"دۆزی ژنان پرسێکە گرێدراوی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەیە"

کنێرعەبدوڵا، نووسەر و ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، دەڵێت: ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان ئەمانەوێت داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەین، ئەو ڕاستییە بە کۆمەڵگە بگەیەنین کە دۆزی ژن پەیوەستە بە هەموو بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگەوە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- پرسی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا تەنها ئەرک و بەرپرسیاریەتی خودی ڕێکخراوەکانی ژنان نییە، زۆرکات کە کێشەی ژنان دێتە پێشەوە، وەک کوشتنی ژنان، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و هەراسانکردنی ژنان، لە ئاستی گرژی کۆمەڵگەدا لۆمەی ڕێکخراوەکانی ژنان دەکرێت، کە گوایە بە تەواوی کار لەسەر مافەکانی ژنان ناکەن، لەبەرئەوە باسکردنی ئەرکەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان گرنگە، دۆزی ژن گرێدراوی کۆمەڵگەیە، بۆ چارەسەی کێشەکانی دەستەبەربوونی مافەکانی ژنان، دەبێت هەموو کۆمەڵگە هۆشیاری زیاتریان هەبێت و بە ئاگاییەوە بڕواننە بابەتی ژن و بە کێشەی هەمووان بزاندرێت، بۆ ئەوەی چیتر ژنان نەکوژرێن و نەسووتێندرێن.

 

"هەندێک پێیان وایە پرسی ژن تەنها پەیوەندی بە خودی ژنەوە هەیە"

کنێر عەبدوڵا، نووسەر و ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، سەبارەت بە دۆزی ژن ئاماژەی بەوە کرد، تەنها پرسێكی ڕێکخراوەکانی ژنان نییە کە ئاڕاستە دەکرێن، بەڵکو گرێدراوی کۆمەڵگەشە وتیشی: هەمیشە کاتێک پرسی ژن دێتە ئاراوە لە کۆمەڵگە بەتایبەت لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا دوو بیڕوڕای پێچەوانەی هەیە، هەندێک پێیوایە پرسی ژن تەنها پەیوەندی بە خودی ژنانەوە هەیە، کە پەیوەستە بە کارکردنی ڕێخکراوەکانی ژنانەوە، هەندێکی تر پێچەوانەی ئەو بیروڕایانەیە، پێیوایە پرسی ژن بابەتێکی کۆمەڵگەییە، بەڵام لە ڕاستیدا پرسی ژن هەموو ئەو بابەتانەیە کە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە و گرێدراوی خۆی و ڕەگەزی بەرامبەر و خێزانەکەیەتی، لە هەمان کاتدا گرێدراوی هەموو کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە، لەبەرئەوە کارکردن لەسەر پرسی ژن پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە هەیە، واتا لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی و سەرجەم بوارەکاندا، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنان دەمانەوێت داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەین، ئەو ڕاستییە بە کۆمەڵگە بگەیەنین کە دۆزی ژن پەیوەستە بە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێك ژن لە بەرەوپێشچووندا بێت، کۆمەڵگە ئاڕاستە و ڕێڕەوی گەشەکردن بەخۆیەوە دەبینێت، هەر کاتێکیش ژن لە دواکەوتندا بێت، بێگومان لە هەموو ڕووەکانی ترەوە کاریگەری دواکەوتنی کۆمەڵگە بوونی هەیە، زۆرجار بابەتی کارکردن دێتە پێشەوە، ئەگەر باباتێکی سەرکەوتن یاخود جێدەستی ژنان بەباشی دەرکەوتبێت، ئەوکاتە ئاڕاستەکەی کە کارەکتەری ئەو سەرکەوتنە ژنە، دەیگۆڕن بۆ کەسانی تری خێزانەکان، بەڵام ئەگەر هەر لەناو خێزانەکانیان منداڵێک کێشەیەک دروست بکات یاخود دەروونی ناجێگیر بێت، یاخود لاسارییەک ئەنجام بدات، دەیگەڕێنەوە بۆ دایکی و دایک تاوانبار دەکرێت، ئەمە بۆچوونێکە پەیوەندی بە ئەقڵیەت و ڕۆشنبیری خودی تاکەکان و کۆمەڵگەوە هەیە.

