نەبوونی ئاوی خواردنەوە ژیانی ژنانی ئاوارە لە کامپەکان سەختتر دەکات

سەدان کەس لە کامپی ئیدلب لە ئاوی پاک بێبەش بوون، بەهۆی ئەوەی دانیشتووانەکەیان پەنایان بۆ شێوازی توندی بەشەخۆراکی بردووە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکان و نەخۆشییەکانی پێست.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- ژنانی ئاوارە لە شاری ئیدلب لە باکووری سووریا بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن و لە زۆربەی کامپەکاندا لەناو دۆخی هەژارییەکی تونددان، ئاوی خاوێن و خواردنەوە لە ٪٤٨ی کامپەکانی ئاوارەبووانی ئیدلب لەدەستچوون، هەروەها ژمارەی ئەو کامپانەی کە خزمەتگوزاری ئاویان نییە گەیشتووەتە زیاتر لە ٨١٩ چادر، پێشبینیش دەکرێت ژمارەیان لە ئەنجامی وەستانی دەرهێنانی ئاو زیاد ببێت، ئەمەش ژنانی ئاوارە دەخاتە ناو راستینەیەکی تاڵی ژیان کە بەڕێوەبردنی کارەکانی ڕۆژانەیان سەخت دەکات.

 

سەبریە شێخ خەلیل، تەمەن ٤١ ساڵ، ئاوارەیەکی کامپەکانی کفری یەحمولە لە باکووری ئیدلب، وتی: ئەوەی زۆرترین ترسمان لێی هەبوو، ڕوویدا، زۆرێک لە کامپەکان لە ئاوی بێبەرامبەر کە گونجاو بوو بۆ خواردنی مرۆڤ بێبەش بوون، لەگەڵ نەبوونی ئاوی پێویست نازانین چۆن کارەکانی ڕۆژانە جێبەجێ بکەین، ئێستاش لەسەر شانی خۆمان پارەی ئاو دەدەین، لەکاتێکدا داهاتێکی جێگیر نییە بەهۆی نەبوونی هەلی کارەوە، کە هاوژینەکەشی بە دەست چەندین نەخۆشی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، لەوانە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و شەکرە.

 

مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە

یاسمین کروان ٣٩ ساڵ و ئاوارەی کامپی قاحە لە باکووری ئیدلب، باسی لەوەکرد، کە بەهۆی پڕنەکردنەوەی تەنکی ئاوەکانیان لە ئاوی پاک بێبەش بوون و بەهۆی خراپی دۆخی داراییانەوە ناچارە ئەو بەشە خۆراکەی کە مانگانە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەریدەگرێت، بفرۆشێت تا بتوانێت ئاوی پاک بکڕێت، وتیشی: دەبێت ئاوی کەمتر بەکاربهێنین بۆ ئەوەی بەشمان بکات، بەڵام ترسم هەیە ئەمە کاریگەری لەسەر تەندروستی منداڵەکانم هەبێت، بەتایبەت کە نیشانەی نەخۆشییەکانی پێستیان تیادا دەرکەوتووە.

 

یوسرا نەداف، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان ڕایدەگەیەنێت، دانیشتووانی کامپەکە ئەو شتە گرانبەهایەیان نییە کە دەستیان بە ئاوی پاک بگات، وەک ئاوی خواردنەوە یان ئەو ئاوەی کە پێویستیانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان، ئەمەش وایکردووە تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر ببن، باوترین ئەو نەخۆشیانەی کە لە ئەنجامی کەمی ئاوی پاکەوە دروست دەبن، ئەو نەخۆشیانەن کە کاریگەرییان لەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە و هەندێکیان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان دادەنرێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە بەردەستبوونی ئاوی پاک لە کاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی گونجاو بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە کامپەکاندا نیشتەجێن و بارودۆخی لاوازیان هەیە وەک ژنان و منداڵان، مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و پێویستییەکە بۆ ژیان و تەندروستی.