درێژبووەوە، هەروەها زیانەکان تەنها خۆراکی نەگرتەوە، گەڕانەوەی کارەبا دوای هەندێک لە پچڕانەکان جارجارە هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی لەناکاو لە هێزی کارەبادا، کە ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی چەند ئامێرێک لەناو ماڵدا.

 

سەبارەت بە پچڕانی ئاو، ڕوونیکردەوە، کە هەندێک جار بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژدەبێتەوە، ئەوەش خێزانەکانی ناچارکرد کە پشت بە ئاوی دەبە ببەستن، بەڵام دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکان پێویستی بە بڕێکی زۆر هەیە، بەتایبەت بۆ خواردنەوە، چێشتلێنان، شتن و دەستنوێژگرتن.

 

فاتمە خەسخوسیئاماژەی بەوەشکرد، کە بەتەمەنەکان لەو توێژانە بوون کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دروستبوو، چونکە لەم بارودۆخانەدا پێویستیان بە پشوودان، ساردکەرەوە و ئاو هەیە بە شێوەیەکی بەردەوام، بەڵام خۆیان لەگەڵ گەرما و پچڕانی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە هەمان کاتدا بینییەوە.

نەبوونی پلان قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە

لە خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندەکانی قەیرانەکەدا، سەنا عەماری، توێژەر لە زانستی کۆمەڵایەتی و پسپۆڕ لە کێشەکانی گەشەپێدان، ژینگە و کار ڕوونیکردەوە، کە پچڕانی دووبارەبووەوەی کارەبا دەستی کردووە بە دەستکاریکردنی وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، لەو کاتەی کارەبا بووە بە خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی کە چەندین کەرتی گرنگ پێوەی بەستراونەتەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە قەیرانەکە قووڵتر دەبێتەوە کاتێک پچڕانەکان هاوکات دەبن لەگەڵ بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی لە پلەکانی گەرمادا، کاریگەرییەکانی بە یەکسانی بەسەر دانیشتووانیشدا دابەش نابن، چونکە بەتەمەنەکان، نەخۆشەکان، منداڵان و ژنان لە ناو ماڵەکاندا لەو توێژانەن کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت.

 

پێیوایە کە پچڕانەکان تەنها کاریگەرییان لەسەر خێزانەکان نییە، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ سەر کرێکاران، دامەزراوەکان و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، چونکە وەستانی کارەبا دەبێتە هۆی تێکدانی کارەکان و لەدەستدانی کاتژمێرەکانی کار و داهات، سەڕەرای لەکارکەوتنی هەندێک دامەزراوە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

 

قەیرانەکە پرسیار دەوروژێنێت، سەبارەت بە قەبارەی ئامادەیی ژێرخان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی هۆشدارییە زانستییەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دووبارەبووەوەی شەپۆلەکانی گەرما و پەستانی زیادبوو لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و تۆڕەکانی کارەبا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاریگەرییەکانی قەیرانەکە لە کەرتی ئابووری، کشتوکاڵی یان خزمەتگوزارییەوە ناوەستن، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ درێژدەبنەوە بۆ تەندروستی گشتی، بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پشت بە ئامێری ئۆکسجین یان پێداویستییە پزیشکییەکانی تر دەبەستن کە پێویستیان بە سەرچاوەیەکی بەردەوامی کارەبا هەیە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە نەبوونی پەیوەندییەکی ڕوون خێزانەکان لە دۆخێکی چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێدا دەهێڵێتەوە، چونکە ئەوان نازانن کارەبا یان ئاو کەی دەپچڕێت و کەی دەگەڕێتەوە، ئەمەش ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانە قورس دەکات و فشارە دەروونییەکان دووهێندە دەکات، دابینکردنی زانیاری بۆ هاوڵاتییان جێگرەوەیەک نییە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکە، بەڵکو ڕوشکارێکی بنەڕەتییە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە دامەزراوە زیندووەکان و توێژە لاوازەکانەوە هەبێت.

 

پێویستی بە چارەسەری درێژخایەن

سەنا عەماری وتی: بۆ داڕشتنی پلانێکی حکومی یەکگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە پەیوەندیدارەکان بە گەرما، ئاو و کارەباوە، لەگەڵ پێدانی بایەخێکی تایبەت بە ناوچە گوندنشین و ناوخۆییەکان، بەهۆی لاوازیی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە ژمارەیەک لەم ناوچانەدا، جەختی لەسەر پێویستیی وەبەرهێنان لە ژێرخان و بەهێزکردنی تواناکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، مسۆگەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو، باشترکردنی تۆڕەکانی دابەشکردن، پاراستنی دامەزراوە سەرەکییەکان کردەوە، لە سەرووشیانەوە نەخۆشخانەکان و ناوەندە تەندروستییەکان.

 

هەروەها داوای بەشداریکردنی پسپۆڕان و پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا، وزە، ژینگە و ئاو دەکات لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چیتر پرسێکی داهاتوو نییە، بەڵکو بووەتە ئاڵەنگاریەکی هەبوو کە پێویستی بە چارەسەری پراکتیکی و بەردەوام هەیە، وتی: قەیرانی ئێستا تەنها کارەبا و ئاو ناگرێتەوە، بەڵکو ئاماژە بە کاریگەریی خزمەتگوزارییەکانی تر دەکات، لەوانەش ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، ئەوەش ترس سەبارەت بە بەردەوامبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان دەوروژێنێت، بەتایبەت لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا.

 

هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامبوونی لاوازیی ئامادەکارییەکان و ژێرخان لەوانەیە ببێتە هۆی دووبارەبووەوەی قەیرانەکان و فراوانکردنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستییەکانیان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چارەسەر پێویستی بە گواستنەوەیە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە دوای ڕوودانیان بۆ بونیادنانی سیستەمێکی پێشوەختە کە لەسەر پلان، وەبەرهێنان و ئامادەیی بوەستێت.

 

خێزانەکان لە خەباتدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پچڕانەکان، ژنان بارگرانییەکی بەرچاویان لە ئەستۆدایە لە بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانە لەم بارودۆخە ناوازانەدا، ئەم شایەتحاڵانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی چارەسەری بەردەوام کە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا مسۆگەر بکات و گروپە هەرە لاوازەکان لە کاردانەوەی قەیرانەکان بپارێزێت کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.