 

"لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کێشەی ژنان ڕێکخراوەکان دەبێت کار لەسەر گۆڕانکارییەکان بکەن"

کنێر عەبدوڵا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، ڕێکخراوەکانی ژنان ڕووبەڕووی کێشەکان دەکرێنەوە، لە هەر کێشەیەکی ژناندا ڕێکخراوەکانی ژنان لۆمە دەکرێن، لەبەرئەوە پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان کار لەسەر گۆڕانگاری یاساکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، پاراستنی ژنان و هۆشیارکردنەوی کۆمەڵگە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، هەروەها فشار خستنە سەر دەسەڵات بۆ بەجێهێنانی گۆڕانگارییەکان بۆ ئازادی و مافەکانی ژنان ئەرکێکی تری ڕێکخراوەکانە، وتیشی: بە گشتی کارکردن بۆ پرسی ژن بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەیە  وگرێدراوی بواری یاسایی کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەو هۆکارانەیە دۆزی ژن بازنەیەکی پێکەوە گرێدراوە لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان، بۆ گۆڕینی یاساکان پێویستە ڕێکخراوەکان پێشنیار بکەن بۆ پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە یاسا پێشکەش بکەن کە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە ئەو یاسایانە پەسەند بکات، بە دواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی بکات، هەروەها پێویستە دامودەزگاکانی حکومەت بێنە سەر خەت، بەم شێوەیە تۆڕێکی گرێدراو دێتە کایەوە، بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی ژنان.

 

"بەرژەوەندی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ژن دەکەنە کۆیلەی خۆیان"

کنێر عەبدوڵا، سەبارەت بە لۆمەکردنی رێکخراوەکانی ژنان وتی: لە ئێستادا ڕێکخراوەکانی ژنان بوونیان هەیە وەک قەوارە، بەڵام بە سیستماتیک تا ئێستا کاری پێناکرێت وەک پێویست، ئەوهۆکارەیە کۆمەڵگە تێڕوانینی جیاوازی هەیە بۆ ڕێخکراوەکانی ژنان، دۆزی ژن لە بەرژەوەندی ئەقڵیەتی تەسکدایە، بەردەوام ژنیان کردووەتە کۆیلەی خۆیان، کۆمەڵگە باوەڕیان بە پرسی ژن نییە کە وەک مرۆڤ سەیری بکات، ئەمە پۆلێنێکە بەو جۆرە لە ژن دەڕوانن، ناتواندرێت کۆمەڵگە بە ئاسانی هۆشیار بکرێتەوەو پیاوسالاری کەم بکرێتەوە، پۆلێنێکی ترهەیە بە ڕاستی بڕیار لەسەر ڕێکخراوەکانی ژنان دەدات لە نزیکەوە ڕەخنە دەگرن، بە بیروبۆچوونی من زۆر گرنگە ئەو کەسانەی کە ڕەخنە دەگرن لە ڕێکخراوەکانی ژنان، بزانن کاری ڕێکخراوەکان لەچیدا خۆی دەبینێتەوە و کار بۆچی دەکەن، لە نزیکەوە تێکەڵ بن و شارەزایان هەبێت لە ناو ڕێکخراوەکاندا، بە دواداچوونیان هەبێ بۆ کارەکانیان، ئەوکات دەتواندرێت تێبینی و بۆچوونەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بە بێ هیچ لایەنگریەک و دەمارگیری بڕیار بدەن.

 

لە کۆتاییدا کنێر عەبدوڵا، بە گرنگی زانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پەروەردەی کەسێتی، بەهێز و هۆشیاری خۆی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت پێشەنگایەتی خۆی بکات و بە دیدێکی ڕۆشنبیرانە خوێندنەوەی هەبێت بۆ خۆی و کۆمەڵگەکەی لە کایە جیاوازەکاندا کاری لەسەر بکات.