بارودۆخی شەهبا ئاماژە بە کارەساتێکی ڕاستەقینە دەکات لەژێر گەمارۆدا

بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاڤرین لە شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری دەدات لە دەرئەنجامی کارەساتبار ئەگەر حکومەتی شام بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی ناوچەکە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- ئەو گەمارۆیەی بەسەر ئاوارەکانی عەفریندا سەپێندرا لە شەهبای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بووە هۆی کەمبوونەوەی کەرەستەی ژیان و کێشەی زۆری بۆ خەڵکەکە دروستکردووە و دیارترین کەرت کە بەهۆی ئەوەوە زیانی پێگەیشتووە کەرتی تەندروستییە.

 

کەرتی تەندروستی یەکێکە لە کەرتە هەستیارەکان، چونکە پەیوەندی بە ڕزگارکردنی ژیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک هەیە، بەڵام ڕووبەڕووی مەترسی نەبوونی خزمەتگوزاری دەبێتەوە بەهۆی ئەو بارودۆخە تراژیدیایەی کە خەڵکەکە لە ناوچەی شەهبا تێیدا دەژین.

 

"سەپاندنی گەمارۆ بۆ لەناوبردنی بەرخۆدانە"

ئارین عەلی، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاڤرین لە شەهبای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکرد، بارودۆخی مرۆیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە شەهبا خراپتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ئاوارەبوونی زۆری خەڵکی عەفرین کە چوونە ناوچەکە، لەو گەمارۆیەی کە لەلایەن حکومەتی شامەوە بەسەریدا سەپێندرا، هەروەها سیاسەتی نکۆڵیکردن و کۆتاییهێنان بە ویستی خەڵک و بەرخۆدانی خەڵک لە شەهبا، وتیشی: شەهبا بە قەیرانێکی خنکێنەر دەناڵێنێت لە ئەنجامی هێرشە بەردەوام و چڕەکانی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر ناوچەکە، بەهۆی ئەو سیاسەتە برسێتییەی کە لەلایەن حکومەتی شامەوە جێبەجێکراوە بە سەپاندنی گەمارۆو دانانی بەربەست لەنێوان ناوچەکانی حەلەب و شەهبا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی شام ئامانجی سەپاندنی گەمارۆیە بەسەر ناوچەکەدا بۆ لەناوبردنی ئەو بەرخۆدانە مێژووییەی کە ئاوارەکان نیشانی دەدەن سەرەڕای ئەو ئازارانەی کە تێیدا ژیاون و دەژین.

 

"ئەگەر گەمارۆ بەردەوام بێت کارەساتی مرۆیی ڕوودەدات"

سەبارەت بە کاریگەری گەمارۆکان لەسەر کەرتی تەندروستی، ئارین عەلی وتی: گەمارۆی حکومەتی شام بۆ سەر شەهبا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەرتی تەندروستی هەیە، چونکە دابینکردنی پێداویستییە پزیشکیەکان، بەتایبەتی دەرمان، و ڕێگریکردن لە چوونە ناو ناوچەکە قەیرانەکە خراپتر دەکات و دەبێتە هۆی وەستانی مۆلیدەکان لە نەخۆشخانەی ئاڤرین و بەم شێوەیە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن وەستاون.

 

هۆشداریی دا کە ئەو گەمارۆیە دەبێتە هۆی قەیرانێکی ڕاستەقینە لە کەرتی تەندروستیداو وتی: ئەگەر گەمارۆکان لەسەر پارێزگاکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی دەبینەوە، هەرچەندە نەخۆشخانەکە پشکنینی بێبەرامبەر پێشکەش دەکات، بەڵام کێشە هەیە لە دابینکردنی دەرمان لە دەرمانخانەکانی نەخۆشخانە، بۆیە تەنانەت ناتوانن دەرمان لە دەرمانخانەکان بکڕن، چونکە بێگومان ئەگەر هەبن گرانن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشخانەکە بەهۆی کەمی کارمەندانی پزیشکیەوە دەناڵێنێت و هەرێمەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕاستەقینە دەبێتەوە، وتی: دەتوانین بڵێین ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ڕاگرتنی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکان و خاڵە پزیشکیەکان، بۆیە ناتوانین هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ خەڵک دابین بکەین.

 

ئارین عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بەو بارودۆخە تراژیدیایەی کە خەڵکی شەهبا ئەزموونی کردووە، وتی: سەرەڕای هەموو کردارەکان، خەڵک هێشتا بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەو داوای ئەوە دەکەن کە ئەو کردارانە سنووردار بکرێن و هەموو دەروازە مرۆییەکان بەڕووی خەڵکدا بکرێنەوە، بارودۆخەکە کارەساتێکی ڕاستەقینەیە ئەگەر دەروازەکان لەلایەن حکومەتی شامەوە نەکرێنەوە.